رووداو - دیالە
کۆرپەیەکی فڕێدراو لە بیابانی بەعقوبەی سەر بە پارێزگای دیالە دۆزرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دوو رۆژ پێش ئێستا فڕێدرابوو. کۆرپەکە کچە و تەمەنی لە چەند رۆژێک تێناپەڕێ، لە بیابانێکی وشک و گەرمایەکی مەترسیداردا فڕێدرابوو.
گیانداری ناوچەکە دەست و پەنجەی کۆرپەکەیان خواردووە، چەند بەشێکی جەستەی بریندارە، براوەتە نەخۆشخانەیەکی دیالە لەوێ چارەسەر وەردەگرێت.
غالب عەتییە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دیالە بە رووداوی راگەیاند "پۆلیس کچە کۆرپەیەکیان لە نزیک یەکێک لە ناوچە کشتوکاڵییەکانی دیالە بە فڕێدراوی دۆزییەوە، ئەو کچە کۆرپەلەیە لەدۆخێکی زۆر خراپدا بوو، دواهەناسەکانی هەڵدەمژی، کۆرپەلەکە رادەستی نەخۆشخانەی بەتوول کرا و هاوکارییە پزیشکییە سەرەتاییەکانی بۆ ئەنجامدرا".
بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی دیالە دەڵێت، باری تەندروستی جێگیرە، چەندین خێزان داوایان کردووە کچەکەیان بدەنێ بۆ ئەوەی بەخێوی بکەن، بەڵام هێشتا پۆلیس لە لێکۆڵینەوەی کەیسەکەدایە و زانیاری لە سەر دایک و باوکی کچە فڕێدراوەکە دەستنەکەوتووە.
مورتەزا خەزرەجی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بەتوول بۆ رووداو دەڵێت "دەستبەجێ تیمێكی پزیشکی شارەزا پێکهێنراوە بۆ چارەسەرکردنی برینەکانی، ئەو لەژێر پلەی گەرمای هاویندا لە بیابان بەجێیان هێشتبوو، بەو هۆیەوە جەستەی تووشی وشکی بووبوو، ئاژەڵ و گیاندارەکان پێنج پەنجەی دەستی راستی و چەند پەنجەیەکی دەستی چەپی خواردبوو.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بەتوول دەشڵێت "چەند داواکارییەک دەست ئێمە گەیشت بە بەخێوکردنی کۆرپەکە لەلایەن رێکخراو و خێزانەکانەوە، بەڵام ئێمە چاوەڕێی بڕیاری دادگاین".
داڕشتنەوە: حەکیم داود


