ساڵی 1999 پەرتووكی ئاینی ئێزدیاتی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە چاپ كرا و خرایە نێو مەنهەجی خوێندنی قوتابخانەكانی ناوچەی ئێزدینشین. منیش وەكو تایپێست بەشداریم كرد لە دروستكردنی ئەو پەرتووكانەدا. بەتایپكردنی هەزارەها پیت، سەدان وشە و دەیان دێڕ و پەندی ئاینی كە لە ئێزدیاتیدا بە (سەبەقە) ناودەبرێن، توانیم قووڵتر رۆبچمە نێو هەندێك لایەنی ئەو ئاینەوە. لەبیرمە لە مانگی رەمەزاندا سەرقاڵی ئەو پەرتووكانە بووم. ئەوەش بووە هۆی رەخنەگرتنی هەندێك لە برادەران كە دەیانگوت "كاركردن و چاپكردنی ئەو پەرتووكانە حەرامە بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا!". پێش چەند رۆژێكیش سەردانی پەرستگای لالشمان كرد. لەوێ نزامان بۆ خۆشی و سەركەوتنی گەلەكەمان كرد. لەسەر ئەوەش هەندێك كەس رەخنەیان لێگرتین كە "دوعاكردن لەوێ دروست نییە!".
دیارە ئێمە یەكەم كەس نین و یەكەم جاریشمان نەبوو بچینە لالش. پێشتر سەردانی گەلێك شوێنی پیرۆزی دیكەشمان كردووە وەكو شەرفەدین، مەزارەكانی دێرەبوون، شاریا و باعەدرێ و ... هتد. هەروەك چۆن سەردانی پەرستگە پیرۆزەكانی مەسیحییەكانی كوردستانیشمان كردووە لە ئەلقۆش، پێشابوور، میدیاد، دۆرێ و ...هتد. لەگەڵ مەزارە پیرۆزەكانی كوردی موسوڵمانیش وەكو مەزاری مەلای جزیری، مەزاری زانا و شێخی گەورەی كورد ئەحمەدی خانی و زۆری دی. لە هەموو ئەو سەردانانەشدا هیوای خۆشی و سەركەوتنمان بۆ گەلەكەمان خواستووە.
هەڵبەت هەموو ئەو پەرستگە و مەزارانە پێكەوە بەشێكن لە مێژوو، كولتوور و ئاینی كۆمەڵگەی كوردستان. هەریەكەیان پیرۆزی و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە. ئەوجا مادام باوەڕمان وایە كە هەموو پێكهاتەكان بران وەكو هەمیشە باس دەكەین، كەواتە پێویستە شوێنە پیرۆزەكانی هەر پێكهاتەیەكی ئەم وڵاتە تەنانەت ئەگەر ژمارەی پەیڕەوانی یەك كەسیش بێت، لای پێكهاتەكانی دیكە پیرۆز بێت. ئەوەش گوناح نییە و شتێكی ئاساییە كە ئەوەی بۆ برای من پیرۆز بێت، بۆ منیش پیرۆز و جێگەی رێز بێت.
پێش دە ساڵ وتارێكمان لە كۆڤاری (سیلاڤ)دا بڵاوكردەوە كە باسی ئەوەمان كردبوو بۆ دروستكردنی دەوڵەت پێویستە سەرەتا دیواری نێوان پێكهاتەكان بڕووخێنین. بەڵام دیارە دیوارەكان هەر ماون و مەسەلەی برایەتیی پێكهاتەكانی كوردستان لای هەندێك كەس تەنیا قسەیە، بەشێكیش هەر باوەڕیان پێی نییە! ئەوەش بەبۆچوونی من هەڕەشەیە بۆ پێكەوەژیانی ئاشتیانە و بەربەستێكی گەورەشە لەبەردەم هەر هەنگاوێك بۆ سەربەخۆیی كە دەمێكە بانگەشەی بۆ دەكرێت.
لێرەدا باسەكەمان لەسەر كۆمەڵگە و شوێنە پیرۆزەكانی ئێزدییەكانە كە ژمارەیان لە كوردستانی گەورە یەك ملیۆن كەس دەبێت. واتە باسی ئاین، كولتوور و مێژووی پیرۆزی خۆمان دەكەین. بۆیە بەشداریكردنی راستەقینە لە بۆنە و رێوڕەسمەكانی ئەو برایانەماندا سەرەتایەكی گرنگ دەبێت بۆ پەیڕەوكردنی تێگەی پێكەوەژیان. جوانترین شێوازی بەشداریكردنی راستەقینەش ئەوەیە (بۆ نموونە) لە بەهاردا لەگەڵ كچ و كوڕی ئێزدی گوڵی سوور بچنین بۆ پێشوازی لە جەژنی سەری ساڵ، لە تەوافەكاندا خواردن دروست بكەین و بەسەماكردن بەرەو لوتكەی چیا و مەزارەكانیان بڕۆین و لە جەژنەكانیشدا سەردانی ماڵەكانیان بكەین بۆ پیرۆزباییكردن. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە لە قەیرانەكاندا دەستیان بگرین، دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگیان لەكاتی نزاكردن بۆ خودای گەورە و، بەمتمانەوە بۆ سەركەوتن و دەربازكردنی قەیرانەكان هاوار بكەین "هۆل هۆلا تاوسێ مەلەكە".



