رووداو - هەولێر
دانیشتووانی پارێزگای ئەنبار گلەیی لە بەرپرسانی پارێزگاکەیان دەکەن و دەڵێن، پێشتر ئەوانیان دژی حکومەتی بەغدا هاندەدا، بەڵام ئێستا لەکاتێکدا شەڕ و پێکدادانێکی قورس بەردەوامە، ئەوان جێیان هێشتوون لە دەرەوەی وڵات و شارەکانی بەغدا و هەولێر نیشتەجێبوون.
لەسەردەمی حکومەتەکەی نووری مالیکیدا، ئەنبار بووە یەکەم ناوچە لە عێراق کە دژ بە سیاسەتەکانی حکومەت خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و خەڵکی ئەنبار ئێستا دەڵێن، ئەو کەسانەی کە ئەو کات خۆیان بە ئەهلی سوننە دەزانی و خەڵکییان هاندەدا، ئێستا ناویان نییە و بێ هەڵوێستن لەو بارودۆخەی لە پارێزگاکەیاندا روودەدات.


