رووداو - میسر
میسرییەکان بەشداری لە ئاهەنگی بەهاری فیرعەونی دەکەن، لەم جەژنەدا بەهەزاران خێزانی ئەو وڵاتە خواردنی ماسی لە خوێنراو ئامادەدەکەن، کە بە "ەسیخ" ناسراوە.
ئەو خواردنە مێژووەکەی بۆ میسری کۆن دەگەڕێتەوە، کە بۆ خواوەند قوربانیکراوە. ئەو ماسییە بۆ ماوەی 15 تاوەکو 20 رۆژ لە بەرمیلی داری پڕ لە خوێ هەڵدەگیرێت و دواتر دەفرۆشرێت.
یەکێک لە دوکانەکانی فرۆشتنی ماسی لەو رۆژەدا بەتایبەتیش لەم کاتەی ساڵدا، قەرەباڵخ دەردەکەوێت، بەشێکی زۆری کڕیارانیش ماسی فەسیخ و رنجە دەکڕن، کە خواردنێکی کۆنباوی میسڕین و لە جەژنی زیندووبوونەوەی فیرعەون کە بە "شنەبای نەسیم" ناونراوە ئامادەکراون.
ماسی بوری کە جۆرە ماسییەکی تایبەتە لە خوێدا وشکدەکرێتەوە، دواتر لە بەرمیلی لەدار درووستکراودا هەڵدەگیرێت.
ئەمساڵ بەهۆی دابەزینی بەهای جونەی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، نرخی فەسیخ و رنجە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، وێڕای بەرزبوونەوەی نرخەکەی ئەو دوو جۆرە ماسییە لە هەموو کاتەکانی ساڵدا دەفرۆشرێت، بەڵام میسرییەکان هێشتا ئەو خواردنە کۆنباوە لە کاتی جەژنی "شنەبای نەسیم" زیاتر بەکاردەهێنن.
لە میسری کۆن، موژدەی جەژنی زیندووبوونەوەی فیرعەون یان "شنەبای نەسیم" لەوەرزی چنینەوەدا دراوە، وكە دەگوترێت فیرعەونەکان لەو رۆژەدا بۆنی پیازییان کردووە و ماسی لە خوێندراویان خواردووە.
مێژوونوسێکی میسری لە پەیمانگای باڵا بۆ خوێندنی ئەفریقی لە زانکۆی قاهیرە، باس لە وردەکاری ئەو رۆژە دەکات.
یەحیا غەزاوی، لێکۆڵەر و مێژوونووس دەڵێت "جەژنەکە جەژنێکی فیرعەونییە و بەناوی شنەباوە بووە، لە وەرزی بەهاردا بووە کاتێک کەشوهەوا هاوسەنگ دەبێت، ئامانج لە سوێرکردنی ماسی، سەرەتا وەکوو جەژنێک و دواتر بە ئامانجی ئابووریە، بۆیە ماوەیەکی زۆرە ئێمە پارێزگاری لەو بەرهەمە دەکەین".
جگە لە ماسی لە خوێنراو، سەوزە و میوە لەگەڵ ئەو خواردنە گرنگی خۆی هەیە، بەتایبەتیش پیازی سەوز و خاس و لیمۆ، کەوا دەبیندرێت خواردنەکە تەندرووست دەکات، جیا لە ئامادەکردنی ئەو خواردنە لە جەژنی "شنەبای نەسیم" هێلکەی رەنگاورەنگکراویش بەکاردەهێندرێت.



