رووداو- هەولێر
کچۆڵەیەکی کوردی ئێزیدی کە لەلایەن داعشەوە رفێنراوە و دوای سێ مانگ رزگار کرا، ئێستا بەسەرهاتی خۆی بە تایبەت بۆ (رووداو) دەگێڕیتەوە و تێیدا باس لە دووگیانبوونی خۆی دەکات لە ئەنجامی دەستدرێژیی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی.
کچەکە تەمەنی 15 ساڵە و خەڵکی شنگالە. بۆ ئەوەی ناسنامەی پارێزراو بێت، لەم راپۆرتەدا بە "هیند" ناوی دەهێنین کە ناوێکی خوازراوە. هیند لە ساڵی رابردوودا کاتێک شنگال کەوتە دەستی داعش، وەک سەدان کچ و ژن و منداڵی دیکەی ئەو دەڤەرە بە تاڵان برا.
هیند دەڵێت: "کاژێر دووی بەیانیی رۆژی سێی ئاب، شەڕ لە شنگال دەستی پێکرد. شەڕ تا کاژێر نۆى ئێوارە بەردەوام بوو، پێشمەرگە و ئێزیدییەکان تووشی شکست هاتن. من لەگەڵ براژنەکەم چوومە ماڵی مامم. خوشکە بچکۆلانەکانم لەگەڵدا بوون و پووریشم منداڵەکانی خۆی لەگەڵ بوو، خێرا توانیمان ئۆتۆمبێلێک بدۆزینەوە. باوکم و دایکم و مامم بەرەو شاخ دەرچوون. ئەوانەی بەپێ چوونە شاخ توانییان دەرباز بن و ئەوانەی بە ئۆتۆمبێل هەڵاتین کەوتینە دەستی داعش."
عەرەبەکان بۆ دەرفەت دەگەڕان
هیند دەڵێت ئەو گومانی هەیە لەوەی هەندێک لە عەرەبەکانی شنگال چاوەڕێ بووبن دەرفەتێک رێکبکەوێت و پەلاماری ئێزیدییەکان بدەن. ئەو دەڵێت زۆرینەی ئەوانەی نەیانتوانی رابکەن لە سنووری سووریا گیران و گواسترانەوە بۆ کەمپێک لە خانەسوور".
هیند دەڵێت خۆی و دوو لە خوشکەکانی بۆ ئاوایی باج گواسترانەوە و دواتر بردیانن بۆ تەلعەفەر. دوای ئەوێ بران بۆ گرتووخانەی بادۆش و لەوێ 25 رۆژ مانەوە.
هیند و کچەکانى دیکە دووبارە دەگەڕێننەوە تەلعەفەر. هیند دەڵێت "دیسان ئێمەیان بردەوە تەلعەفەر و لە قوتابخانەیەک جێگەیان بۆ کردینەوە. ئەوان کچە گەنجەکانیان لە ماڵەوە جیا دەکردەوە. ئێمە نزیکەی 700 کچ دەبووین."
ئەمیرێکى داعش دەیبات
هیند و کچەکانى دیکە بۆ ماوەیەک لە خانوویەکى سێ نهۆمیدا دەهێڵدرێنەوە، تاوەکو رۆژێک ئەمیرێکى داعش سەردانیان دەکات "ئەمیرەکەى داعش، من و کچێکى دیکەى لە نێو کچەکان هەڵبژارد و لەگەڵ خۆى بردین".
هیند بە (رووداو)ی گوت "بەیانی کاژێر سێ ئەو دێوە ناشیرینە دەستدرێژیی کردە سەرم. سێ مانگ من گریام هەر لە بەیانییانەوە تاوەکو درەنگانی شەو".
هیند و هاوڕێکانی ئومێدیان لەدەست نەدا. هەوڵیان دا رابکەن، بەڵام لەلایەن چەکدارانەوە گیران و برانە شوێنێک کە سەدان کچی دیکەی ئێزیدی لێبوو. ئەو دەڵێت: "من و برادەرێکم لە ژێرزەمینی ماڵێک بەند کراین، نە ئاومان هەبوو نە خواردن."
هیند و دەستەخوشکەکەی بە بەردەوامی لەم شوێن بۆ ئەو شوێن دەگوازرانەوە. ئەو دەڵێت جارێکیان ئێمەیان بردە سووریا و گەڕاندیانینەوە.
دەشڵێت "من هێشتا لە ترسدا دەژیێم و هەموو شەوێک خەونی ناخۆش دەبینم. ئەوەی یەکەمجار دەستدرێژی کردە سەرم، باڵای بەرز بوو، ریشێکی درێژی هەبوو. خەڵکی سووریا بوو."
دەکرێتە دیارى
زۆربەى کچە کوردە ئێزدییەکان کە داعش رفاندوونى کڕین و فرۆشتنیان پێکراوە، هەندێکیان بەسەر بارەگاکانى داعشدا دابەشکراون، جگە لەوەش زۆربەى ئەمیرەکان بەشێک لەو کچانەیان بردووەتە ماڵەکانی خۆیان.
رۆژى 16/5/2015 لەسەر فەرمانی باراک ئۆباما، سەرۆکى ئەمریکا، هێزێکی تایبەتی ئەمریکی لە سووریا ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیان بۆ دەستگیرکردنی سەرکردەی دیاری داعش ئەبو سەیاف ئەنجامدا. لەو ئۆپەراسیۆنەدا ئەبو سەیاف کوژرا و ژنەکەی دەستگیرکرا، هێزە تایبەتەکەى ئەمریکا کچێکى ئێزدییان لە ماڵى ئەبو سەیاف دۆزییەوە.
هیند دەڵێت جارێکیان بە 200 دۆلار فرۆشراوە و جارێکی دیکەش وەک "هەدیە" لەلایەن چەکدارێکەوە بەخشراوەتە چەکدارێکی دیکە. دواجار هیند ناچار دەکرێت شوو بە ئەندامێکی داعش بکات کە بردوویەتیە ماڵێکی کریستیانەوە.
چۆن رزگارى بوو؟
بەپێى راپۆرتێکى لێژنەى داکۆکیکردن لە مافەکانى ئافرەت لە پەرلەمانى کوردستان، 4000 کچ و ژنى ئێزدى لەلایەن چەکدارانى داعشەوە لە ناوچەکانى شنگال و دەوروبەرى رفێنراون، بەڵام زۆر لەوانە بەڕێگەى جۆراوجۆر ئازادکراون.
هیند باسى چۆنیەتى رزگاربوونى خۆى و هاوڕێکەى دەکات و دەڵێت "توانیمان تەلەفۆنێکی مۆبایل پەیدا بکەین و شەحنمان کردەوە. من لەگەڵ ماڵەوەمان قسەم کرد و ئەوان یارمەتییان دام قاچاخچییەک بدۆزمەوە کە بە نهێنی کچە کوردە ئێزیدییەکانی دەستی داعشی دەکڕییەوە و دەیناردنەوە."
بەردەوامى بە چیرۆکی رزگاربوونەکەى دەدات و دەڵێت "کاژێر سێى بەیانی لە نهۆمی دووەمەوە خۆمان فڕێدایە خوارەوە. ئۆتۆمبێلێک هات و ئێمەی گەیاندە مووسڵ. سێ رۆژ لەوێ ماینەوە. قاچاخچییەکی دیکە هات و ئێمەی بردە جەزیرەی نزیک مووسڵ."
ئەو توانی لە مانگی 11ی پارساڵدا بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام چوار لە خوشک و براکانی تاوەکو ئێستاش لەدەستی داعشدا ماون.
چى بە چەکدارەکان گوت؟
هیند لەنێو داعشدا هیچ دەسەڵاتێکى نەبووە، تەنیا توانیویەتى بە قسە رووبەڕوویان ببێتەوە. هیند دەڵێت "من سەیری چاویانم دەکرد و لێیانم دەپرسی، بۆ وا دەکەن؟ لە خوا ناترسن؟ من پێمدەگوتن ئێمە لە تەمەنی کچەکانی ئێوەداین. ئێوە بەزەییتان نییە. لە من دەدەن. دەستدرێژیم دەکەنە سەر".
وەڵامى چەکدارانى داعش چى بوو؟ هیند دەڵێت "دەیانگوت ئیسلام رێگە بەوە دەدات." هەروەها گوتی: "ئەوان ناچاریان کردم قورئان بخوێنمەوە و لەبەردەم ئەواندا دوعا بکەم. منیش هیچ چارێکم نەبوو، دەبووایە بە قسەیان بکەم".
مەشروبیان دەخواردەوە
هیند دەگێڕێتەوە کە زۆربەى ئەندامانی داعش بیانی بوون و هەندێکیشیان ئینگلیزییان دەزانی. هەندێکیان خەڵکی میسر، ئەفغانستان، پاکستان، بەریتانیا، ئەمەریکا، چین و وڵاتانی دیکە بوون. ئەو دەڵێت بیانییەکان زیاتر لە سووریا دەمانەوە و نەدەهاتن بۆ عێراق.
هیند بیری دێتەوە کە چەکدارەکان زۆر حەزیان لە نوێژ و رۆژوو بووە و زوو زوو باسی بەهەشتیان دەکرد. ئەو دەڵێت "هەندێک لە چەکدارەکان مەشروبیان دەخواردەوە، بەڵام بە نهێنی، چونکە لە ئیسلامدا رێگەپێدراو نییە".
هیند باسى بارودۆخى ژنە چەکدارەکانى داعش دەکات "هەندێک لەو ژنە بیانییانەی لەگەڵ داعشدا بوون پێدەچوو زۆر بەختەوەر بن". ژنێک کە لە بەریتانیاوە هاتووە بە هیندى گوتووە: "موجاهیدانی دەوڵەتی ئیسلامی زۆر باشن، هەموو شتێکمان دەدەنێ، پارە و ماڵ و پاسەوان."
داعش دووگیانى دەکەن
هیند دەڵێت چووەتە قوتابخانە و جاران دەیزانی چۆن بنووسێت و بخوێنێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی داعش بەسەریدا هێنا هەموو شتێکی لێ تێکچووە.
بە گوتەى خۆى لەلایەن سێ چەکداری داعشەوە دەستدرێژیى کراوەتە سەر کە هەرسێکیان خەڵکی سێ وڵاتی جیاواز بوون "من نەمدەزانی دووگیان بووم. هەر نەخۆش دەکەوتم و دواتر خوێنم لەبەر چوو. بردیانمە دکتۆر و گوتی دووگیانی. منداڵەکەم لەبارخۆم برد، چونکە ژیانمی دەخستە مەترسییەوە." گوتیشى "خۆشحاڵم کە منداڵێکی داعشی ناهێنمە سەر دونیا."
خۆشەویستەکەى دەستبەردارى بوو
هیند ئازاری زۆری بینیوە و تووشی تراوما بووە "بەر لە هێرشی داعش کوڕێکم خۆشدەویست. کە گەڕامەوە کوڕەکە پێی گوتم منی ناوێت، چونکە دەستدرێژیم کراوەتە سەر".
هیند بەنیاز نییە شوو بکات و ئێستا لەگەڵ خێزانەکەى لە کەمپێکى دەوروبەرى شارى هەولێر نیشتەجێن، بەڵام هیچ دڵى بە ژیانى نێو کەمپ خۆش نییە و دەڵێت "ژیان لە کەمپ زۆر سەختە. بەم نزیکانە دەچمە ئەورووپا و ناگەڕێمەوە ئێرە، تەنانەت ئەگەر ئێرە ببێتە بەهەشتی سەر زەویش".

