پێشەکی: لەم وتارەدا هەوڵ دراوە بە میتۆدێکی هیرمنۆتیکی تێگەیشتن و گێڕانەوەی مەحوی لەناو سێ رەهەند و جەمسەری بوون (وجوود)، تەریقەت و شەریعەت بە نموونەی دوو غەزەلی شاعیر لێکبدرێتەوە و دەرکەوتە و وتەزا (category)وردەکانی ئەم جەمسەرانە لەژێر ناوی عەشق، مەرگ، توانج و رەخنە و چەشنێک لە پووچی و هەستی ئابزوێرد(absurd) و بەتاڵی کە پەیوەستە بە ئامادەیی زەینی و دەروونیی مەحوی، لەناو دۆخێکی کۆمەڵایەتی و ئایینی و گۆڕانکاریی سەردەمی خۆیدا بخرێتە روو.
کلیل وشەکان: بوون، عەشق، تەریقەت، شەریعەت، مەرگ، شار، چۆڵەوانی
عەشقی زەمینی و ئاسمانی لە نێوان تەریقەت و شەریعەتدا
بەجێ نایێ، دەبێ رووکەینە سارا
حەقی ئادابی مەجنوونی لە شارا
مەحوی لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە گەیشتن بە راستەقینە و حەقیقەتی عیشق بە شێوازە مەجنوونییەکەی لەم هەلومەرجە نوێیەدا کە شار هاتووەتە ئاراوە، مومکین نییە و شوێنی راستەقینەی عەشق سارا و چۆڵەوانییە و عەشقی مەجنوونی تەنیا لەوێ بەجێ دێ. لەم شابەیتەدا دەردەکەوێ کە مەحوی رۆحییەتی گۆشەگیری و کۆمەڵبێزیی تێدا زەق بووە و وەکوو تاکێکی گۆشەگیر حاشا لە شار و سیستەمە بەهاییە نوێکەی بەتایبەتی لە رووبەری عیشقدا دەکات.
لە درێژەدا هەر بەم روانینەوە دەڵێت:
نەگەیمە ئەو جوانە و گەییمە پیری
مەدەد یا پیری پیرانی بوخارا
لەبەر زار و نەزاری بوومە وەک پووش
دەئەمجا رابوێرە من بە زارا
لێرەدا سیستەمی وێناکردن و تەجەسومی شاعیر شکڵ و هەیکەلەکەی دەگۆڕێت و وێنەیەکی زەمینی و ناسکباری جوان وەردەگرێت. بەردەنگی شاعیر لەم دوو بەیتەدا کچێکی جوانی مەغرووری پڕکەماڵە کە زار و نەزاریی ئەو، واتە ئاخافتن یان نەئاخافتنی ئەو لەگەڵ یار!، "یار" تووشی نەزاری و ناڕەحەتی دەکات، "زار" لێرەدا دوو مانا دەدات کە یەکیان زمانە و ئەویدی ناخۆشی و دەردەدارییە، بۆیە شاعیر لە یار داواکارە با وەکوو پووشێک کە لە "بێ زاری/ بێزاری" و "نە زاری"ی ئەو وای لێ هاتووە، بیبات بە "زارا"، تاوەکوو لە زار و ناخۆشی و پەشێوی بکەوێت، ئەمە جگە لەوەیە کە لەبەیتی یەکەمدا شاعیر دەستی نزا و پاڕانەوە بۆ پیری پیرانی بوخارا، واتە بەهائەدین محەممەد کە بە شاهی نەقشبەند لە تەریقەتی نەقشبەندیدا ناسراوە، بەرز دەکاتەوە و نەگەیشتن بەو جوانە و پیربوونی لە داخی ئەم نەگەیشتنە، دەیخاتەوە یادی پیری پیرانی بوخارا و رەنگە وای بیرکردبێتەوە کە ئەگەرچی من لەڕێی نەگەیشتن بە کچێکی پڕکەماڵی مەغرووردا پیر بووم و خەفەت پیرانەسەری کردم، با خۆم بگوازمەوە بۆ شێوازی عیرفانیی پیری بوخارا بەڵکوو کە لە ئەم بووم، لە ئەو نەبم! واتە پرۆسەیەک لە دیهاوێژی (projection) لە ساحەی سایکۆلۆژییەتی شاعیر گریمانە دەکرێت.
لە درێژەی ئەم غەزەلەدا مەحوی دەڵێت:
وەرە دەستێ بە خوێنم کە نیگارین
خوێنی من حەڵاڵت بێ نیگارا!
زوو ئەو شۆخە لە عاشق وەردەچەرخێ
لەگەڵ کەس، چەرخە ئەو، ناکا مودارا
…
…
کە شک بەم ((مەحویا)) هەر شەربەتی مەرگ
لەسەر ئەرزا نییە ئاوی گەوارا
مانا و ناوەڕۆکی ئەم غەزەلەی مەحوی لە سێ جەمسەر یان گۆشەی مانایی پێکەوە تەنراوە. عەشق، تەریقەت و توێژێک لە فەلسەفە کە لە نێوان تەریقەت و فەلسەفەدا پارچە و بەش کراوە. جەمسەری تەریقەت خاڵ و بازگەی فڕین و ئازادبوونی مەحوییە لە ئایدیۆلۆژیی دین بە واتا شەریعەتییەکەی. شاعیر لە بەیتەکانی سێ و شەش بە ئاماژە بە دوو چەمک و سیمبۆلی ناو جیهانی عیرفان، واتە حەق یان حەقیقەت و "حاڵ"، جەمسەری تەریقەت لە دوو جەمسەرەکەی تر، واتە عەشق و فەلسەفە جودا دەکاتەوە. باقی بەیتەکانی تری ئەم غەزەلە جگە لە بەیتی ئاخر کە دواتر دێمە سەری، هەمووی تێم و مانا و هێمای عاشقانەیە و بە پێکهات و زمانێک کە تەنها تایبەت بە حەزرەتی مەحوییە، هۆنراوەتەوە. دوو بەیتی زەقی ئەم عیشقە ئەفلاتوونییە لەم غەزەلەدا ئەمەیە:
وەرە دەستێ بە خوێنم کە نیگارین
خوێنی من حەڵاڵت بێ، نیگارا!
زوو ئەو شۆخە لە عاشق وەردەچەرخێ
لەگەڵ کەس، چەرخە ئەو، ناکا مودارا
لێرەدا کە شاعیر بێ وەفایی و رامنەکردەیی و لەهەمانکاتدا فرەڕەنگی و چەند روو بوون و پڕدەمامکبوونی یار لەپاڵ شۆخ و شەنگیی یاردا باس دەکات، ئەو باسی زام و برینێکی "قووڵی خۆش" دەکات! واتە دەڵێ یار ئەگەرچی وەکوو چەرخی گەردوون یان هەر چەرخێکی ترە و بەکەس و بۆ کەس رام و کەوی نابێت و مودارا لەگەڵ کەس ناکات، بەڵام ئەم نامودارایی و یاخیزەدەگییەی بە هۆی شۆخییەکەیەتی، بەهۆی جوانییەکەیەتی، لە راستیدا ئەمە دەرخەری ئەوەشە کە مەحوی ئاگاداری فولکلۆر و سامانی بەکۆمەڵ و مەعریفەی کۆیی نەتەوەکەی بووە. لە سەرتاپای فۆلکلۆری کوردیدا یاری شۆخ و شەنگ یەکێک لە وێنەکانی ئەوەیە کە بێ وەفا و زاڵمە و بە چارەنووسی عاشق کایە دەکات، لە فۆلکلۆری کوردیدا یەکێک لە وێنە زەقەکانی یار ئەوەیە کە بەو شۆخ و شەنگی و جوانییەیەوە دەبێتە هۆی عەشق و عاشقبوونی ئەوانی دی، بەڵام خۆی عاشق نابێت، یان لانیکەم عەشقەکەی ناخاتە روو!
یان لە بەیتی دواییدا دەڵێت:
موژەی خوێنێ دەکا هەر لەحزە، سەیرە!
ئەمەندە گوڵ لە بن یەک نووکە خــارا
ئەم بەیتەش هەر درێژەی ئەو تێم و ناوەڕۆکەیە کە لەسەرەوە باسم کرد و ئەو پێوەندییەی بە سامانی فۆلکلۆری کوردییەوە دیار و زەقترە. واتە یار وەڵامی ئەڤینداران و عاشقانی گوڵ وێنەی خۆی بە تیژییەکی وەکوو "دڕک" دەداتەوە و چەندەها تەرمی گولاڵەی لەبەردەم و پێش بەژنی مەغروور و یاخیی خۆی خستووە.
لە دوابەیتی ئەم غەزەڵەی حەزرەتی مەحویدا چەشنێک لە تووڕەیی و یاخیبوونی فەلسەفی لە هەمبەر کۆی ئەو چەمک و مانا سیمبۆلییانە کە لە بەیتەکانی پێشوویدا باسم کرد، بەدی دەکرێ. رۆحانەتی راوی کە ناوی مەحوی بێت، بەهۆی شکان و داڕزان و مەحوبوونی بەردەوام لە نێوان تەلبەندە مانایی و چەمکییەکانی وەک عەشق، حەق، حاڵ، شۆخ، گوڵ، خوێن، چەرخ، مەجنوون، سارا و هتد تووشی جۆرێک لە بنبەستی وجوودی لە قەوارەی میتافیزیکە ئایینییەکە دەبێت و بەم شێوازە بیچمبەندی و تیۆریزەی دەکات.
کە شک بەم ((مەحویا)) هەر شەربەتی مەرگ
لەسەر ئەرزا نییە ئاوی گەوارا
ماناکەی ئەوەمان پێدەڵێت کە: گێڕەرەوە وەکوو ئەوەی لە بنبەستێکی وجوودی کەوتبێت، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەردەوام و "هەر" لەگەڵ مەرگ رووبەڕوو دەبێتەوە و مەرگ تەنها وەکوو شەربەتێک کە “هەر” دەیدۆزێتەوە و هەر ئەوی پێ شک دێت، بێ ئەوەی بمرێت، وێنا دەکات؛ واتە ئەم مەرگەی مەحوی باسی دەکات مەرگ و مردنێکی باو و بەرهەست (ئۆبژەکتیڤ) نییە، بەڵکوو شێوازە رەنج و زام و زووخێکە کە تایبەتمەندیی جیهانی زەمینی و ماتریاڵ، واتە بەرهەست و عەینییە، ئەم مانایە لە بەشی دووەمی بەیتەکە، واتە میسرەعی دووەمدا زۆر باشتر روون دەبێتەوە، دەڵێت با وجوودی ئەوەی هەر شەربەتی مەرگێک کە نامرێنێت دەستدەکەوێت، دەگەم بەو ئاکامە کە هەتاوەکوو لەم جیهانە، واتە ئەو جیهانەی هەنووکە لە بازنە و پێکهاتی مەعریفەتی منە بژیم، ئاوی گەوارا و نۆشخۆریی ئارامش پەیدا نابێت، ئەم تێمە لە میتافیزیکی مەسیحیدا لەژێر ناوی "بوون رەنجە"، شوێنپێی تاوەکوو فەلسەفەی هاوچەرخیش هاتووە.
هەر وەکوو لە شیکاری و خوێندنەوەی ئەم غەزەلەی مەحویدا دەرکەوت، کەڵکەڵە و خەمی راستەقینەی مەحوی جوانکاری و خەمڵاندنی ئیستاتیکیانەی مانا بوو. ئەگەرچی سەردەمی مەحوی بە رادە و ئاستی خۆی خاوەنی شەڕوشۆڕ و بگرەوبەردەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تاقم و توێژخوازیی تایبەت بە خۆی بوو. رۆژگاری مەحوی شەڕ و ململانێی نێوان دوو رێبازی تەریقەتی نەقشبەندی و قادری بوو، لەم نێوانەدا رێبازی نەقشبەندی بە گۆڕانخواز و خۆنەگرتوو لە هەمبەر بەها تازەکان و چەشنێ لە مۆدێرنیزم دادەنرا و رێبازی قادری ئەمەیان دەکردە مۆرکێکی ناڕەسەن و بەسەریانەوە دەنان، بەڵام مەحوی نەکەوتە داوی ئایدیۆلۆژیی رەهای هیچکام لەم دەستەبەندی و پۆلێنکارییانەوە.
ئەگەرچی پاش ئەوەی لەسەفەری حەج رۆیشت بۆ ئەستەنبوڵ و لەوێ لەڕێگەی پیاوانی کوردی خاوەن پێگە و نفوزەوە، سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانیی بینی و سوڵتان وەکوو ئاکاری باوی خەلیفە خزمەتی کرد و دەستی لەهەمبەریدا کردەوە و خانەقایەکیشی بۆ کردەوە، بەڵام هەمدیس سەربەخۆیی و جوانپەرستیی خۆی لە کیس نەدا و سەربەستی و گۆشەنشینی و تاکگەرێتی خۆی لەهەناوی دەقی شیعرەکانیدا خستە روو، دواجار ئێمە وەکوو شاعیرێکی جوانیناس دەیناسین نەک شاعرێک سەر بە فڵان تاقم و بەرە و گرووپ و لایەنی سیاسی یان کۆمەڵایەتی و دینی و ئایدیۆلۆژی. تەنانەت ئەوانەش وا لەم فۆرمە جوانیناسانە و جوانپەرستانەی مەحوی وەکوو رێبازێکی ئازاد و واڵا لایانداوە، لەژێر ناوی واعیز، شێخ، سۆفی و زاهید خراونەتە بەر تیغ و شەپی رەخنە و پلاری مەحوییەوە. بۆیە لە شیعری مەحویدا ئەم چوار کارەکتەرە کە نوێنەری چوار گرووپی لایەنگر و ئایدیۆلۆژیکن، جاروبار باسیان هاتووە و دەمامکی لەسەر روخساری نادیار و فرەڕەنگیان هەڵماڵیوە و ناساندوونی. شاعیر لە شیعرەکانیدا هەر کام لەمانە بەجیا لەسەر تایەکی تەرازوو دادەنێ و لە تایەکەی تریشدا جوانی، جوانپەرستی، هێما و نیشانەکانی جوانی دادەنێ و قورسایی جوانیناسانەکە بەڕادەیەکە کە ئەم کارەکتەرانە لەسەر تای تەرازووەکە وا تووڕ دەدا، ناسینەوەیان بە توڕە و دەستاڕ و سەرپێچەکانیان وەکوو جاری یەکەم سەخت و ئەستەمە. بۆ نموونە لەم دوو بەیتەی غەزەلێکیدا دەڵێت:
واعیزم پرسی: یەکێ شۆخانە جوابی دامەوە:
وەعزی چی؟! سەرلنگە دەستاڕێ کڕەی دەستاڕی هات
واتە هەواڵی واعیز یان ئامۆژگاریکەرم پرسی، کەچی یەکێک بە شۆخی و گاڵتە و لاقرتییەوە وەڵامی دامەوە کە وەعز و ئامۆژگاری چی و باسی چی دەکەی؟! دەم و زمانی واعیز وەکوو لنگە دەستاڕێکە، کاتێ قسە دەکات، قسەکانی باش باش وردنابێت و شی ناکرێتەوە، چوون تەنها لە یەک لنگی دەستاڕەکە کەڵک وەردەگرێت، بۆیە کڕەی دێت و بەگوێی گوێگران گران دێت، بەگشتی واتە واعیز بە لادەم و لنگەدەستاڕێ وەک دەڵێن قسەکەی ناهەجوێت و هەر لە پڕێکدا دەیتەقێنێت.
یان لە بەیتێکی دیکەدا دەڵێت:
شێخ و توڕڕەی مێزەر و نەقڵ و نوقوڵی هیچ و پووچ
من بە توڕڕەی یار ئەسیرم ئەو بە کۆڵێ توڕڕەهات
لێرەدا هەر وەکوو لەسەرەوە ئاماژەم بۆ کرد، مەحوی شێخیش وەکوو دەستەیەک لەو تاقمانەی کە باسم کرد، دەداتە بەر پلار و رەخنە و رووکاربینی و زاهیرپەرستییەکەی جاڕ دەدات و دەڵێ: شێخ و پێچی مێزەرەکەی و قسەی هیچ و پووچی ئامادەن، بەڵام من لەباتی ئەوەی گیرۆدە و گوێقوڵاخی ئەو نەقڵ و قسە پووچانە بم، ملکەچ و ئەسیر و فەرمانبەری "توڕڕە" و ئاڵۆزکاویی زوڵفی یارم کە لە بەیان و راستبێژیدا پڕ و پەیمانە و شێخ و دەرکەوتەکانی ناگەنە باڵا و ئاڵاوواڵاییەکەی. توڕڕە لێرەدا سێ جار بەکارهاتووە کە هەر کامەیان مانای جیاواز و سەربەخۆی هەیە، توڕڕەی یەکەم بەواتای پێچ و خێچیی مێزەری شێخە، توڕڕەی دووەم بە واتای ئاڵۆزکاوی و لوولبوونی زوڵفی یارە و توڕڕەی سێیەم بە واتای قسەی پووچ و بێ سەروبەر.
لێرەدا دەرکەوتن و ئامادەگی روانگەی کۆمەڵایەتی و هەندێ رووکار و توێژی عاشقانەی جیهانی مەحوی کە تێکەڵاوییەکی زەقی لەگەڵ عیرفاندا هەبوو، باس کران.
لە درێژەدا نموونەی غەزەلێکی شاعیر دێنمەوە کە تێیدا عەشق بەسەر عیرفاندا زاڵ بووە و رێگەش بۆ هەندێک تێرمی فەلسەفی سەرووی عەشق خۆش کراوە.
سەرکەوتنی عیشق و فەلسەفە بەسەر عیرفان و دین، یان تەریقەت و شەریعەتدا
دەوری هەر چاوێکی ئەمڕۆ داوە سەد فەوجی بەڵا
دین و دڵ یەغما دەکەن، چاری کەن ئەی شێخ و مەلا
واتە: بە دەوری چاوی یاردا سەد فەوج و پۆل لە دەرد و بەڵا دەسووڕێنەوە، ئەی یارپەرستان ئاگاداربن لەو سەد پۆلە بەڵایەی چاوی یار بێگومان هەر بەرتان دەکەوێ. دین کە هێمای شەریعەتە و دڵ کە هێمای تەریقەتە، لێرەدا عیشق تاڵان دەکەن، ئادەی دڵپەرست، واتە جەنابی شێخ و، ئادەی دیندار، ئەی جەنابی مەلا رێگە لەم تاڵانکارییە بگرن کە بە سەد فەوجی بەڵاوە لە چاوی لەبننەهاتووی یارەوە سەرچاوەی گرتووە. وەک دەبینرێت لەم بەیتەدا دین و دڵ کە لەگەڵ شێخ و مەلادا لەف و نەشری شێواو یان موشەوەش پێکدێنن، لەژێر باڵی هێرشی فەوجەکانی عەشقی چاوی یاردا بە تاڵان چوون. لەم بەیتەدا عەشقی رووت زاڵە. رووت بە دوو مانا!
یان:
وەسیەتی مەجنوونە: هەر کەس دەردی دنیا عارە بۆی
خۆ بکا وەک من بەدەردی عیشقی یارێ موبتەلا
ئەم بەیتەش وەکوو ئەوەی کە بەرئەنجامی ململانێ و شەڕەشەقی گرووپ و توخمەکانی ناو بەیتی پێشتر واتە دین و دڵ، شێخ و مەلا، سەد فەوجی بەڵا بێت، ئەنجامگیری و تێزێکی ئۆنتۆڵوژیکاڵ یان بوونناسانەمان لە کڵاوڕۆچنە و رێڕەوی عیشقدا ئاراستە دەکات. مەحوی لەم بەیتەدا دەڵێ: وەسییەتی مەجنوون کە بە عاشقێکی شێت ناوی زڕاوە، لەڕاستیدا ئەوە بوو کە گەر باری وجوود و بوون بەسەرتانەوە قورس بوو، دەردی دونیاتان پێ تەحەمول نەکرا و هەرزەیی و پووچیی دونیا لاتان وەها دەرکەوت کە کێشانی باری دەردەکەی بۆتان عار و نەکراوە بوو، رێگەچارەی باش ئەوەیە لەڕێگەی عاشقبوون بە یارێکەوە و گیرۆدەبوونی بە دەردی عیشقییەوە خۆت گۆڵ بدەی و بخافڵێنی.
واتە عەشق جەوهەر و زێڕێکی رەسەن نییە، بەڵکوو رەسەنایەتییەکە لێرەدا سەر بە دەرد و رەنجی "بوون" و دونیایە کە لە رێگەی عەشقەوە دەشێت تەسکین بدرێ و فەرامۆش بکرێت. واتە یار لێرەدا نە بوتە و نە قیبلە و نە سەنەم، بەڵکوو دەرمانێک و رێگەی دەربازبوونێکە. بە وتە خۆمانییەکەی عەشق و یار لێرەدا زەنگی تەفریح و پشوودانێکن کە زۆر دەخایەنێـت.
هەر وەکوو لەسەرەوە باسمکرد، ئەم بەیتە هەڵگری لایەنێکی بوونناسانەیە. لە راستیدا ئەم راڤە و تەئویلەی مەحوی بۆ عەشق و سامان و میراسی مەجنوون لە هەموو شاعیرانی سەردەمی خۆی رچەشکێنانەتر و تازەترە، بۆیە ئەم غەزەلەی مەحوی کە پێکهاتووە لە حەوت بەیت، بە یەکێک لە شاغەزەلەکانی دەزانم و ئەم دوو بەیتەشی بە ئەنگوستیلەی نقێمداری دەستەکانی ئەم شاغەزەلە.
1 دیوانی مەحوی، لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی: مەلاعەبدولکەریمی مودەڕیس و موحەممەدی مەلاکەریم. ئینتشاراتی کوردوستان، ساڵی چاپ 1379


.jpg&w=3840&q=75)
