رووداو - هەولیر
وەزیری تەندورستی عێراق ئاشكرایكردووە، ژمارەی كوژراوەكانی تەقینەوەكانی كەڕادە گەیشتووەتە 342 كەس.
عادیلە مەحموود، وەزیری تەندروستی عێراق رایگەیاندووە، لە تەقینەوە خۆکوژییەکانی 3-7-2016 لە بازاڕی کەڕادەی ناوەڕاستی بەغدا 342 کەس گیانیانلەدەستداوە و رۆژ بەرۆژ قوربانییەکانی زیاد دەبن.
ئەوەش لەكاتێكدایە دوو رۆژ دوای تەقینەوەكان ئاماری كوژراوەكان بە 292 كەس و بریندارەكانیش بە زیاتر لە 200 كەس هەژمار كرد.
بەگوتەی وەزیری تەندورستی بەپێی لیکۆڵینەوەکانی دادی پزیشکی بۆ دەستنیشانکرنی ناسنامەی قوربانیان، ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکانی کەڕادە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت.
عادیلە مەحموود راشیگەیاندووە "راستە پێشتر رامانگەیاند کە ژمارەی کوژراوان 292 کەسن، بەڵام دوای لیکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە ئەوانەی پێشتر وەک ونبوو ناویان تۆمارکرابوون، لەنێو کوژراواندا و لەبەر زۆری رێژەی توانەوە و سووتانیان درەنگ ناسنامەكانیان دەستنیشانکراون".
ئەو تەقینەوانە کە داعش بەرپرسیارەکەی لە ئەستۆگرت، بەخوێناویترین هێرش هەژمار دەکرێت لە عێراق دوای نەمانی رژێمی سەددام حوسێن لە ساڵی 2003.

.jpg&w=3840&q=75)
