دەكرا ئەو بەڵگەنامە نهێنییە دیپلۆماسییە ئەمریكییانەی لە ماڵپەڕی ویكیلیكس بڵاوبوونەوە، بەئاسانی لەكاتی بانگەشەكانی هەڵبژاردندا لە كوردستان بەكاربێن. ئەو بەڵگەنامانە دژیەكییەكانی سەركردە كوردەكان پێشاندەدەن، ئەوەش پیشاندەدەن كە گەندەڵی لە چ ئاستێكدایە.
ئێستا كە بانگەشەكانی هەڵبژاردن تەواو بوون، جێی سەرنجە سەیری پرۆفایلێك بكەین كە دیپلۆماتكارێكی ئەمریكی بەناوی پاتریسیا بوتەنیس لەسەر نەوشیروان لە ساڵی 2009دا دروستیكردووە. لەو بەڵگەنامەیەدا دەردەكەوێت كە نەوشیروان مستەفا جدییە لە هەوڵەكانیدا بۆ ئەنجامدانی ریفۆرم و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان، بەڵام ئامادەش بووە سازشی گەورە بكات لەسەر داخوازییە نەتەوەییەكانی كورد لە كەركووك و شوێنەكانی دیكە. باڵیۆز هیل، كە باڵیۆزی ئەمریكایە لە بەغدا، وەكو تێبینی لەسەر ئەو بەڵگەنامەیەی نووسیوە كە ئەگەر ئەمە بڵاوببێتەوە وەكو "خۆكوژییەكی سیاسی" وایە بۆ رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان.
رۆژی 15ی ئاداری 2009، دیپلۆماتكاری ئەمریكی بوتەنیس پرۆفایلێكی بۆ نەوشیروان مستەفا نووسیوە، ئەمەش پاش ئەوە هات كە نەوشیروان بڕیاریدا بەناوی لیستی گۆڕانەوە بچێتە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2009وە. بوتەنیس وا لە نەوشیروان مستەفا دەڕوانێت كە داكۆكیكارێكی سەرسەخت بووە لە گۆڕانكاری لەنێو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا، بەڵام تێبینیی ئەوەشی كردووە كە رەنگە ئەمە رێگەیەك بێت بۆ سەركەوتن بەسەر تاڵەبانیدا و بوون بە رێبەری یەكێتی. هەروەها باسی ئەوەشی كردووە كە بنكەی جەماوەریی نەوشیروان لە سلێمانییە، بێگومان ئەمەم لە گۆشەكانی پێشووترمدا روون كردووەتەوە.
لەو بەڵگەنامەیەدا دەردەكەوێت كە ئەمریكا نەوشیروان مستەفای بە سەركردەیەكی خاوەن پرەنسیپ داناوە: "ئەگەر ئەو تەنیا لەبەر دەسەڵات و پارە ئەم كارەی كردبایە، ناچار نەبوو واز لە پێگەی خۆی وەكو كەسی دووەمی نێو یەكێتی بهێنێت". بۆیە، ئەو داكۆكیی لە سیستمێكی دادوەریی سەربەخۆ، پێشڤەچوونی دیموكراسی لەسەر بنەمای پشتبەستن بە كەرتی تایبەت و جیاكردنەوەی هەژموونی پارتە سیاسییەكان بەسەر حكومەتەوە كردووە.
هەرواش هەرچەندە كوردەكان لە كوردستانی عێراقدا دڵخۆشن بەوەی كە ئەو دژی گەندەڵییە و داوای دیموكراسیی زۆرتر و یەكسانی دەكات، بەڵام نایانەوێ ئەو بزووتنەوەیە بەغدای پێ لە هەولێر باشتر بێت. دروست وەكو تاڵەبانیش كە گوتبووی كوردستانێكی سەربەخۆ خەونی شاعیرانە، نەوشیروان مستەفاش بە ئەمریكییەكانی گوتووە "سەردەمی نیمچە دەوڵەت بەسەرچوو"، هەروەها داوای كردووە كورد بەتەواوەتی بچنە نێو عێراقێكی دیموكراتییەوە.
پێدەچێت نەوشیروان پشتیوانیی لەو بانگەشانە كردبێت كە لەدژی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان دەكرێن و پشتیوانی لە شەهرستانی بكات: "ئەو پێیوایە ئەگەر حكومەتی عێراق سەرپەرشتی تەواوی داهاتەكانی نەوت بكات، جۆرێك لە شەفافییەت دروست دەبێت بۆ ئەو پارانەی دەگەنە كوردستان". ئەمەش پێشانیدەدات كە بۆچی هەریەكە لە حكومەتی ئەمریكا و نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانیش دڵیان خۆش بوو بە پەیدابوونی بزووتنەوەی گۆڕان، چونكە هەرسێ لا لەدژی ئەوەن كورد لە بواری وزەدا سەربەخۆ بن.
هەرچەند ئەوەش روونە كە نەوشیروان مستەفا مەبەستی لەمە ئەوە نەبووە كورد لە بواری نەوتدا وابەستەی بەغدا بن، بەڵكو ویستوویەتی وابكات كە پارەی داهاتی نەوت خراپ بەكارنەیەت.
بەڵگەنامەیەكی دیكە كە ئەنجامی كۆبوونەوەیەكی نێوان كریستۆفەر هیل، باڵیۆزی ئەوكاتی عێراق و نەوشیروان مستەفایە لە رۆژی 26/1/2010، پێشانیدەدات كە نەوشیروان پشتیوانیی لەوە كردووە حكومەتێكی مەركەزیی بەهێز هەبێت، ئەمەش بەپێچەوانەی پارتی و یەكێتی كە گومانیان لە بەهێزبوونی بەغدا هەیە و داوای حكومەتێكی نامەركەزی دەكەن. ئەمریكاش لەو نێوانەدا دەیەوێت كورد هەمیشە وابەستە بن بە بەغداوە.
ئەو هەڵوێستانەی نەوشیروان لەلایەن هیلاری كلینتن، وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا، پێشوازیی لێكراوە و بە سەرسوڕمانەوە پێشوازیی لە "تێڕوانینی مستەفا بۆ گونجاندنی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوودا" كردووە.
هەروەها رێكخەری گشتیی گۆڕان پێیوابووە پێویستە بۆ كەركووك بڕیار لەسەر رەوشێكی تایبەت بدرێت "ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ روانینی ئێمە، هەرچەندە هاوكارانمان دەڵێن ئەگەر نەوشیروان مستەفا ئەم قسانە بەئاشكرا بكات بەمانای خۆكوژیی سیاسی دێت"، ئەمە قسەی باڵیۆزە.
ئێستا كە رەنگە گۆڕان بچێتە نێو حكومەتەوە، دەتوانین ببینین كە ئایا گۆڕان دەیەوێ هەرێمی كوردستان زۆرتر بەستراوە بێت بە بەغداوە، هەروەها ئایا لیستی گۆڕان دەتوانێت شەڕی دژی گەندەڵی بكات ئەگەر لەنێو حكومەتدا بێت، ئەمەش بێگومان قورسە ئەگەر پارتی بەشێوەیەكی بەرچاو لاواز نەبێت لە حكومەتەكەدا.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)