رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەرایەتی هاوتووچۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بارهەڵگرێک وەرگەڕاوە و سێ سەرنشینی کەوتوونەتە نێو رووبارەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێ، یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و دووانەکەی دیکە رزگار کراون. رووداوەکە ئەمڕۆ شەممە 13ـی حوزەیران روویداوە. هاتووچۆی سۆران رایگەیاند: "ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری ترێلە لە رێگەی هاملتۆن لە رێگە لایدا و وەرگەڕا و کەوتە نێو رووبارەوە. لە ئەنجامی رووداوەکەدا سێ سەرنشین بێ سەروشوێنن". رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رووداوەکە لە گوندی رەزان بووە لە قەزای چۆمان، تیمەکانمان توانیویانە دەستبەجێ بگەنە شوێنی رووداوەکە. دوو لە سەرنیشینەکان بە سەلامەتی رزگار کراون". گوتەبێژی بەگریی شارستانیی سۆران گوتی: "سەرنشینی سێیەم دۆزرایەوە و دەتوانین بڵێین گیانی لەدەستداوە، لەگەڵ دۆزینەوەیدا رەوانەی نەخۆشخانەی سنوورەکە کراوە". کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا دەرمانهێنا، کە بەهۆی سەختی برینەوە گیانی لەدەستدابوو، نەوەکو خنکان". بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران گوتی، شەش تیمیان سەرقاڵی دەرهێنانی بارهەڵگرەکەن لە ئاوەکەدا و ئاساییکردنەوەی رێگەکە. ئاماژەی بەوەشکرد: "دۆخی دوو بریندارەکە زۆر باشە، هەمووشیان خەڵکی سنووری خەلیفانن".
هەواڵە ناوخۆییەکان12-06-2026گەنجێک لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان گیانی لەدەستدا؛ "دەستکاری کارەبای کردووە"