بەر لە هەر شتێك، ناونیشانی پێشانگەكە، بە رێنووسێكی هەڵە، لەدیوی دەرەوەی هۆڵی چالاكییەكەدا، نووسراوە: (پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر) (یا) یەك لە (نێودەڵەتی) پەڕیوە و دەبوو (پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر) بێت. (نێودەوڵەتی هەولێر) و (نێودەوڵەتیی هەولێر) ئاسمان و ڕێسمانیان لە واتادا، نێوانە.

2
پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب، تەنێ شوێنێ نابێ بۆ ساغكردنەوەی كاڵا و پێكگەیشتنی كڕیار و فرۆشیار، بەڵكە چالاكییەكی تەواو فەرهەنگی و ماریفەتیی دەبێت، بەوەی لە (پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب)دا، لە تەك كڕین و فرۆشتندا، چەندان كۆڕ و چالاكیی ڕۆشنبیری و هونەری ئەنجام دەدرێت. سەرەڕای وێكگەیشتنی نووسەر و خوێنەران بە یەكتری و، دیداری هەمەلایەنەی كتێبیاران. بەدەر لە ئەمانەش، ئەگەر هیچیش نەبێت، خودی كۆوەكردنی كتێب لە شوێنێكی وەها بەردەستدا، دیاردەیەكی كولتووری و ماریفەتیی بەرزە.

3
لە دیوە بازرگانی و ئابوورییەكەدا، ئەگەر لێزانانە مامەڵە دەگەڵ ئەو چالاكییەدا بكرێت، بە سوودی ئەو شارە بە كۆتا دێت كە تێیدا ئەنجام دەدرێت. بەهۆی ئەم چالاكییەوە، لەم چەند رۆژەدا، سەتان خوێنەر لە دەرەوەی نێوچە و وەڵاتەكەی تۆدا، بۆ شارەكەت دێن. تێچوونی خەو و خواردن، هەم هەموو ئەو چتانەی پێوەستن بە بابای گەشتیار، دواجار دەچێتە سەر هەژماری ئابووریی شار.
لەنێو پێشانگەدا، دەزگە نێوخۆییەكانی وەشان و بڵاوكردنەوە، دەتوانن گرێبەست دەگەڵ دەزگە ناودارە جیهانییەكان بۆ كاری هاوبەش، مۆڵەتی تەرجەمە و چاپ، ببەستن.
بۆ خوێنەرانیش، بەبۆنەی داشكاندنەوە، باشتر سوود لە سەرمایەی گیرفانی خۆی بۆ كڕینی كتێب، وەردەگرێت. لەجیاتی ئەوەیش پارەی زۆر لە هێنانەوەی ئەو كتێبانە خەرج بكات كە لە وەڵاتەكەی خۆیدا چنگی ناكەون، لەوێ بەبێ هیچ خەرجییەكی پۆست و ڕێگە، دەیكڕێت.
ئەم دوو سوودە، ئابووری و فەرهەنگییە، پێوانە و سیما سەرەكییەكانی هەموو پێشانگە نێودەوڵەتییەكانی كتێبە لە جیهاندا. بەڵام لەوەی خۆماندا، بە كزی و كەمی، بەرەنجامەكانی ئەو سوودانە دەبینی، ڕەنگە هەر نەشیبینیت.
بە تایبەت لە باری ئەتەكێت و ئاكار و فەرهەنگدا، كتێبفرۆشە كوردەكان زۆر كۆڵەوارن. بە سەرەلمووز، وەڵامی كڕیاران دەدەنەوە و ئەتەكێتی فرۆشتنیان خراپە. هەرچی كتێبفرۆشە عارەبەكانە، سەعاتێ بەوپەڕی ڕووخۆشی و ڕەفتارجوانییەوە، كتێبەكەت بۆ شەرح دەكات و پێتی ئاشنا دەكات و وەڵامی هەموو پرسیارێكیشت دەداتەوە.

4
من هیچ لاریم لە زوان و كولتووری عارەبی نییە، وەختێ بۆ خۆیانە، بەڵام كە هێرش (غزو)ی كردە سەر زوان و كولتووری ئەوی دی، مایەی وەستان و هەستانە. بەشێوەیەكی گشتی، فەزای گشتیی پێشانگەكە، تەواو عارەبییانەیە، نەك كوردانە. ئەگەر بڕیار وایە ئەو چالاكییە وەك شانازی لەبۆ كوردستان و هەولێر هەژمار بكرێت، دەبوو كەشی پێشانگەكە، كوردانە بووایە، ئەوجار چالاكی و چتی تری بە عارەبی و زوانەكەی دیكەشی تێدا هەبووایە. یانی باڵایی لەبۆ زوان و فەرهەنگی كورد بێت، نەك عارەبی.
لە شوێنی بەڕێوەبردنی چالاكییەكاندا، چەندان وێنەی نووسەرانی عارەب و جیهان هەڵواسراون، لە وێنەی (فەلەكەدین كاكەیی) بترازێت، وێنەی هیچ نووسەرێكی كوردی پێدا هەڵنەواسراوە، ئەوەی كاكەییش، ڕەنگە هەر لەبەر ئەوە بێت كە بە عارەبی نووسیویەتی.
ناوی هەموو دەزگە و خانەكانی وەشاندن، بە عارەبیی هاتوونەتە نووسین.
زوانی یەكەمی وەرام و رێنوێنیی بەڕێوەبەرایەتیی پێشانگەكە، عارەبییە.
زۆربەی كۆڕ و سیمنیارەكان عارەبین.
من دژی نەژادپەرستی (ڕاسیزم)م، بەڵام ناشكرێت وە بەهانەی دژە ڕاسیزمی و جیهانیبوون، وەدەستی خۆمان، فەرهەنگ و كولتووری وەڵات و نەتەوەی خۆم، ڕادەست و بندەست بكەم. گرفتی سەرەكیی ئەوەیە، سیاسەتی كولتووری لێرەدا بوونی نییە.

5
دەزگەی مەدا، یازدەهەمین ساڵە سەرپەرشتیی ئەو پێشانگەیە لە هەولێردا دەكات، لە ماوەی ئەو چەند ساڵەشدا، دەگەڵ سەتان داواكاریی ڕۆشنبیران و وەزارەتەكەی ڕۆشنبیرییش، دواجار چ كەس دەرەقەتی مەدا نەهات و، فەخری پێشانگەكە هەر وەبەر فەخریی مەدا، كەوتووە. زاڵێتیی عارەبی لە هەموو ڕووەكاندا، هەر بۆ سەرپەرشتیی دەزگەیەكی عارەبییانە دەگەڕێتەوە.
نازانم، من هەستی ئەوەم بۆ دروست دەبێت كە ئەوەی هەولێر، وەك ناچارییەك لە شوێنی پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە بەغدا، ئەنجام دەدرێت. خۆی بەناوبانگترین و پڕچالاكیترین پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە ئێستای جیهانی عارەبیدا، پێشانگەی نێودەوڵەتیی (قاهیرە)یە. بەڵام بەر لەوی، ئەوەی بەغدا بوو. تەنانەت یەكەم پێشانگەیەكی نێودەوڵەتیی كتێب لە جیهانی عارەبیدا، لە بەغدا بوو، 7 ساڵ بەر لە كردنەوەی پێشانگەكەی قاهیرە، یانی لەساڵی 1938.
ئیدی وا هەستدەكەیت، بەهۆی بۆ نەلوانی كردنەوەی ئەو پێشانگەیە لە بەغدا، بە ناچاری هێنراوەتە هەولێر.
بەس نەبێ؟ رۆژی نەهات پێشانگەكە بدرێت بە دەستی وەزارەتی رۆشنبیری یان هەر لایەنێكی پێوەندیداری دیكەی كوردی؟

6
هێندێ گلەیی كە لەو پێشانگەیە دەكرێت، لاوەكی و سادەن. دەگوترێت پڕ بوو لە كتێبی عارەبی و دینی. ئەوە ڕاستە، بەڵام دەبێت بزاندرێت پێشانگەی نێودەوڵەتی، بۆ هێنانی كتێبی دەرەوەیە، بۆ نێو وەڵات. من بۆ ئەوە بۆ پێشانگە دەچم، تا ئەو كتێبانەم چنگ بكەوێت كە لەنێوان ئەو ساڵەدا هاتوونەتە چاپ و وەشان و لە كتێبفرۆشییەكانی نێوخۆدا، چنگ ناكەون. تاوێ بە ئاسانیی كتێب لە دەزگەی میسری، توونسی، مەغریبی، لوبنانی، ئوردنی... دەكڕم، وا دێتە بەرچاوم، بۆ هەر هەموو ئەو وەڵاتانە، بۆ كڕینی كتێب گەشتم كردووە. دەبێت ستایشی پێشانگە لەم رووەوە بكرێت، نەك تانەوتەشەری لێبدرێت. ئەوەی جێی گلەییە لەو خاڵەدا، كەمیی كتێب و سەرچاوەیە، بە زوانەكانی دیكە. دەبوو لە تەك عارەبیدا، هەژماری بەرچاو بۆ دەزگەكانی وەشانی (توركی، فارسی، ئینگلیزی...) بكرابووایە.

7
قەدەغەكردنی هێندێ كتێب، بابەتی سەرەكیی قسەلەسەركردن و مشتومڕی نێوان عەلمانی و ئیسلامییەكانە. هێندێ زۆر بەبێ ئینسافانە، بەبێ ئەوەی ئاگاداری تەواوی بەرەمەكانی نێو پێشانگە بن، ئەوێندەرێ بە فێرگەیەكی داعش هەژمار دەكەن، بەوەی پڕ لە كتێبی سەلەفییەت و توندڕۆییە. بەڵام ڕاستینەی بابەتەكە، پێچەوانەكەیەتی. یەك دوو خانە نەبێت كە كتێبی زۆری دینیی لێ دەفرۆشرێت، باقی خانەكانی تر، فرۆشتنی كتێبە فیكری و ئەدەبی و سیاسییەكان، جمەی دێت.
ئەوەندەی من تاقیبم كرد، هیچ كتێبێكی توندڕۆیی وەهام بەرچاو نەكەوت كە فیعلەن شایان بەوە بن بخرێنە ژێر سانسۆر و قەدەغەكردنەوە. ئەوە پێشانگەی كتێبە، دەبێ لێبگەڕێین فرەئاراستەیی خۆی بپارێزێت، قەیدی چییە با كتێبی دینیی لێبێت، ئەی بۆ باس لەوە ناكەن كە كتێبی پێچەوانەشی لێیە، من خۆم دەیان كتێبم كڕی كە رەخنەن لە ئایین، كەچی یەك دیندارم نەبینی بڵێ ئەوانە ترسناك و هەڕەشەن و دەبێت وەلا بنرێن.
دەڵێن كتێبەكانی (بن تەیمیە، بن باز، بن عوسەیمین، ئەلبانی...) هاتوونەتە قەدەغەكردن و هەڵگرتنەوە. ڕاستییەكەی ڕاستە كە هەموو ئەو "بن"انە لە "سەر"انی سەرچاوە و ژێدەری شەرعیین بۆ گرۆ توندئاژۆ دینییەكان و، هەردەم ئیلهابەخشی كردە ئیرهابییەكانیان بوون. وەلێ بڕیاری قەدەغەكردنی كتێبەكانیان بە تەنێ و بەو ڕەهاییە، چارەسەری گوتار و ڕەتاری توندڕۆیی ناكات، چون توندڕۆیی ئیسلامی تەنیا لە ئەمانە پێكنەهاتووە.
دواتر، چتێكی وەها قەدەغە دەكەیت، بە چ پێوەرێك ڕێوشوێنێكی وەها ئەمنی _ ئەمنیی فیكری _ لە ڕاگەیاندندا زەق دەكەیتەوە و دەیخەیتە سەر زاری ڕەشەخەڵك؟ ئەمە فەلتەیە لە كاری ئیداریدا.
ئێمە لە سەردەمی سۆشیال میدیا و تەكنەلۆجیای بەردەستدا دەژین، بە یەك كلیك لە ماوەی یەك خولەكدا، كتێبخانەیەكی زەخمی توندڕۆیەكان، دێتە نێو لاپتۆپ و ئایپاد و مۆبایلەكانمان. ویستمان لەسەر هەر كام لەو كتێبانە بێت، بە ئاسانی پرێنتی دەكەین و دواتریش دەیخەینە نێو ڕەفەی كتێبخانەكانمان. ئیتر ئەوە نابێت بەهۆی رێگریكردن لە وەدەستخستنی ژێدەرەكانی توندئاژۆیی.
دواتر، كەسێكی توێژەر لە ئاییناسی و سەلەفیگەرایی، بێگومان بۆ لێكۆڵینەوە و توێژینەوەكانی، بۆ ئاگەداربوون لە بیر و ڕێبازیان، پێویستی بە سەرچاوەكانی خودی خۆیان دەبێت، ئەگەر چنگی نەكەوێت، پەكی لە چەندان وردبینی و لێكۆڵینەوە دەكەوێت.
كتێب لەگەڵ ئەوەی سەرچاوەی فیكریی یەكەمیانە، وەلێ لە ئێستەدا و لە وەڵاتی ئێمەدا، چالاكی و گەشەی توندڕۆیی دینی، زێدەتر لە ڕێگەی گوتاری بانگخوازی و ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراوەیە.
بنبڕكردنی توندڕۆیی فیكری بە كولتوور دەكرێت، ئەم چتە وەك هێندێ حاڵەتی وەك نیقاب و حەلقەی جیهادی... نییە كە بتوانرێت بە گۆشەیەكی چەپانە، وەبێ یەك و دوو، قەدەغەی بكەیت. دەبێت گرنگیی بە سیستەمی پەروەردە بدرێت. زۆربەی نەهامەتییەكانی وڵاتی ئێمە، بەرەنجامی نەنگییەكانی پەروەردەیە. سیستەمێك، كولتوورێكی وەها بێنێتە ئاراوە كە تاكی كورد بە سرووشتی حاڵ، ئاوڕ لە گوتار و تەوژمی ئەو (بن)انە، نەداتەوە.
قەدەغەكردنی ئەم كتێبانە بەشێوە گشتگیرییەكە، هیچ بەرەنجامێكی ئەرێنیی نابێت، ئەگەر نەرێنیش دروست نەكات. قەدەغەكردنی كتێب، كولتوورێكی سەلەفییانەیە. لە ڕێبازی سەلەفییەت تۆقدانی ژێدەرەكان (حصر المصادر) پیادە دەكرێت. ئەوەی كە پێویستە هەبێت، فلتەرێكی بەهێزە.
چاوێك بە مەنهەجی فێرگە دینییەكاندا بخشێنرێتەوە كە بەشێكیان تا ئێستەش، كتێبەكانی ئەو (بن)انەی لێ بە دەرس دەخوێندرێن و مەنهەجن.
ئەقڵانییەت و بەرەمدار ئەوەیە، بە پرۆژەی ستراتیجی، گۆڕین لە فیكری توندڕۆییدا، بێنییە ئاراوە، ئیتر بە دەیان میكانیزمی دروست.

8
هێندێ كەس گلەیی ئەوە دەكەن، دەبێت ئەو پێشانگەیە لە سلێمانی بێت، چون ئەوێ پێتەختی ڕۆشنبیرییە. ڕاستییەكەی ئەو ئارگیۆمێنتە لاوازە، چون ناسناوی پێتەختی ڕۆشنبیری، لەو وەڵاتەی مەدا، وەك هەموو چتەكانی تر، وەبەر پشك و دەستكەوتی حیزبی و سیاسیی كەوتووە. لە هیچ شوێنێكی دنیادا، ناسناوی (پێتەختی ڕۆشنبیری) جێگر و سابت نییە، بەڵكە ساڵانە بەپێوەری چەندێتی و چۆنێتیی هەر شارێك، ئەو ناسناوە دەبەخشرێت. بۆ نموونە هەردوو ساڵانی 2009 و 2010 دیمەشق پێتەختی ڕۆشنبیریی وەڵاتانی عارەبی بوو، زووتریش بەغدا، دواتری ئەبوزەبی. لێرەش دەبوو وەها بێت، بۆ نموونە گەر ئەوساڵ (هەڵەبجە) پڕ چالاكیترین بوو، ئەوێ حەقی ناسناوەكەیە، بەمشێوەیە شوێنەكانی دیكەش. ئیدی گلەیی ئەوانە بەو بەهانەیە، لەجێی خۆیدا نییە. دواتر ئەو قەڵسبوونەی بۆ چییە، قاتی هەولێریش هەر كوردستان و بگرە پێتەختی وەڵاتە دابەشكراوەكەی هەموومان نییە؟

9
كتێب بۆ خاوەنەكەی، وەك منداڵی خۆی وایە. دەیپارێزێت، خزمەتی دەكات، دەیلاوێنێتەوە، ڕێزی دەگرێت. بگرە خۆشی لەسەر بەكوشت دەدات. وەلێ زۆرینەی خوێنەرانی ئێستا، لە ڕێزگرتن و مامەڵەیان دەگەڵ كتێبدا، پێچەوانەی ئەم هاوكێشەیەن. هەبوو تا هێزی هەبوو كتێبەكەی دەستی فڕێ دەدا سەر زەوی .. لە هەڵدانەوەی پەرەكانیشی، ئێجگار وەبێ سەروبەر بوو. خۆ چەندان جارم بینیوە، كچ و كوڕی ئەم وڵاتە (بەتایبەت قوتابیی زانسگە)كان، لەبەر خۆرەتاو كتێبەكانی دەستیان، بەرەو ڕووی ڕۆژ، لەبری چاویلكە، بەكارهێناوە.. چەندان جار، لە كاتی باراندا، بینیومە كتێبەكەی دەستی، لەسەر سەری داناوە، تا بارانی بەرنەكەوێت. ئا ئەمەیە كتێبدۆستیی موزەیەفی خوێنەری زەمانە.
"الحافڤ السخاوی" لە كتێبی (فتح المغیپ بشرح ألفیە الحدیپ)دا دەڵێت: "سلیمان بن داود الشَّاژَكُونی (ساڵی 234 وەفاتی كردووە) لە ڕێگەی (ئەسفەهان)، شەوەكەی، تووشی بارانێكی بە خوڕ دێت. لەم سەفەرەیدا، كۆمەڵێك كتێبی دەگەڵ دەبێت، هیچ سەقف و ماوایەكیشی چنگ ناكەوێت، بچێتە نێوی و لەژێری بحەسێتەوە. ئەوەندەی غەمی كتێبەكانی بووە، غەمی گیانی خۆی نەبووە. بۆیێ ناچار، هەتا بەیانی، تا بارانەكە لێ دەكاتەوە، خۆی وەسەر كتێبەكانی داداوە و، هەموو قالبی یەكپارچە، بووەتە ئاو و تەڕ بووە. ئەو بووەتە چەتری كتێبەكانی، نەك كتێب بكاتە چەتری خۆی."
10
دوێنێ بایی ٢٠٠$ كتێبم كڕی، كە هاتمە دەرەوە، دوو هەزارم لە هاوڕێیەكم وەرگرت، تا پێی بگەڕێمەوە.

