رووداو- جنێڤ
گفتوگۆی ئاشتی تایبەت بە سووریا بۆ رۆژی هەینی29-1-2016 دواخرا. هۆکاری دواخستنەکە لەسەر نوێنەرایەتیکردنی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بوو، جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هەموو هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ تاوەکو ئاسۆی دانوستاندنەکانی جنێڤ 3 تایبەت بە سووریا روون ببێتەوە.
سەرچاویەکی دیپلۆماسی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە جۆن کێری داوای لە ستیڤان دیمستۆرا نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا کردووە، بانگهێشتنامەکانی دوابخات تاوەکو هەموو شتێک رێکدەخرێت.
کێری رایگەیاند کە هەوڵەکانی لەگەڵ رووسیا، تورکیا، سعودیە، فەرەنسا و نەتەوە یەکگرتووەکان چڕ دەکاتەوە تاوەکو هەمووان دەکەونە سەر یەک را و بۆچوون.
ماوەی پێنج ساڵە پێکدادان لە سووریا بەردەوامە تاوەکو ئێستا 250 هەزار کەس کوژراون و پتر لە 10 میلیۆن کەسیش ئاوار و دەربەدەربوون. بەڵام وڵاتانی زلهێز و وڵاتانی ناوچەکە و نەتەوە یەکگرتووەکان نەیانتوانیوە بگەنە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە خوێن رشتن.
کورد هۆکارێکی ناکۆکییەکانە
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بە دوو جۆر ناکۆکی دەکەن، ناکۆییەک لە نێو بەرەی سوننە کە ئەمریکا پشتگیریان دەکات و ناکۆییەکی دیکە، لەگەڵ رووسیایە کە تێبینی لەسەر لیستی بەشداربووانی ئۆپۆزیسیۆنە.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە کە واشنتن و ئەنکەرە لەسەر بەشداریکردنی کورد لە دانوستاندنەکانی جنێڤ ناکۆکن .
یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە کە لەگەڵ جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەردانی ئەنکەرەی کرد رایگەیاند، کە ناکۆکی سەرەکی نێوان تورکیا و ئەمریکا کێشەی کوردە لە سووریا.
سەرچاوەیەکی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، کورد هۆکاری دواخستنی چارەسەری قەیرانی سووریایە، چونکە ناکۆکی نێوان ئەمریکا و تورکیا لەسەر دۆسیەی کوردە.
هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە کە کورد لە رۆژئاوا هەزاران چەکداریان هەیە و هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکان لە شەڕی داعش، بەڵام تورکیا نایەوێت کورد لەوە زیاتر بجوڵێت بە تایبەتی بە ئاراستەی رۆژئاوای فورات، ئەمریکاش لەم هەڵوێستەی تورکیا نیگەرانە، چونکە هیچ هێزێک جگە لە پەیەدە نییە بتوانێت ناوچەکانی رۆژئاوای فورات کۆنترۆڵ بکات، بۆیە بایدن بە تورکەکانی راگەیاندووە، کە ئەمریکا دەیەوێت پەلە بکرێت لە کۆنترۆڵکردنی رۆژئاوای فورات.
جگە لە کورد هۆکارێكی دیکەی ناکۆکییەکان تێبینییەکانی رووسیایە لەسەر پێكهاتەی شاندی بەشداربوو لە جنێڤ سێ، رووسیا دەیەوێت ئەندامانی بەشداربوو لە جنێڤ سێ پێکهاتەی کۆنگرەی مۆسکۆ و قاهیرە و ریاز بێت، واتا شاندی ئۆپۆزیسیۆن لە سێ ئاڕاستەی جیاواز پێكهاتبێت، بەڵام ریاز پێداگری لەسەر بەشداریکردنی ئەندامی کۆنگرەی ریاز دەکات کە ژمارەیەک گرووپی چەکداری تووندڕەو لەخۆ دەگرێت لەوانە گرووپی جەیش ئیسلام کە محەممەد عەلوش نوێنەرایەتی دەکات.
لەبەرامبەر جەیشول ئیسلام، رووسیا داوا دەکات ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە بەشداریی کۆنگری جنێڤ سێ بکات.
خالێکی دیکەی ناکۆکیەکان ئەوەیە کە ئۆپۆزیسیۆن داوا دەکات هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا و سووریا رابگێرێت بەڵام رووسیا رەتیدەکاتەوە پێش راگەیاندنی ئاگر بەست هێرشەکان رابگرێت.
ئایا کورد بانگهێشت دەکرێت ؟
لە ماوی پێنچ ساڵی رابردوودا دوو کۆنگرەی جنێڤ بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا ئەنجامدراوە بەڵام کوردی رۆژئاوا بە گشتی بە تایبەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی بەشداریی هیچکام لە کۆنگەرکان نەبوون، ئەمەش بە هۆی فشارەکانی تورکیوە بووە، بەڵام بۆ جنێڤ سێ کە بڕیارە رۆژی 29ی ئەم مانگە بەرێوبچێت رەوشی دیپلۆماسی تەواو گۆڕاوە.
ناکۆکییەکانی رووسیا و تورکیا و لاوازبوونی حکومەتی سووریا، هۆکاری سەرەکین کە دیمەشق و مۆسکۆ بە بەهێزی پشتگیری لە بەشداریی پەیەدە بکەن، کە نزیکەی 15%-ی خاکی سووریا و نزیکەی 95%-ی خاکی رۆژئاوای کوردستانی بەدەستەوەیە، تورکیا دەخوازێت ئەم هێزە بخاتە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی لە ئایندەی سووریادا.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئەم خواستەی تورکیای رەتکردەوە و رایگەیاند:"بەبێ بەشداریی کورد گفتوگۆی سیاسی هیچ ئەنجامێکی نابێت".
لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت "ئێمە گوێمان لەوە بووە کە هەندێک ئەندام لە گرووپی نێودەوڵەتی پشتگری سووریا، لەوانە تورکیا دژی بەشداری کوردن، کوردی سووریا بە تایبەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی پێویستە بانگهێشت بکرێن، ئەمە دوایین هەوڵی سیاسی و چارەسەرکردنە بەبێ کورد هیچ ئەنجامێکی نابێت، کورد نزیکەی 15% سووریا پێکهدەهێنن و سنوورێکی جوگرافی دیاریکراوین هەیە".
لاڤڕۆڤ رووی قسەکانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و گووتی:"بانگهێشتنەکردنی کورد هەڵەیەکی کوشندەیە، چۆن دەتوانیت باسی ریفۆرمی سیاسی لە سووریا بکەیت لەکاتێکدا هێزێکی سەرەکی ئەو وڵاتە کە کوردە فەرامۆش بکرێت، جگە لەوەش ئەم هێزە بە تووندی شەڕی دژ بە داعش دەکات بۆیە بانگهێشت نەکردنی کورد هەڵەیەکی کوشندەیە، دەیڵێمەوە ئێمە هیچ شتێک ڤیتۆ ناکەین ئەمە مافی ستیڤان دیمستۆرایە ئەو بەرپرسیارە، نابێت خۆی لە پشتی ئەمریکا و رووسیا بشارێتەوە".
ئەمجارەیان کورد جگە لەوەی کە رووسیا پشتگری دەکات، بڕیاری ژمارەی 2254-ی ئەنجوومەنی ئاسایش ئاماژە بەوە دەکات هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن پێویستە بەشداریی جنێڤ سێ بکەن.
شەش مانگ دانوستاندن بۆ نەخشەی رێگای رووسیا و ئەمریکا
ستیڤان دیمستۆرا نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند:"پێشبینی دەکرێت دانوستاندنی جنێڤ سێ شەش مانگ بخایێنێت".
ئەنجوومەنی ئاسایش بە بڕیاڕی ژمارە 2254 لە بەرواری 18 دیسمبەری 2015 ئەو نەخشە رێگایەی ئەمریکا و رووسیا پێشنیازیانکردبوو پەسند کرد کە نەخشە رێگاکە سێ خاڵی سەرەکی دەگرێتەوە.
یەکەم راگەیاندنی ئاگربەست لە تەواوی بەرەکانی شەڕ دژ بە ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام بەرەی نوسرە کە سەر بە رێکخراو قاعیدەیە و چەکدارانی داعش ناگرێتەوە.
دووەم دامەزراندنی حکومەتی ئینتیقالیە، لێرەدا خاڵی ناکۆکی نێوان لایەنەکان بەشداریکردنی بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریایە لە حکومەتی ئینتیقالی، سعودیە، تورکیا و ئۆپۆزیسیۆن داوای نەمانی ئەسەد دەکەن، بەڵام رووسیا و ئێران ئەم پێشنیازە رەتدەکەنەوە.
خاڵێ سێیەمیش بریتییە لەوەی کە،لە ماوەی 18 مانگدا پێویستە دەستوور هەمووار بکرێتەوە دواتر راپرسی لەسەر دەستوور ئەنجامبدرێت، هەمووارکردنەوەی دەستوور و داڕشتنی فۆرمی سیستەمی سیاسی ئاڵۆزترین پرۆسە دەبێت.


