رووداو- هەولێر
کوردانی ئێزدیش هەموو ساڵێک جەژنی قوربانی پیرۆز دەکەن بە هەمان شێوە یان کەمێ جیاوازتر لە موسڵمانان ، لەو رۆژەدا دەبێ هەر ماڵێکی ئێزدی قوربانییەک سەربڕێت.
کەسایەتی کوردانی ئێزدی شێخ عەڵۆ شێخ خەلەف پێی وایە کە ئەمە نیشانەیەکی خێرە کە موسڵمان و ئێزدیان بۆ قوربانییەکەی ئیبراهیم خەلیل شایی دەکەن.
بەپێی ئایینی ئێزدیش چیرۆکی جەژنی قوربانی هەمان ئەو چیرۆکەیە کە لە قورئاندا باسی لێوە دەکرێت بەڵام ئەوان بە قەولی مەسحەفی رەش کە پرتوکێکی پیرۆزی ئێزدیانە باسی لێوە دەکەن بەوەی کە ئیبراهیم خەلیل ویستی کوڕەکەی سەربڕێت و دواتر خوا بەرانێکی ناردووە و سەری بڕاوە لە جیاتی ئیسماعیلی کوڕی ، دواتر کە ئیبراهیم خراوەتە نێو ئاگر ئاگرەکە نەی سوتاندووە و بووە بە ئاو.
شێخ عەلۆ، زانای ئایینی ئێزدی پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە مسوڵمانان و ئێزدییەکانی جیهان کرد و لە لێدوانێکدا بۆ پێشەوا بەهلەوی ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "ئەمڕۆ جەژنی کوردانی ئێزدی و مسوڵمانانە و دەگەڕێتەوە بۆ ئیبراهیم خەلیل کاتێک بە ئەمری خودای گەورە دەیویست ئیسماعیل بکاتە قوربانی ، خوای گەورە بەرانێکی بۆ نارد و ئەوی لە جیاتی ئیسماعیل کردە قوربانی".
ئەو زانا ئایینییە هەروەها لەو رۆژەدا پەیامێکی بۆ بەشداریی لە گشتپرسی باشووری کورددستان نارد و بە رووداوی راگەیاند کە ، ئەوان هیوا دەخوازن هەموو کورد بە هەموو پێکهاتە و ئایینە جیاوازییەکانەوە روو بکەنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگ بۆ گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان بدەن.

.jpg&w=3840&q=75)
