داعش کە هێڕشی کرد و زوممار، شنگال و دەوروپشتیانی کۆنترۆڵ کرد، مەترسییەکی گەورەی بۆ باشووری کوردستان دروستکرد. بەتایبەتی لەسەر زۆنی زەرد کاتێک نزیکی پایتەختی هەرێمی کوردستان و شاری دهۆک بووەوە و بەهۆیەوە بەشێکی خەڵکی ئەو دوو شارە گەورەیە ماڵەکانیان چۆڵ کرد. ئەوکاتە پارتی دیموکراتی کوردستان کەوتە رەوشێکی خراپەوە و پێویست بوو لە یەک کاتدا متمانە بۆ خەڵکی بگەڕێنێتەوە و پێشوازی لە سەدان هەزار ئاوارەی ناوچەکانی دیکەش بکات. لە هەمووشی گرنگتر پێویست بوو هێزی پەرتەوازەبووی پێشمەرگە دووبارە کۆبکاتەوە و رێگری بکات لە پێشڕەوییەکانی داعش بە هەر نرخێک بووە. بۆ ئەو مەبەستەش سەرکردایەتی ئەو پارتە لە دەرەوە و ناوخۆی کوردستان هەنگاوی خێرای هەڵگرت و خۆی بەدوورگرت لە وەڵامدانەوەی هەر کار و کردەوەیەکی رکابەرەکانی. بە پێچەوانەوە بینیمان چۆن سەرۆکی پارتی سەردانی گەریلاکانی پەکەکەی کرد لە مەخموور و سوپاسیانی کرد بۆ بوونیان لەو ناوچەیە. ئەوە دۆخی دوای ئابی ساڵی 2014 بوو. بەڵام ئێستا 2017یە و رەوشەکە بەتەواوی بۆ بەرژەوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان گۆڕاوە. ئێستا زۆربەی ناوچەکان لەژێر دەستی داعش دەرهێنراون و پێشمەرگە کۆنترۆڵیان دەکات کە بارزانی فەرماندەی گشتیی پێشمەرگەی کوردستانە. هەروەها پارتی لەگەڵ پارتە کوردییەکانیش لە پێگەیەکی بەهێزدا دانوستاندن دەکات. لەسەر ئاستی جەماوەریش توانیویەتی سۆزی خەڵکی رابکێشێت بەهۆی گوتاری دەوڵەتخوازی. لەلایەکی دیکەشەوە لەگەڵ بەغدا هەماهەنگی دروستکردووە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پشتیوانی زۆری پەیدا کردووە و چیدی سەرۆکی پارتی و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن پارتییەوە بەڕێوەدەبرێت، سەردانی وڵاتان ناکەن بۆ داواکردنی هاوکاری، بەڵکو بەردەوام شاندی وڵاتان سەردانی هەولێر دەکەن و هەموو هاوکارییەک پێشکەش دەکەن! لەبەرامبەردا پەکەکە لە پاشەکشەدایە و بەردەوام ناوچەی زیاتر لەدەست دەدات. یان رادەستی حکوومەتی سووریای دەکات و یانیش بۆ تورکیای جێدێڵێت! لەبەر رۆشنایی ئەو رەوشە تازەیە، پێشهاتەکانی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی مووسڵ و نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاساییە کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی دووبارە گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بدات کە پێشتر لەژێر دەستیدا بوون. بە تایبەتی شنگال کە ئێستا کۆدەنگییەک هەیە بۆ دەرچوونی پەکەکە لەو قەزایە. میری ئێزدیانی جیهان، جڤاتی رۆحانی، فەرماندەی پێشمەرگەی شنگال و قایمقامیەتی شنگال وەکو نوێنەری هەموو توێژەکانی جڤاکی کوردانی ئێزدی، داوای دەرچوونی پەکەکە دەکەن. هەروەها پارێزگاری نەینەوا، ئەنجوومەنی پارێزگا و هۆزەکانی ئەو پارێزگایە کە نوێنەرایەتی خەڵکی ناوچەکە و حکوومەتی عێراق دەکەن، ئەو داوایەیان پێشکەش کردووە و حکوومەتی کوردستانیش چەند جارێک ئەو داوایەی کردووە. من لەو باوەڕەدام کە پەکەکە بە چۆڵکردنی شنگال پێگەی لەناو گەلی کورد بەرز و بەهێز دەکات. بەپێچەوانەشەوە تووشی زیان دەبێت، چونکە بە زەبری هێز دەردەکرێت و خانەسۆر دەبێتە دەستپێکی کۆتایی پەکەکە لەو قەزایە. با کەسیش گرەو لەسەر مەسەلەی حەرامکردنی کوردکوژی نەکات. چونکە پێموایە بۆ شنگال جیاواز دەبێت و بردنی پێشمەرگەی رۆژئاوا بۆ ئەو ناوچەیە بەڵگەیە لەسەر جدییەتی پارتی لەسەر ئەو مەسەلەیە. بۆیە گرنگە هەر تاکێکی ئێزدی پشتیوانی لە بانگەوازی میر بکات و داوا لە پەکەکە بکات ناوچەکە چۆڵ بکات، شنگالیش وەکو ئامەد، شرناخ، گەڤەر و جۆلەمێرگ خاپوور نەکات و بروات!