رووداو- كۆبانێ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 6ـی شوباتی 2015، هێزە كوردییەكان لە کۆبانێ لە سێ قۆڵەوە هێرشیان بۆ سەر چەكدارانی داعش دەستپێكردەووە و توانییان حەوت گوندی دیكە كۆنترۆڵ بكەنەوە.عەمید موسلیح زێباری، فەرماندەی هێزی پشتیوانی پشمەرگە لە كۆبانێ، بە رووداوی راگەیاند:" لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینییەوە شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بەهاوكاری تۆپخانەكانی پێشمەرگە لە رۆژهەڵاتی شارەكەوە، هێرشیان كردووەو توانیویانە گوندەكانی عەین بەت و تێرێ كۆنترۆڵ بكەنەوە".
هاوكات لە رۆژئاوای شارەكەشەوە توانیویانە گوندەكانی بۆبانی یەك، بۆبانی دوو، شوسانی یەك و شوسانی دوو كۆنترۆڵبكەنەوە، جگەلەوەی بەرزاییەكانی پشتی ئەو چوار گوندە بەدرێژایی پێنج كیلۆمەتر كۆنترۆڵكراونەتەوە، كە بە گوتەی موسلیح زێباری، ئەو بەرزاییانە شوێنێكی ستراتیژیی سەربازین.
فەرماندەكەی پێشمەرگە ئاماژەی بە بەرەی باشووردا، كە لەوێشدا توانیویانە گوندی تەلغەزال كۆنترۆڵ بكەنەوە.
موسلیح زێباری ئاشكراشیكرد، كە چەكدارانی داعش ژمارەیەكیان لێ كوژراوە و چوار تەرمیشیان جێهێشتووە، جگەلەوەی دوو دۆشكە و چەند چەكێكی دیكەیان كەوتووەتە دەست هێزە كوردییەكان.



