رووداو - هەولێر
زۆرینەی هێڵە ئاسمانییەکانی وڵاتانی جیهان و ناوچەکە پابەندبوونی خۆیان بە بڕیارەکەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق دەردەبڕن و بڕیاری راگرتنی گەشتەکانیان بۆ کوردستان دەدەن.
دوای ئەوەی حکومەتی عێراق کاژێر 6:00ی ئێوارەی رۆژی هەینی وەک دوا مۆڵەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دا بۆ رادەستکردنی فڕۆکەخانەکان، لە بەرامبەردا بڕیاری راگرتنی گەشت بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەردەکات، تاوەکو ئێستا زۆرینەی هێڵە ئاسمانییەکان پابەندبوونی خۆیان بۆ راگرتنی گەشتەکان دەربڕیوە.
کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر رایگەیاند، هەموو گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی تورکیش ئێرلاین، ئەتڵەس گڵۆباڵ و پێگاسۆز دوای کاژێر 6:00ی ئێوارەی هەینی رادەگرێت.
هێڵی نیشتمانی میسر لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی داواکاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق، گەشتەکانی بۆ هەرێمی کوردستان رادەگرێت. هێڵی ئاسمانی میسر رۆژانە سێ گەشت بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر ئەنجامدەدات.
هێڵی ئاسمانی میدڵ ئێستی لوبنانیش بەهەمان شێوە گەشتەکانی لە ئێوارەی رۆژی هەینی بۆ هەرێمی کوردستان رادەگرێت.
هەر ئەمڕۆش هێڵی ئاسمانی قەتەری راگرتنی گەشتەکانی لە رۆژی هەینییەوە بۆ هەروو فڕۆکەخانەکەی کوردستان راگەیاند.
سەرەڕای بڕیارەکەی بەغدا، گرووپی هێڵی ئاسمانی ئەڵمانی (لوفتهانزا - Lufthansa) بە رووداوی راگەیاند، ئاگاداری ئەو پەیامەن و لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ بەرپرسان، بەڵام گەشتەکانیان بەشێوەیەکی ئاسایی بۆ هاتن و رۆیشتن بەردەوامە و رۆژی شەممەی داهاتووش گەشتیان هەیە و پێشبینی دواخستن ناکەن، بەڵام بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان لە کۆتا ساتدا دەدرێت.
داڕشتنەوە: حەکیم داود



