بابەتی زاراوە و زاراوەناسی جێی تێڕامانی زمانەوانە کۆن و نوێیەکان بووە. زاراوە ڕۆڵێکی گەورە لە گەیاندنی مەعریفە و زانیاری و بەیەکگەیاندنی نەوەکاندا دەبینێت. ئەم زانستە پێویستییەکە، زانستێکە لەبارەی پێوەندیی نێوان چەمکە زانستییەکان و ئەو دەربڕینە زمانیانەی گوزارشتی لێ دەکەن. هەر ئەم گرینگیە وای کردووە چەند ناوەند و دەزگای تایبەت بەو بوارە دروست ببن. بۆ نموونە ناوەندی زانیاریی زاراوەناسی (INFOTERM) لە ڤییەنا، نووسینگەی زمانی فرەنسی، کۆمەڵەی زمانی عەرەبی لە قاهیرە. لە سەرەتای ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوو لە عێراق کۆڕی زانیاریی کورد لە بەغدا دامەزرا، کە یەکێک لە ئیشەکانی داڕشتن و توێژینەوە بوو لە زاراوەی زمانی کوردی. لەڕووی چەمک و زاراوەوە، لە کوریدا پۆلێنی تایبەت بۆ زاراوەناسی نییە. لە زمانی ئینگلیزی و تەنانەت عەرەبیشدا چەمکەکان پۆلێن کراون. بۆ نموونە: القاموس/ المعجم- Dictionaryکە لە کوردیدا زاراوەی فەرهەنگمان بەرانبەری هەیە. زاراوەی الموسوعە- Encyclopedia، لە کوردیدا هەر زاراوە ئینگلزییەکە، ئینسایکلۆپیدیای بۆ بەکاردێت. زانستی فەرهەنگیش زاراوەی (لێکسیکۆلۆجی- Lexicology) بۆ بەکاردێت. زاراوەی (تێرمینۆلۆجی- Terminology) بۆ زانستی توێژینەوە لە زاراوە دێت. لە زمانی عەرەبیدا جوایەزی لە نێوان ئەوانەدا هەن. لە کوریدا بۆ زاراوەی (معجم و قاموس) زاراوەی فەرهەنگ بەکاردێنین کە لە بنەڕەتدا جیاوازییان هەیە. زاراوەی (القاموس) واتە لێکدانەوەی وشە بە وشە، بەڵام (المعجم) لە (القاموس) فراوانترە و واتای زاراوەکان بە ڕستە و چەندین وشە دیاری دەکرێت. هەرچی ئینسایکلۆپیدیا (الموسوعە)یە لە هەردوو زاراوەکەی پێشتر فراوانترە، بەوەی زانیاریی تەواوەتی لەبارەی ئەو زانستە، ئەو زاراوەیە دەخرێتەڕوو. واتە لە ئینسایکلۆپیدیا شتەکان ڕاڤە دەکرێن، بەڵام لە دوو چەمکەکەی دیکە زاراوەکان واتایان لێکدەدرێتەوە. لەلایەکی دیکەوە زۆر لە توێژەرانی ئەوروپی و عەرەبی جیاوازییان لە نێوان دوو چەمک لەم بوارەدا کردووە. یەکەمیان Terminology/Terminologies لە عەرەبی دەبێتە (المصگلحیە) و دووەمیان Terminography/Terminorgaphie و لە عەرەبیدا زاراوەی (المصگلحاتیە)یان بۆ داناوە. یەکەمیان ئەو زانستەیە کە توێژینەوە لە پێوەندیی نێوان چەمکە زانستی و زاراوە زمانییەکان دەکات. هەرچی دووەمە هەوڵێکە بۆ ڕێکخستن و تۆمارکردنی زاراوەکان بە شێوەیەکی زانستی، هاوکات تۆمارکردنی سەرچاوە و زانیارییەکانی پێوەند بەو زاراوەیە و بڵاوکردنەوەیان لە شێوەی فەرهەنگێکی تایبەت. لە زمانی کوردیدا دەکرێ بۆ زاراوەی یەکەم تێرمینۆلۆجی زاراوەی زاراوەناسی و بۆ دووەمیان تێرمینۆگرافی زاراوەسازی بۆ پێشنیاز بکەین. بەوەی یەکەمیان لە زاراوە وەک زانست دەکۆڵێتەوە و دووەمیان لە داڕشتن و بنەچە و ڕیشەی زاراوەکان دەکۆڵێتەوە. زۆرن ئەو توێژەرانەی گرینگییان بە بابەتی ئیپستمۆلۆجی داوە. ئەو توێژینەوانە هەوڵێک بوونە لە پێناو دەرخستنی چۆنیەتی دامەزراندن و داڕشتنی زاراوە و چەمکەکان، دیاریکردنی سنووری مێتۆدی و مەعریفیی بابەتیانەی ئەم بابەتە. لەو ڕوانگەیەوە زاراوە دەبێتە کلیلی تێگەیشتن لە هەر زانست و پسپۆڕییەک. بۆیەش لە فەرهەنگی ئۆکسفۆرددا وەها پێناسەی کراوە: ((زاراوە، وشە، یان ڕستەیەکە کە وەسفی شتێکی دیاریکراو دەکات، یان گوزارشتە لە چەمکێک. هاوکات ئەو ماوە کاتیەیە کە بەردەوامی ئەو زاراوەیە دیاری دەکات.)) [Concise Oxford English Dictionary: [2002: 1478 لەم پێناسەیەوە ئەوە دەردەکەوێت کە چەمکی زاراوە دەلالەتێکی کاتەکی (زمنی) هەیە، یان وشەیەکە، چەمکێکە دەلالەتە لە بوارێکی تایبەت. کەواتە زاراوەکان ناون بۆ چەمکەیلی دیاریکراو. ئەوەی دەبێتە پنتی جیاوازی زاراوە، ڕوونییەتی بۆ ئەو چەمک و واتایەی دەلالەتی لێ دەکا. زاراوە لەبەرئەوەی لەناو کاتدا دەژی، بۆیەش بە گوێرەی بوار و پسپۆڕی گەشە دەکات. کەواتە دەتوانین وەها پێناسەی ئەم زانستە بکەین. زاراوەناسی هەوڵێکە بۆ ڕێکخستن و تۆمارکردنی زاراوەکانی تایبەت بە زانستێک لە زانستەکان. هاوکات ڕاڤەکردن و دانانی هاوواتا و پێناسەکردنیان چ لە هەمان زمان، یان زمانەکانی دیکە. لەگەڵ کۆکردنەوە و لێکدانەوەی زاراوەکە لەڕووی داڕشتن و چۆنیەتی دەربڕینەوە. ئەگەر بۆ مێژووی زانستی زاراوە بگەڕێینەوە، مێژوویەکی هێندە کۆنی نییە، هەوڵی زۆر هەن لەو بوارەدا، بەتایبەت کاتێک دەبێتە لقێک لە لقەکانی زمانەوانی پراکتیکی. بەڵام هێندێک لە توێژەران سەرەتاکانی ئەم زانستە بۆ یۆنانی کۆن دەگەڕێننەوە، بە تایبەت لە کتێبی (کۆمار)ی ئەفلاتوون و کتێبی (هونەری شیعر)ی ئەرەستۆ. بۆ نموونە کاتێك ((ئەفلاتوون بە قوتابییەکانی دەڵێت: با بە یۆنانی قسە بکەین. مەبەستی لە قسەکردن، هەموو زاراوەیەکە، بە شێوەیەکی ڕوون لە مێشکدا بچەسپێت.)) [بوشیخی: : ٩]ئەرەستۆش لە کاتی قسەکردنی لەبارەی بیرکردنەوەی سۆفستایییەکان، ئاماژە بە هێندێ زاراوە دەکات، کە سۆفستایییەکان بەکاریان هێناوە و بە هۆیانەوە کاریگەریان لەسەر ئاکار و بیرکردنەوەی گەنجەکان داناوە. لە دوای سەدەکانی ناوەڕاستەوە لە ئەوروپا، بەتایبەت لە نیوەی یەکەمی سەدەی هەژدەدا بیرمەندی ئەڵمانی کریستیان کۆتفرێد شوتز (١٧٤٧- ١٨٣٢) گرینگی زۆر بە زانستی زاراوە دەدات. بەڵام وەکوو زانستێک سەرەتاکانی بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە. بۆ ئەمەیش دەکرێ سێ قوتابخانەی فیکری جوایەز دەستنیشان بکەین: یەکەم: قوتابخانەی ڤییەنا ئەم قوتابخانەیە ئەندازیاری نەمساوی (فیستەر) دایمەزراند، بەتایبەت دوای پێشکەشکردنی تێزەکەی لە زانکۆی بەرلین بە ناونیشانی (یەکبوونی نێودەوڵەتی بۆ زمانی هونەری) لە ساڵی 1931دا. ئەم ئەندازیارە لە ڕەهەندێکی فەلسەفییەوە بۆ زانستی زاراوەی دەڕوانی، بەوەی هۆکارێکە بۆ تێگەیشتن و گەیشتن بە سروشتی زاراوەکان. بە بڕوای ئەو ((توێژینەوە لە زاراوەکان هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە پێوەندیی نێوان زاراوەکان، تایبەتمەندی و پێناسەیان، پاشان داڕشتنەوەی ئەو زاراوانە.)) [القاسمی: ٢٠٠٨: ٢٧١] دووەم: قوتابخانەی پراگ ئەم قوتابخانەیە هەڵقوڵاو و درێژەپێدەری قوتابخانەی زمانەوانی پراگە، لە هەناوی ئەوەوە گەشەی کردووە. لە ڕوانگەی ڕابەرانی ئەم قوتابخانەیەوە زاراوەکان بەش و پارچەیەکی تایبەت لە دەربڕاوە زمانییەکان پێکدەهێنن. بۆیەش ئیشکردن لەم بوارە پێویستی بە کەرەسەکانی ئاخاوتن نییە، بەڵکوو پێویستی بە کەرەسەکانی فەرهەنگسازی هەیە. سێیەم: قوتابخانەی ڕووسی ئەم قوتابخانەیە لەلایەن دوو ئەندازیاری ڕووسی چاپلیگن Caplygin و لۆت Lotte دامەزراوە. ئەوان لە ڕوانگەیەکی بابەتییەوە لە زاراوەیان دەڕوانی. بۆ نموونە کێڵگەی واتایی زاراوە لە کنیان گرینگ بوو. ((ئەم قوتابخانەیە بە قوتابخانەی ڤییەنا کاریگەر بوو، بەوەی زاراوەکان لەڕووی شێواز و دابەشکاری و ڕێکخستنەوە پۆلێن بکرێن، لەڕووی ڕیکخستنی ئەلفبێوە، ڕەچاوی شێوازی فەرهەنگییان نەدەکرد.)) [القاسمی: ٢٠٠٨: ٢٧٢] هەر تایبەت بە مێژووی ئەم زانستە، دەکرێ ئاماژە بۆ چەند ناوەندێکی توێژینەوەی تایبەت بە زاراوە بکەین. ئەمانە کۆمەڵێ ناوەند و زانکۆی زانستیی تایبەت بەو بوارەن: 1- لە نەمسا لەسەر بناغەی کارەکانی فیستەر ناوەندێکی تایبەت و کتێبخانەیەکی گەورە بەو بوارە کراوەتەوە. لە سەرەتای دامەزراندنیەوە توێژینەوەی لە بواری زاراوەناسیدا تێدا دەکا، لەوانە گوزارشتکردن لە جیهانی مرۆڤەکان بە وشە. 2- لە وڵاتی چیک: ئەکادیمیای چیکی، کە سەر بە قوتابخانەی پراگ بوو، توێژینەوە لەم زانستە دەکات، بۆ ئەمەیش چەندین کۆڕبەندی جیهانی تایبەت بەم زانستە لە پەیمانگای باڵای چیکی ساز کردووە. گرینگترینیان ئەو کۆڕبەندانەی کۆلێژی کشتوکاڵ ئەنجامی دا، تێیدا کۆمەڵێ توێژینەوەی گرینگ لە ساڵانی 1966- 1971- 1972 پێشکەشکران. 3- لە کەنەدا: بەهۆی ئەوەی هەردوو زمانی ئینگلیزی و فرەنسی لە خوێندن و کارگێڕیدا بەکاردێن، بۆیەیش ناوەندەکانی توێژینەوە لە زاراوەناسیدا زۆر چالاکن. کەنەدا لە هەوەڵین ئەو وڵاتانەیە کە بانکی زاراوەی دامەزراندووە. بۆ ئەمەیش ساڵانە دەیان کۆڕبەند ساز دەکرێن. 4- لە فرەنسا: لەم وڵاتەیش کۆمەڵێ ناوەندی توێژینەوەی فەرمی هەن، لەوانە: لێژنەی فرەنسی بۆ توێژینەوەی زاراوەی نوێ و هاوچەرخ، کۆمەڵەی فرەنسی بۆ وەرگێڕان. بۆ ئەم مەبەستە لێژنەی باڵا بۆ زمانی فرەنسی لە ساڵی 1975دا کۆمەڵەی فرەنسی بۆ زاراوەکان دادەمەزرێنێ. 5- لە ڕووسیا: یەکێتیی سۆڤیەت پێش کەوتنی لە ساڵی 1991دا گرینگی زۆری بە زاراوەناسی داوە، بە هۆی ئەوەی وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەزمانە. بۆ ئەم مەبەستە: ئەکادیمای زانستیی سۆڤیەتی، لێژنەی زانستی و هونەری بۆ زاراوە دامەزراند. بە داخەوە تاکوو ئێستا لەناو کورد هیچ دەزگا و ناوەندێک بۆ ئەم بوارە تەرخان نەکراوە. هەرچەندە کۆڕی زانیاری کورد لە سەرەتای ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوو کە دامەزرا کۆمەڵێ کاری کرد، بەڵام کارەکان لە چوارچێوەیەکی زۆر تەسکدا بوون. هاوکات هێندێک هەوڵی تاکەکەسی دراون. دوای ساڵی 1991، کاتێک نیمچە ئازادییەک لە هەرێمی کوردستان بەرقەرار دەبێت، دوو ناوەند بۆ لێکۆڵینەوەی کولتوور و ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردی دادەمەزرێنرێن. مەڵبەندی کوردۆلۆجی لە سلێمانی و ئەکادیمیای کوردی لە شاری هەولێر. بە داخەوە لەم ڕووەوە تاکوو ئێستا پڕۆژەیەکیان ئەنجام نەداوە جێی باس بێت. هەردوو ناوەندەکە لە ڕووی جوگرافییەوە دابەشکراون. هەریەکەیان حیزبێکی لە پشتەوەیە. ئەمەیش وا دەکات سنووری ئیشکردنیان لۆکاڵی بێت. هەر یەک لەم ناوەندانە نەک هەر بەشێک، لقێکی تایبەت بە توێژینەوەیان لە زاراوەی زمانی کوردی نییە، هیچ پڕۆژەیەکیان نەبووە. سەرەڕای ئەوەی بودجەی تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەگەر هەوڵی تاکەکەسی نەبێت، ئەوا فەرهەنگ و توێژینەوەمان لە زاراوەی کوردی نابێت. بۆ نموونە (فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی)ی عەلی نانەوازادە، هەوڵێکی زۆر زانستی و ناوازەیە. زۆر هەوڵی دیکە هەن، بەڵام ڕەچاوی لایەنی زانستی زاراوە و مێتۆدییان نەکردووە. بۆ ئەمەیش بێگومان لایەنی کەمتەرخەم ناوەندە ئەکادیمییەکانن. لە زانکۆکان تاکوو ئێستا توێژینەوەیەکی ئەکادیمیمان تایبەت بەو بوارە نییە، ئەوەی هەشبێت زۆر سەرەتایی و سادەیە. دەمەوێ بڵێم تاکوو ئێستا زانکۆکان لەم بوارەدا میتۆد و ڕێیەکیان بۆ توێژینەوە لەو بوارە دانەناوە. تەنانەت نەبوونەتە شوێنێک بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە لەو بوارەدا، کە ئەرکی ئەوانە. پەراوێز: - الشاهد بوشیخی، مصگلحات نقدیە وبلاغیە فی كتاب البیان والتبیین للجاحڤ، دار القلم للنشر والتوزیع، گ2، - القاسمی (علی): ٢٠٠٨: علم المصگلح : أسسه النڤریە وتگبیقاته العملیە، مکتبە لبنان ناشرون، بیروت. Concise Oxford English Dictionary, Oxford University Press, New York, 2002.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست23-06-2026عومان: دەبێت هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز سەلامەت و بێ بەرامبەر بێت