رووداو دیجیتاڵ
هەرێمی کوردستان خاوەن پاشخانێکی دەوڵەمەندی شوێنەوارییە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 6 هەزار و 500 پێگەی شوێنەواری تۆمار کراون. بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو نوێترین داتای رووپێوی، هەڵکەندن و دۆزینەوەی لە سنووری کۆیە خستەڕوو.
لە سنووری کۆیە تابووت و پەیکەرێکی سەردەمی ئەشکانییەکان دۆزرایەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 17-8-2026 محەممەد لەشکری، بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان، نوێترین دۆزینەوەی شوێنەواری لە ناوچەی (خەزنە) لە سنووری گوندی گۆمەشینی کۆیە ئاشکرا کرد کە دەکەوێتە سەر جووتسایدی نوێی هەولێر - کۆیە. لەوێ حەوت گۆڕی سەردەمی ئەشکانییەکان (2100 ساڵ پێش ئێستا) دۆزراونەتەوە.
لەشکری باسی لە وردەکاریی دۆزینەوەکە کرد و گوتی: "یەکێک لە گۆڕەکان تابووتێکی گڵینی بوو، پەیکەرێکی بچووکی بێسەری تێدابوو کە جەستەی ئافرەتێکی دووگیان بوو. پەیکەرەکە ئاماژەیە بۆ مردووی نێو تابووتەکە. لە کاتی هەڵدانەوەی گۆڕەکەدا دەرکەوت کە مردووەکە ژنە و کل و کلدان دانراوە، هەندێ کەرستەی جوانکاری ئەو سەردەمی تێدا بوو. شوێنەوارەکە پێمان دەڵێ خەڵکی ئەم ناوچەیە دەوڵەمەند بوون، بۆیە ئەو شتانەیان لەگەڵ تابووتەکە داناوە؛ هاوکات ملوانکە و گوارەی تێدا بوو کە لە بەردی تایبەت دروست کراون."

55%ـی خاکی باشووری کوردستان رووپێویی شوێنەواری بۆ کراوە
محەممەد لەشکری دەڵێ: "لە ساڵی 2009ـەوە تیمە بیانییەکان روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و تاوەکو ئێستا 19 رووپێویی گەورە کراون."
بە گوتەی بەڕێوەبەری شوێنەوار، "تاوەکو ئێستا 55%ـی خاکی باشووری کوردستان رووپێویی شوێنەواری بۆ کراوە، واتە 45%ـی ماوە؛ هۆکاری دواکەوتنی ئەو رووبەرەش بۆ کێشە سیاسییەکان، هەبوونی شوێنەکان لە ناوچە سنوورییەکان و ناوچەکانی مادەی 140 دەگەڕێتەوە."
تاوەکو ئێستا 6 هەزار و 500 پێگەی شوێنەواری لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون
بە گوتەی محەممەد لەشکری، نزیکەی 6 هەزار و 500 پێگەی شوێنەواری لە هەرێمی کوردستان هەن.
محەممەد لەشکری گوتی: "پرۆژەیەکمان هەیە بۆ دووبارە رووپێویکردنی پێگە شوێنەوارییەکان"؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار ئێستا سوود لە ئامێری GIS و وێنەی سەتەلایتی و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو وەردەگرێ، کە وایکردووە 75%ـی پێگەکان بە وردی بدۆزرێنەوە."
بەشێک لە شوێنەوارە دۆزراوەکانمان لە بەغدا و ئەمریکان
کۆنترین پێگەی شوێنەواری لە هەرێمی کوردستان ئەشکەوتی شاندەرە. ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەدا، "لەو ئەشکەوتە کەرەستەی سەردەمێک دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ 100 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە؛ هەروەها ئێسکەپەیکەری تێدایە کە تەمەنی 75 هەزار ساڵە. بەشێک لەو دۆزراوانە لە مۆزەخانەی بەغدان و بەشێکی دیکەشیان لە ئەمریکا (زانکۆکانی ئەمریکا) پارێزراون."
بەهۆی جەنگی ئێران و ئەمریکا زۆربەی تیمە شوێنەوارییەکان نەگەڕاونەتەوە
بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان روونیکردەوە: "ساڵانە 25 تاوەکو 35 تیمی بیانی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا، زۆربەی تیمەکان نەیانتوانی بگەڕێنەوە. لەو ژمارەیە هەندێکیان کاری نوێ وەردەگرن، هەندێکیشیان کارەکانیان تەواو دەکەن. تیم هەیە زیاتر لە 10 ساڵە لەسەر ناوچەیەکی شوێنەواری کار دەکات."
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێ، لە دیارترین ئەو تیمانە، تیمی زانکۆی هارڤاردی ئەمریکییە کە زیاتر لە 10 ساڵە لە دەشتی هەولێر کار دەکەن؛ هەروەها تیمەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، چیک و دانیمارک کار دەکەن. لە ئاسیاش تیمە ژاپۆنییەکان لە یاسین تەپە و چەرمووی سلێمانی سەرقاڵی هەڵکەندن.
"پێویستە شوێنەوارەکانمان بکەینە سەرچاوەی داهاتی گەشتیاری"
بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەوار جەختی لە گرنگیی بەگەشتیاریکردنی ناوچە شوێنەوارییەکان کردەوە بۆ ئەوەی داهاتەکەی لە نۆژەنکردنەوەی پێگەکان خەرج بکرێتەوە؛ هەروەها داوای کرد مێژووی شارستانیەتی کورد دووبارە بنووسرێتەوە، چونکە بە گوتەی ئەو "لە لایەن دراوسێکان و داگیرکەرانەوە مێژووەکەمان شێوێندراوە."
وەک نموونەش باسی لە شانشینی ئەدیابین کرد کە لە سنووری هەولێر دۆزراوەتەوە و دەڵێ "دانیشتوانی ئەوکات فرەئایین بوون و خواوەندی جۆراوجۆریان هەبووە."

