رووداو- هەولێر
گوتەبێژێک بەناوی کۆمەڵێکی چەکداری شەڕکەری دژ بە رژێمی سووریا رایگەیاند، یەکێک لە چەکدارەکانیان کە لەریزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەجەنگا، لە کردەوەیەکی خۆکوژیدا کە بارهەڵگرێکی پێبووە و بەرەو رووی بەربەستێکی هێزەکانی رژێمی سووریا رۆیشووە و خۆی تەقاندووەتەوە، گیانی لەدەستداوە.
ئەبوفاروق شامی، گوتەبێژ بەناوی کەتیبەی "هەڵۆکانی شام" رایگەیاند، ئەو چەکدارە بە رەچەڵەک ئەمریکی بووە و بە "ئەبوهورەیرەی ئەمریكی" ناسراوە، ئەو کردەوەیەش بە هەماهەنگی نێوان کەتیبەکەیان و رێکخراوی جەبهەتولنسرە ئەنجامدراوە.
ئەو کۆمەڵەیە لە پێگەی یوتیوب گرتەی ڤیدیۆی خۆتەقاندنەوەی ئەو خۆکوژەی بە ناونیشانی "شەهیدێکی ئەمریکی بۆ جەبهەتولنوسرە" بڵاوکردەوە، لە پێگە کۆمەڵایەتییەکانیش وێنەی ئەو چەکدارە لەگەڵ پشیلەیەک بڵاوكراوەتەوە.
بەگوتەی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن ئەو کردە خۆکوژییە لە رۆژی یەکشەممەی رابردوو ئەنجامدراوە و یەکێک لە خاڵە سەربازییەکانی سووپای سووریای لە چیای ئەلئەربەعین لە نزیک شاری ئەریحا لە ئەدلب کردووەتە ئامانج، لەتەقینەوەکەدا ئەو خۆکوژە بڕی 17 تۆن تەقەمەنی لەگەڵ خۆی تەقاندووەتەوە، تاوەکو ئێستاش ناوە ئەمریکییەکەی ئەو چەکدارە نەزانراوە.


.png&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)