رووداو - هەولێر لە شاری کلمیم لە مەغرب بازاڕی تەعج هەیە کە تایبەتە بە کڕین و فرۆشتنی وشتر، بازاری تەعج لە بیابانێکی وشکدا هەڵکەوتووە لە چلەکانەوە ناوبانگی جیهانیی پەیداکردوە، هۆزی تەوارق کە بە جلە شینەکانیاندا دەناسرێنەوە زۆرترین مامەڵە لە بازاڕەکەدا دەکەن، لە مەغرب گۆشتی وشتر زۆر رەواجی لەسەرە بە تایبەت بۆ گەشتیارە بیانیەکان کە تا درەنگانی شەو لە دەواری هۆزە عەرەبەکاندا کەیف دەکەن. بازاڕی تەعج بازاڕێکی تایبەتی کڕین و فرۆشتنی وشترە، بۆیە شاری کلمیم لە مەغریب لە سەدەی 19ـەوە بووەتە شوێنێکی ستراتیجی بۆ ئەو کاروانچیانەی بیابانەکانی مەغریب بەپێ دەبڕن. وشتر ئامرازێکی کۆنباوی گواستنەوەیە لە بیابانەکاندا، ئەو بازاڕەش بووەتە ناوەندێکی بازرگانیکردن بە وشتر لەو ناوچەیە. تشۆمۆریکی، فرۆشیاری وشترە لە بازاڕەکەدا و دەڵیت" ئەو بازاڕە لە چلەکان و پەنجاکاندا لە جیهاندا ناسراوە، مێژوێکی دێرینی هەیە، لە رابردوودا خەڵک لە مۆریتانیا و سەنیگال و مالی و ئەفریقا دەهاتنە ئەو بازاڕە، ناوەندێکیش بوو لەنێوان مەغریب و ئەفریقا". ئەمەیە هۆکاری بوونی کلمیم بە گەورەترین بازاڕی کڕین و فرۆشتنی وشتر لە مەغریب و یەکێکە لە بازاڕە هەرە گەورەکان لە ئەفریقا، ئەو بازاڕە لە سەرەتای بەیانی هەموو شەممەیەک دەکرێتەوە، لەو رۆژانەشدا خەڵکێکی زۆری بەخێوکەران و کڕیاران و فرۆشیارانی وشتر روویان تێکردووە، کە بووەتە سەرچاوەیەکی گەشتیاریش. ئەوە هەلێکی دەگمەنە بۆ بینینی هۆزی تەوارق کە بە پیاوانی شینی بیابان ناسراون، ئەوان لەو کاتەدا سەردانی بازاڕی کلمیم دەکەن بۆ بازرگانیکردن بە وشتر و کڕینی پێداویستییەکانی ژیانی بیابان. گۆشت و شیری وشتر خۆشترین خواردنە بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتە و ئەو گەشتیارانەی روو لە مەغریب دەکەن، خاوەنی خواردنگەی خانەی پێشوازی واد دانوونی تایبەت بە پێشکەشکردنی خواردنی ناو مەقلی بە گۆشتی وشتر.
تەندروستی09-06-2026وەزیری تەندروستی: هەڵکەوت عەزیز پەیامنێرێکی دڵگیر، چالاک و زیرەک بوو، ورد بوو لە بەدواداچوونەکانی