رووداو- ئەوروپا
ئەو كوردە ئێزدییانەی لە باشووری كوردستانەوە هەڵاتوون و روویان لە یۆنان كردووە، شەوان تاوەكو بەیانی ئێشك لە چۆڵبوونی دۆشەكێك دەگرن بۆئەوەی لەسەری بخەون. یۆنان پردی پەڕینەوەی كۆچبەرانە لە ئاسیا و ئەفریقاوە بۆ ئەوروپا. ئەو وڵاتە یەكێكە لەو وێستگانەی كۆچبەرانی ئەفریقایی و ئاسیایی رووی تێدەكەن بۆ گەیشتنیان بە وڵاتە دەوڵەمەندەكانی ئەوروپا و لەوێش داوای مافی پەنابەرێتی دەكەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو وڵاتە بۆ هەندێك كۆچبەر بووەتە زیندانێك كە مرۆڤ بەئاسانی ناتوانێت رزگاری بێت لێی. ئێستا كوردە ئێزدییەكانی شنگالیش گیرۆدەی هەمان كێشەن، ئەوان لەترسی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) هەڵدێن، بەڵام لە یۆنان گیردەخۆن.
رۆژنامەیەكی ئەلیكترۆنیی ئیسپانی بەناوی"eldiario.es“ ئاشكرایكردووە كە یەكەمین گرووپی كوردە ئێزدییەكان لە شنگالەوە گەیشتوونەتە یۆنان. بەڵام وەك ئەو رۆژنامەیە بڵاویكردووەتەوە، “ئێستا ئەو كۆچبەرانە لەژێر مەترسیی گەڕاندنەوەی بەپەلەدان. هەروەها تووشی تووندوتیژیی پۆلیسی یۆنانی بوون”. سەبارەت بە ژیانی رۆژانەی ئەو كۆچبەرە كوردە ئێزدییانەش پەیامنێری رۆژنامەكە لە یۆنان نووسیویەتی: “لە خانوویەكی زۆر بچووكدا، كە تەنیا 30 مەتری چوار گۆشەیە، زیاتر لە 20 كەس دەژین. 3 منداڵی بچووكیشیان لەگەڵدان. ئەوان لە رەوشێكی خراپدا دەژین. نیوەی ئەو كەسانە، كە تەمەنیان 18 ساڵانە، تاوەكو بەرەبەیان لەسەر شەقام دەمێننەوە. كاتێك نۆرەیان هات، دەچن لەسەر دۆشەكێك دەخەون".
لەبەرئەوەی ئەو كۆچبەرانە ناتوانن ئەو سێ یان چوار هەزار یۆرۆ پەیدابكەن كە قاچاخچییەكان داوایدەكەن بۆئەوەی بیانگەیننە خزمەكانیان لە ئەڵمانیا، ناچارن هەر لە یۆنان بمێننەوە. ئیبراهیم، كە لە بەعشیقەوە هاتووەتە یۆنان، دەربارەی بەجێهیشتنی وڵات دەڵێت: “ئێمە وەكو نابینایەك لە مردن رامانكرد، بەبێئەوەی یەك شت لەگەڵ خۆمان بهێنین. نەماندەویست بێینە ئەوروپا و وڵاتی خۆمان بەجێبهێڵین، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە كە چەند ساڵێك نائارامی ئەو ناوچەیە كۆتایی نەیەت". لەبەر مامەڵەی خراپی پۆلیسی یۆنان، ئیبراهیم و هاوڕێكانی ناتوانن بەئازادی لە كۆڵانەكانی ئەسینا بگەڕێن. وەك رۆژنامەكە باسیكردووە تاوەكو ئێستا بەلایەنی كەمەوە 12 كوردی ئێزدی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراون و رەوانەی سەنتەری چاودێریی پەنابەران كراون.

