رووداو دیجیتاڵ
بە ئەنجامدانی نۆ رووبەڕووبوونەوەی بەهێز، ئەمشەو یارییەکانی گەڕی چوارەمی چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکەن، کە تێیدا رووبەڕووبوونەوەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، بەرامبەر بایرن میونشن و یاریی نێوان بارسێلۆنا بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا لە پێشەنگی سەرنجی هاندەراندا دەبن.
لە یاریگای میترۆپۆلیتانۆ لە مەدریدی پایتەخت، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریی لووتکەدا میوانداری بایرن میونشن دەکات؛ هاری کەینی براوەی خەڵاتی باڵۆندۆر، لە بێبەشبوونی چەندین یاریزانی پێکراوی یانە ئەڵمانییەکە، ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە، بەتایبەت لە بەرامبەر تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنی کە نۆ یارییە لەسەریەک لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا تووشی شکست نەبووە.
هاوکات لەسەر یاریگای کامپ نو، یانەی بارسێلۆنا رووبەڕووی یانەی ئاستۆن ڤێلا دەبێتەوە، کە یەکێکە لەو پێنج یانەیەی هەموو یارییەکانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە، لە کاتێکدا ئۆنای ئێمری راهێنەری ئاستۆن ڤێلا لە 30 یاریی رابردووی بەرامبەر بارسێلۆنا تەنیا سێ بردنەوەی تۆمارکردووە.
لەسەر یاریگای ئۆڵدترافۆرد، مایکڵ کاریک راهێنەری مانچێستەر یونایتد، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازه بۆ مانەوەی لە پۆستەکەیدا، کاتێک میوانداری یانەی رۆما دەکات. یونایتد لە نۆ یاریی رابردوودا هیچ بردنەوەیەکی بەدەستنەهێناوە، کە خراپترین زنجیرەی ئەنجامەکانی یانەکەیە لە دوای ساڵی 1988ـەوە، لە بەرامبەردا رۆمای گاسپێرینی بە ورەیەکی بەرزەوە دەچێتە مانچێستەر تاوەکو مێژوو بنووسێتەوە، چونکە پێشتر لە مێژووی خۆیدا هەرگیز لە ئۆڵدترافۆرد بردنەوەی تۆمارنەکردووە.
لە رووبەڕووبوونەوەکانی دیکەدا، یانەی پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی دوو وەرزی رابردوو دەبێتە میوانی ڤیاڕیال، هاوکات یانەی ئینتەر دوای دۆڕانی لە دێربیی میلان لە هۆڵەندا رووبەڕووی فاینۆرد دەبێتەوە.
خشتەی یارییەکانی ئەمشەو بەمشێوەیە دەبێت:
- گاڵاتەسەرای - شتوتگارت کاژێر 20:45
- شاختار - سپۆرتینگ کاژێر 20:45
- ئاتلێتیکۆ مەدرید - بایرن میونشن کاژێر 23:00
- بارسێلۆنا - ئاستۆن ڤێلا کاژێر 23:00
- بۆدۆ گلیمنت - لیل کاژێر 23:00
- فاینۆرد - ئینتەر کاژێر 23:00
- لاسک - سلۆڤان براتیسلاڤا کاژێر 23:00
- مانچێستەر یونایتد - رۆما کاژێر 23:00
- ڤیاڕیال - پاریس سانجێرمان کاژێر 23:00
ئەم گەڕەی چامپیۆنزلیگ نیوەی یەکەمی قۆناخی خولەکە تەواو دەکات و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دەستنیشانکردنی ئەو هەشت یانەیە دەبێت، کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەگەنە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە.




