رووداو- دهۆک
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک ئامادەکاری دەکات بۆ پێشوازیكردن لە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار، بۆ ئەو مەبەستەش 15 لیژنە پێكهێنراون بۆ ئەوەی بتوانن پێشوازی لە گەشتیاران بکەن و رێنماییان بکەن.
سلێمان ئالیخان، بەرپرسی نووسینەگەی رووداو لە دهۆک رایگەیاند، پێشبی دەکرێت بەمەبەستی ئەنجامدانی گەشت نزیکەی 30 هەزار گەشتیار لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق سەردانی پارێزگای دهۆک بکەن.
بەرپرسی نووسینەگەی رووداو لە دهۆک ئاماژەی بەوەکرد، هاتنی 30 هەزار گەشتیار بۆ شوێنە گەشتیارەکانی پارێزگای دهۆک، دوو بەرامبەر گەشتیاران دەبێت بەراورد بە ساڵی رابردوو کە تەنیا 15 هەزار گەشتیار روویان لە دهۆک کردبوو.
لەبارەی چۆنیەتی ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، سلێمان ئالیخان گوتی" بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری دهۆک ئامادەکاری کردووە بۆ گەشتیاران و هەروەها 15 لیژنە پێكهێنراون بۆ ئەوەی بتوانن پێشوازی لە گەشتیاران بکەن کە لە سنووری پارێزگای دهۆک 7 شارۆچکەی گەشتیاری هەن".



