نورەدین و سەلاحەدین دوو بران. نورەدین لە هەموو شتێكدا ساڵێك لە پێش سەلاحەدینەوەیە. یەك ساڵ پێش ئەو لەدایك بووە و یەك ساڵیش پێش ئەو چووەتە نێو سیاسەت. نورەدین یەك ساڵ پێش ئەوەی سەلاحەدینی برای ببێتە سەرۆكی حیزب، سەرۆكی حیزب بووە. هەردووكیان كوڕی خێزانێكی كوردی زازای باكووری كوردستانن بەناوی دەمیرتاش. ئێستا سەلاحەدین دەمیرتاش سەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" یەو بەشێكی زۆری ئێوە دەیناسن، بەڵام نورەدینی برای تەنیا ئەوانە دەیناسن كە پێش بوونی (رووداو)یش ئاگاداری هەواڵ و سیاسەتی توركیا بوون.
نورەدین دەمیرتاش لە 2007 دا بووەتە سەرۆكی دەتەپە = پارتی كۆمەڵگەی دیموكراتی- بەڵام لە 2009 دادگای دەستووریی توركیا دەتەپەی داخست. لە هەناوی دەتەپەوە، بەدەپە =پارتی ئاشتی و دیموكراتی= لەدایك بوو كە سەلاحەدین دەمیرتاش بووە هاوسەرۆكی. دوای ئەوە ئەستێرەی سەلاحەدین كەوتە درەوشانەوە و نورەدینیش جار و بار نەبێ ناوی دیار نەما. نورەدین توركیای بەجێهێشت و رووی لە باشووری كوردستان كرد.
میدیای توركی چەندین جار هەواڵی رۆیشتنی نورەدینیان بۆ قەندیل و پەیوەندیكردنی بە پەكەكەوە بڵاوكردەوە، بەڵام سەلاحەدینی برای هەموو هەواڵەكانی رەتدەكردەوە و دەیگوت براكەی لە مەخموورە و خەریكی بازرگانیە. دواجار چەند رۆژێك لەمەوبەر یاڵچن ئاكدۆغان، جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا جارێكی دیكە ناوی نورەدینی هێنایەوە ناو ناوان و لە سەلاحەدینی پرسی: براكەت لە كوێیە؟ ئەمجارەیان وەڵامی دەمیرتاش جیاواز بوو. سەلاحەدین لە وەڵامی ئاكدۆغاندا گوتی: براكەم لە چیای شنگال دژ بە تیرۆریستانی داعش شەڕێكی شەرەفمەند دەكات.
هەندێك راپۆرتی میدیایی باسی ئەوە دەكەن كە ئێستا نورەدین دەمیرتاش یەكێكە لەناوە گرنگەكانی قەندیل و باڵی سەربازیی پەكەكە. هەرچەندە سەلاحەدینی برای بیەوێ ئەو وەك شەڕڤانێكی ئاسایی لە چیای شنگال پێشان بدات و بیەوێ ئەو وەك دژە داعش بناسێنێ و بڵێت چەكەكەی ئەو رووی لە تیرۆریستانی داعشە نەك لە توركیا، بەڵام ئەوەی روونە، ئەوەیە كە سەلاحەدین و نورەدین دوو رێگای جیاوازیان هەڵبژاردووە. لەكاتێكدا سەلاحەدین داوای تەقاندنەوەی سندووقەكانی دەنگدان دەكات بە دەنگدان بۆ هەدەپ ، نورەدینی برای سندووقی فیشەكی هەڵگرتووە. لەنێوان سندووقی دەنگدان و سندووقی فیشەكیشدا، جیاوازی ئاسمان و رێسمانە.
سەلاحەدین دەمیرتاش هەركاتێك دەربارەی براكەی پرسیاری لێبكرێت، دەڵێت ئەویش وەك هەزاران گەنجی كوردی دیكەی توركیا بەهۆی زوڵم و زۆری ناو توركیاوە رووی لە غوربەت كردووە. دەمیرتاش نە دەتوانێت پشت لە براكەی بكات و نە دەشتوانێت خەباتی چەكداریی پەكەكە بە هەڵە دابنێ، بەڵام باشیش دەزانێت گەورەترین دوژمنی ئەو و پارتەكەی، حیزبە سیاسیەكانی توركیا نین، بەڵكو براكەی خۆیەتی. سەلاحەدین هەرگیز نایەوێت رێگاكەی ئەو كە سیاسەت و هەڵبژاردنە، شكست بهێنێ و رێگای نورەدینی برای سەركەوێت كە چەك و شەڕە! لۆجیك پێماندەڵێت نورەدین و هاوڕێكانیشی حەزدەكەن رێگاكەی خۆیان راست دەربچێ نەك ئەوەی سەلاحەدین. هەر بۆیە ئاكپارتی و ئەردۆغان چەند قازانجی كورسی بكەن لە دەرنەچوونی هەدەپە ، قەندیل و پەكەكەش ئەوەندە سوودمەندن لە شكستهێنانی ستایلی سەلاحەدین دەمیرتاش و سیاسەتی هەدەپە، چونكە ئەگەر سەلاحەدین لەرێگای هەڵبژاردنەوە ژمارەیەكی زۆر كورسی پەرلەمانەكەی ئەنقەرە بباتەوە، بیانووی پەكەكە بۆ مانەوە لە قەندیل لاوازتر دەبێت. نورەدین و پەكەكە بە ویستی خۆیان چەكیان هەڵنەگرتووە. نورەدین چەندین ساڵی لە زینداندا بەسەر بردووە و دواجاریش حیزبەكەی داخرا و رێگەی سیاسەتی لێگیرا و وەك زۆر خەڵكی دیكە ناچاركرا چەك و شاخ هەڵبژێرێت. بەڵام ئێستا سەلاحەدینی برای و زۆرێك لە ئێمەش ئومێدمان هەیە كە توركیای نوێ پێویستی بە چەك نەبێت و هەڵبژاردن و سیاسەت كێشەكان چارەسەر كەن.
سەلاحەدین دوو كچۆڵەی جوانی هەیە بەناوەكانی دەلال و دیلدا كە هەمیشە گلەیی لێدەكەن، چونكە باوكیان هەموو كاتی خۆی داوە بە سیاسەت و ئەوانی لەبیركردووە. سەلاحەدین داندەنێت بەوەدا كە كەمتەرخەم بووە لە ئاست خێزانەكەیدا، بەڵام پەشیمان نییە چونكە بڕوای وایە ئەو بە سیاسەت دەتوانێت گۆڕانكاری بكات. دەلال و دیلدا چەندین ساڵیشە مامیان نەبینیوە، چونكە مامە نورەدینیان پێیوایە بە چەك دەتوانێ كێشەی كورد چارەسەر بكات. هەموو كوردێكی ژیر پێی باشە دەلال و دیلدا لەبەر سەرقاڵیی بە سیاسەتەوە، باوكیان نەبینن نەك بەهۆی شەڕەوە مامیان نەبینن. هیوادارم سەلاحەدین بیباتەوە و نورەدینیش بگەڕێتەوە.



