وردە وردە خەریكە پرۆژەی دیموكراتیزەكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان كە پرۆژەیەكی ئەمریكی بوو - بەو ڤێرژنە كۆنە- شكستی خۆی رادەگەیەنێت.
ئەوەی ئەمریكییەكان لەسەردەمی جۆرج بووشدا ناویان لێنابوو پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە و خۆی لە دیموكراتیزەكردنی ئەم ناوچەیەدا دەبینییەوە و بە عێراق و پێشتریش بە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردبوو، راستە بێ دەستكەوت نەبووە، بەڵام لەڕاستیدا بە ئاكامێكیش گەیشتووە كە تاڕادەیەكی زۆر پێچەوانەیە لەگەڵ خەونە گەورەكە.
كە تەماشای دوو هەڵبژاردنی كۆتایی لە هەریەك لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەیت، دەبینی كە پرۆسێسی بەدیموكراسیكردن، هیچ پەیوەندییەكی بە هاووڵاتییەوە نەماوە و خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان رۆژ بە رۆژ لە بەشداریكردن لە پرۆسەی دەنگدان، دووردەكەونەوە.
رێژەی بەشداری سەرەڕای ئەو هەموو هاندانە، سەرەڕای رشتنی ئەو هەموو پارە بێشومارە بەشەرعی و ناشەرعی، سەرەڕای فەتوا و پشتیوانیی مەرجەعە ئاینییەكان و دامودەزگا نێودەوڵەتییە گەورەكان بۆ بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن و سەرەڕای رووماڵێكی میدیایی گەورە، كەچی خول لەدوای خول ئەم بەشدارییە كەم دەكات و خەڵك خۆپارێزی دەكەن لە دەنگدان.
لەپاڵ ئەم حاڵەتەدا، بە بەردەوامی بەشداریكردن لە چالاكییەكانی دیكەی وەك خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەسەر شەقام، لەزیادبووندایە و زۆر كاتیش باسوخواسی شۆڕش و راپەڕینی جەماوەری لێرە و لەوێ لە رۆژەڤدایە.
كارەكتەرێك لە دەرەوەی پرۆسەكە
ئەگەر تەماشای دوا هەڵبژاردنی عێراق بكەین، جگە لەو رێژە بەشدارییە نزمە، لەهەمانكاتیشدا پرۆسەكە نابێتە هۆكاری دروستكردنی حكومەتێك كە دەنگدەر دەنگی پێدابێت! بەڵكو لە دەرەوەی هەموو ئەو پرۆسە زەبەلاحە كەسێك بە پێكهێنانی حكومەت رادەسپێردرێت كە دوور و نزیك بەشداری پرۆسەكە نەبووە، نە دەنگی پێدراوە و نەكوتلەی هەیە و نە لەناو پەرلەماندایە.
عادل عەبدولمەهدی كە یەكێك نییە لە فیگەرەكانی ئەم هەڵبژاردنە و یەكێك نییە لەو كەسانەی دەنگی هاووڵاتیانی پێدرابێت، لەلایەن هێز و لایەنە دەستڕۆیشتووەكانەوە بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەسپێردرێت، كەواتە پرسیارەكە ئەوەیە ئەی هەڵبژاردنەكە بۆ چی بوو؟! لەپێناوی چیدا بەخەڵك گوترا بچن دەنگ بدەن؟
ئەو شێوەیەی ئێستا لە بەغدا حكومەتی پێ دروست دەكرێت، باش بێت یان خراپ، سەلمێنەری ئەو راستیەیە كە پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەوەی ناونراوە پرۆسەی دیموكراسی، لە ژێر پرسیارێكی گەورەدایە.
ئەوەی لە بەغدا كرا جۆرێك بوو لە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی هاووڵاتیان كە لە 12ی ئەیلول دەنگیان دا، خستنە ژێر پرسیاری ئەو پرۆسەیە بوو كە گوایە دەنگدەران ویستیان حكومەتی پێ دروستبكەن.
سیاسییەك كە هیچ بەشدارییەكی لەم پرۆسەیەدا نییە، دێت و لەبری هەمووان حكومەت دروستدەكات، نوكتەكەش لەوەدایە كە هاتنی نەك هەر هیچ ناڕەزایەتیەك دروستناكات، بەڵكو لەنێوان بێدەنگی و پێشوازیدا وەك كارەكتەرێكی رزگاركەر دەردەكەوێت و زۆرینە وا هەست دەكەن رێیان لە رێگەچارەیەك كەوتووە -كە لەوانەیە راستیش بكەن-.
خۆ ئەگەر بەدیوێكی دیكەشدا تەماشای عادل عەبدولمەهدی بكەین، دەتوانین وەك نوێنەری زۆرینە تەماشای بكەین، چونكە ئەگەر لە رێژەی بەشداریی هەڵبژاردنەوە پرۆسەكە بخوێنینەوە، ئەوا دەبینین عادل عەبدولمەهدی دەبێتە نوێنەری ئەو زۆرینەیەی كە بەشداری هەڵبژاردن ناكات و كۆی پرۆسەكە ڕەتدەكاتەوە و تووڕەیە لە هەموو دۆخەكە.
ئێستا عادل عەبدولمەهدی دەكرێت وەك نوێنەری ئەو زۆرینە عێراقییە تەماشا بكرێت كە بایكۆتی كۆی هێزە عێراقییەكانی كرد و بە بایكۆتی دەنگدان رەفزی بە هەموو ئەو هێزانە دا.
لە عادل عەبدولمەهدییەوە پێویستە ئینسایكڵۆپیدیای تەعریفەمان بۆ شەرعییەتی سیاسی لەعێراقدا دەستكاری بكەین و جارێكی تر بە پێناسەی شەرعییەتی سیاسیدا بچینەوە.
هەرچەندە ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدات ناتوانین بە تەواوی وەك شكستی پرۆژەی ئەمریكی لە عێراق تەماشای بكەین، بەڵام بێ چەند و چۆن دەتوانین وەك شكستی پلان و نەخشەی حاكمی مەدەنیی ئەمریكا لە عێراق (پۆڵ برێمەر) تەماشای بكەین.
پۆڵ برێمەر لەسەردەمی رزگاركردنی عێراقدا لە 2003 لەلایەن حكومەتی ئەمریكاوە وەك حاكمی مەدەنیی عێراق دەستنیشان كرا و یەكێكە لە ئەندازیارانی پێكهێنانی عێراقی نوێی دوای رژێمی سەددام و لەگەڵ هێز و لایەنە عێراقییەكان تێكەڵاوییەكی باشی هەبووە و پێكەوە بەهەماهەنگی نەخشەی عێراقی دوای سەدامیان داڕشت.
بێگومان كۆتایی برێمەر، بە مانای كۆتایی ئەمریكا نایەت لە عێراق، بەڵام بەمانای شكستی ئەو بەرنامەیەیە كە لەسەرەتای رزگاركردنەوە ئەمریكا بۆ عێراقی هێنا.
ئەم شكستە لەم قۆناغەدا بەشێوەیەك لە شێوەكانیش دەتوانین بەسەرەتای رزگاربوونی ئەمریكاش لە عێراق تەماشای بكەین، چونكە هەموو ئەوەی ئەمریكا ویستی لە عێراقدا جێبەجێی بكات، لەدوای 15 ساڵ شكستەكەی دەركەوت.
بۆیە ئێستا پرسیار ئەوەیە ئاخۆ ئەمریكا لەم قۆناغە نوێیەدا دەتوانێت عێراقی پاش كۆتایی نەخشە و پرۆگرامەكانی پۆڵ برێمەر و هێزە عێراقییە هاوكارەكانی وەربگرێتەوە و بیخاتە سەر نەخشەیەكی نوێ، یاخود بەتەواوی دەستی لە پرۆژە و خەونێك بەناوی (عێراقی نوێ) هەڵگرتووە؟



.jpg&w=3840&q=75)