رووداو- دهۆك
لە قوتابخانەیەكی تایبەتی شاری دهۆك، شەش قوتابی لە دەرەوەی رێنماییەكانی وەزارەتی پەروەردە وەردەگیرێن كە چوار لەو قوتابیانە بە پشتگیریی پارێزگاری دهۆك وەرگیراون، ئەوەش ناڕەزایی لەنێو بەشێك لە مامۆستایانی شاری دهۆك لێدەكەوێتەوە.
قوتابخانەی سەردەم، یەكێكە لە قوتابخانە تایبەتەكانی شاری دهۆك و حكومەت پشتگیری دەكات. خوێندن لەو قوتابخانەیە بە زمانی ئینگلیزییە. ئەمساڵ شەش قوتابی لە دەرەوەی رێنماییەكان لەو قوتابخانەیە وەرگیراون كە چواریان بە نووسراوی پارێزگاری دهۆك وەرگیراون، قوتابییەكیش منداڵی جێگری پارێزگاری دهۆكە و یەكێكیشیان منداڵی ئەندامێكی سەركردایەتی پارتییە.
وەرگرتنی قوتابی لەو قوتابخانەیە لە رێگەی تیروپشكەوەیە، بە فەرمانی وەزیر كەس بۆی نییە لە دەرەوەی تیروپشكەكە وەربگیرێ، تەنیا منداڵی شەهید نەبێت.
هەندێك لەو باوكانەی كە ناوی منداڵەكانیان لە تیروپشكەكە دەرنەچووە، رەخنە لە وەرگرتنی ئەو شەش قوتابییە دەگرن و دەڵێن ئەوە ئەوپەڕی ناعەدالەتییە.
یونس جانۆ، باوكی یەكێك لەو قوتابیانەیە كە ناوی منداڵەكەی لە تیروپشكدا دەرنەچووە، دەڵێ "گوتیان وەرگرتنەكە زۆر دادپەروەرانەیە و لە رێگەی تیروپشكەوەیە، كەچی دواتر شەش قوتابی بە واستە وەرگیراون، نازانم تاكەی ئەو جیاوازییە لە نێوان منداڵانی بەرپرس و هاووڵاتی ئاسایی دەكرێت".
عەبد یوسف، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆك بە (رووداو)ی گوت كە ئەوانیش ئاگاداری ئەو بابەتەن، بەڵام وەرگرتن و وەرنەگرتنی قوتابیان لەو قوتابخانانە هیچ پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە.
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆك گوتیشی "سەرەتا بڕیاری وەرگرتنی چوار لەو شەش قوتابییە هەڵوەشێنرایەوە، بەڵام دواتر نووسینگەی وەزیر بە تەلەفۆن پەیوەندی بە ئێمەوە كرد و پێی راگەیاندین كە لێگەڕێن با بەردەوام بن".
ئەمساڵ 470 منداڵ ناوی خۆیان لەو قوتابخانەیە تۆمار كردبوو، بەڵام دوای تیروپشك تەنیا 50 قوتابی تەمەن چوار ساڵان و 25 قوتابی تەمەن پێنج ساڵان وەرگیران.
مامۆستا شڤان عوسمان، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەردەم دەڵێت "هەر فەرمانێكی ئیداری بۆ من رەوانە كرابێت و رەزامەندی كۆمپانیای سەرپەرشتیكاری قوتابخانەشی لەسەری بێت، من رەتیناكەمەوە".
فەرهاد ئەترۆشی، پارێزگاری دهۆك پشتڕاستی كردەوە كە بە نووسراوی ئەو، چوار قوتابی لەو قوتابخانەیە وەرگیراون.
ئەترۆشی بە (رووداو)ی گوت "ساڵی رابردوو هیچ كەسێك بە پشتگیریی من لەو قوتابخانەیە وەرنەگیراوە، بەڵام لە سەردەمی پارێزگاری پێشوودا تەنیا لە یەك ساڵدا 27 قوتابی بە نووسراوی پارێزگار و پێنج قوتابیش بە نووسراوی وەزیری پێشووی پەروەردە وەرگیراون".
پارێزگاری دهۆك پێیوایە ئەو وەكو بەرپرسی یەكەی ئیداریی پارێزگای دهۆك ئەو دەسەڵاتەی هەیە نووسراو بكات بۆ وەرگرتنی قوتابی لەو قوتابخانەیە. پارێزگاری دهۆك گوتی "ئاساییە ئەگەر چەند قوتابییەك بنێرین بۆ قوتابخانەیەك. ئەگەر رێنماییەك هەبێت كە پارێزگار مافی ئەوەی نییە هیچ كەسێك بنێرێت، ئەوە پێوەی پابەند دەبین. ئەوەندەی من بزانم پارێزگار ساڵانە بۆی هەیە 10 قوتابی رەوانەی ئەو قوتابخانەیە بكات".



