رووداو- هەولێر
دوو رەگەزیی لە ئێران یەکێک لەو کەلێنە کۆمەڵایەتیانەیە بۆ ئەوکەسانەی کە دوورەگەزەن. ئەوان لە سەر دوو رێیانێک ماونەتەوە و نازانن بۆ کام ئاراستە لە ژیان هەنگاو هەڵبگرن.
گرفتیی دوو رەگەز بوون یان "ترانس سکشواڵ" لە ئێران بە چەندین هۆکار چارەسەر نەکراوە. هەر ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی کە لە لایەن حکومەتەوە ئامارێک لە کەسانی دوو رەگەزە بڵاو نەکرێتەوە.
هە ندێک لە کەسانی دوو رەگەزە بە هۆی کەمینە بوونیان، دابو نەریتی کۆمەڵگا و بێدەنگی لەو کەموکوڕیە جەستەییە، تاوەکو ئێستاش لەو دۆخەدا ماونەتەوە، بەڵام بەشێکی کەمیان لە رێگەی نەشتەرگەریەوە، خۆیان چارەسەر کردووە.
نەوشیروان موحسێن بەندپەی، سەرۆکی رێکخراوی بێهزیستی ئێران دەڵێت:" هێشتا پێناسەیەک بۆ کەسانی دوو رەگەزە لەو رێکخراوەیە نەکراوە". دەشڵێت:" چارەسەرکردنی گرفتی کەسانی دوو رەگەزە پێویستی بە پارەیەکی زۆرە و ئەو رێکخرواوەیەش بودجەیەکی ئەوتۆی لەبەردستدانییە".
سەرۆکی رێکخراوی بێهزیستی دەڵێت:" پزیشک و کەسانی پسپۆڕی ئەو بوارە لەو رێکخراوەیەدا هەن، بەڵام بە هۆی ئەوەی بودجەی رێکخراوی بێهزیستی بۆ بەرنامەکانی دابەشکراوە، دەرەتانی وەرگرتن و بەدواداچوون بۆ گرفتی کەسانی دوو رەگەزەیان نیە".
موحسێن بەندپەی:" پێوایە ئەو کەسانە چەندین گرفتی وەک شوێنی ژیان، ئاڵۆزیی فیکری و نەشتەرگەری پزیشکیان هەیە و پێویستە ئەو گرفتەیان وەک کەلێنێکی کۆمەڵایەتی، لە بەرنامەی شەشەمی پەرە پێداندا ئاوڕی لێبدرێتەوە".
هەڵبەت جێگری سەرۆکی رێکخراوی بێهزیستی دەڵێت کە بە مەبەستی یارمەتی و پشتیوانیکردن بە کەسانی دوو رەگەزە گەڵاڵەیەکی پێشنیاری کە ئێستا لە وەزارەتی کار و خۆشبژێوی کۆمەڵایەتیە ئامادە کراوە، بۆ ئەوەی بدرێت بە پەرلەمانی ئێران.
ساڵی 1984 روحۆڵا خومەینی رێبەری پێشووی ئێران لە فتوایەکدا رایگەیاند کە کەسانی دوو رەگەز رێگەیان پیدەدرێت ، نەشتەرگەری پزیشکی بکەن، ئەو بڕیارە بە دوای ئەودا هات کە مریەم مەلەک ئارا ژنێکی ئێرانیی دوو رەگەزە بوو کە نەشتەر گەریی کرد و ئەو ئاڵووگۆڕە رەگەزیەی خۆی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە ئاشکرا کرد.


