رووداو دیجیتاڵ
60 ساڵ لەمەوبەر پڕۆفیسۆرێکی ئەمریکیی بواری ئەستێرەناسی تیۆرییەکی بڵاوکردەوە گوایە "ستۆنهێنج"، کۆمەڵە بەردە کۆنەکەی باشووری رۆژئاوای ئینگلتەرا بۆ پێشبینیکردنی خۆرگیران دروستکراوە و بەکارهاتووە، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ ئەو تێگەیشتنە رەتدەکاتەوە.
لە مانگی ئابی 1966، جێرالد هاوکینز، پڕۆفیسۆری ئەمریکیی بواری ئەستێرەناسی، دۆزینەوەیەکی سەرنجڕاکێشی بۆ بەرنامەی "Chronicle"ی BBC باس کرد، باوەڕی وابوو کۆمەڵە بەردە کۆنەکەی "ستۆنهێنج" بۆ پێشبینیکردنی خۆرگیران دروستکراوە.
چەندین مانگ و ساڵ، زانایان لەسەر مەبەستی دروستکردنی ستۆنهێنج گفتوگۆیان کردووە. هەندێک پێیان وابوو ئەم شوێنە بۆ یادکردنەوەی کەسانی مردوو بەکارهاتووە، هەندێکیش بە شوێنی قوربانیکردن یان رێوڕەسمە ئایینییەکان دەزانن.
بەڵام لە ساڵی 1966، پڕۆفیسۆر "جێرالد هاوکینز" لە بۆستن، رایگەیاند کە بە یارمەتی ژمارە و هەندێک حیسابکردن لەسەر کۆمپیوتەرێکی کۆنی IBM، توانیویەتی نهێنییەکەی ستۆنهێنج بدۆزێتەوە.
تیۆرییەکەی هاوکینز بنەمای کتێبە بەناوبانگەکەی بوو کە بە ناوی "Stonehenge Decoded" لە ساڵی 1965 بڵاوکرایەوە.
هاوکینز, پێی وابوو رێکخستنی بەردە گەورەکان و کەوانەکانی ستۆنهێنج بە شێوەیەکە کە کۆمەڵە بەردەکە دەتوانرا وەک "کۆمپیوتەرێک" بەکاربهێنرێت بۆ چاودێریکردنی جوڵەی مانگ و پێشبینیی خۆرگیران.
بەپێی ئەم تیۆرییە، دانیشتووانی کۆنی بەریتانیا، زیاتر لە 4500 ساڵ لەمەوبەر، دەیانتوانی بەشیوەیەکی ورد پێشبینیی خۆرگیران بکەن.
56 کون بۆ چاودێریکردنی مانگ
هاوکینز لە ڤیدیۆیەکی BBC، بە نموونەیەک بە پێوانەی راستەقینە، روونی کردەوە کە لە بازنە گەورەکەی ناوچەکەدا "56 کون" هەیە.
هەروەها دەڵێت، ژمارەی "56" تەنیا ژمارەیەک بوو کە لەگەڵ شێوازێکی دیاریکراوی جووڵەی مانگ دەگونجا، پێی وابوو ئەم کونانە دەتوانرا وەکو ئامێرێکی سادەی ژمێرکاری بەکاربهێنرێن بۆ پێشبینیکردنی خۆرگیران.
هاوکینز پێی وابوو، خۆرگیران بۆ مرۆڤە کۆنەکان رووداوێکی زۆر کاریگەر بووە، لەبەرئەوەی لەکاتی مانگگیراندا رووناکیی مانگ لەناکاو نامێنێت، مانگ دەچێتە سێبەری زەوی و رەنگی لە سپیی زیوینەوە بۆ سوور دەگۆڕێت.
ستۆنهێنج، چاودێرگەیەکی ئەستێرەناسی؟
هاوکینز لە ساڵی1961 بۆ یەکەم جار سەردانی ستۆنهێنجی کرد بۆ ئەوەی تێبگات چۆن ئەم شوێنەوارە کۆنانە کە لە چەندین بەردی گەورە پێکهاتوون، خۆرهەڵاتن پێشاندەدەن.
پاشان گەڕایەوە بۆ ئەمریکا و شوێنی ناوەندی ناوچەکە، بەردەکان، کەوانەکان، کونەکان و تۆپەڵەکانی لەسەر نەخشە دانا.
لە هارڤارد-سمیسۆنیەن ئۆبسێرڤاتۆری لە ماساچوست، هاوکینز و تیمەکەی کۆمپیوتەرەکەیان بەکارھێنا بۆ حیسابکردنی ئەوەی لە کاتی دروستبوونی ستۆنهێنج، لە هەر یەکێک لە ئەو ئاڕاستەیەدا چی دەبینرا.
بەپێی حیسابەکانیان، زۆرێک لە ئاڕاستەکانی ستۆنهێنج بەرەو شوێنی هەڵاتن و ئاوابوونی مانگ و خۆر دەچوون.
هاوکینز ئەنجامەکانی بەو شێوەیە کورت کردەوە، ستۆنهێنج بە شێوەیەکی زۆر نزیک بە جووڵەی خۆر و مانگ پەیوەست بووە و دەتوانرا وەک "چاودێرگەیەکی ئەستێرەناسی" بەکاربهێنرێت.
تیۆرییەکەی رەتکرایەوە
لە هەمان کاتی بڵاوبوونەوەی تیۆرییەکەدا، هەندێک لە رەخنەگران، رەخنەیان لێگرت.
هەندێکیان ئاماژەیان بەوە کرد کە سێ دانە لەو 56 کونە، رەنگە بەهۆی رووەک و دارستانی کۆنەوە دروست بووبن، نەک بە مەبەستی ئەستێرەناسی.
رەخنەگری بەریتانی، "ریچارد ئەتکینسن"، لە ساڵی 1966 نووسیبووی کە پەیوەندییەکی ئەستێرەناسی لەنێوان ستۆنهێنج و ئاسماندا هەیە، بەڵام لێکدانەوەی ئەو پەیوەندییە پێویستی بە وریایی زانستی هەیە.
توێژینەوەکانی دواتر لەوەش زیاتر تیۆریی هاوکینزیان بە چاوێکی رەخنەیی سەیر کردووە.
پڕۆفیسۆر "مایکڵ پارکەر پیرسەن"، کە سەرپەرشتی توێژینەوەیەکی گرنگی ستۆنهێنجی کردووە، بە BBC راگەیاندووە: "کۆمپیوتەری خۆرگرتن" ئێستا لە زانستدا تیۆرییەکی کۆنە و بۆ تێگەیشتن لە ستۆنهێنج گونجاو نییە.
بەپێی توێژینەوە نوێیەکان، ستۆنهێنج بە یەکجار و لە ماوەیەکی کورت دروست نەکراوە، بەڵکو بە چەندین قۆناخ و لە ماوەی زیاتر لە"1500 ساڵ" پەرەی پێدراوە.
هەروەها ئاڕاستەکانی ستۆنهێنج بۆ مانگ و خۆر بەو وردییە نەبوون کە بتوانرێت وەکو ئامێرێکی پێوانەکردنی کات بەکاربهێنرێت، بەڵکو زیاتر بە یادەوەری و نیشاندانی هەندێک جووڵەی تایبەتی خۆر و مانگ پەیوەندیدار بوون.
پڕۆفیسۆر پارکەر پیرسەن دەڵێت: "بەڵگە هەیە کە لە بەریتانیا لە نزیکەی ساڵی 1000 پ.ز. خەڵک بەدواداچوونیان کردووە بۆ جووڵەی مانگ و توانیویانە پێشبینی بکەن، بەڵام ئەمە نزیکەی 1500 پ.ز تا 2000 ساڵ دوای سەردەمی سەرەکیی ستۆنهێنج بووە".
بەم شێوەیە، ئەگەرچی ستۆنهێنج پەیوەندییەکی گرنگی بە ئاسمان و جووڵەی خۆر و مانگەوە هەبووە، تیۆری ئەوەی کە ئەم شوێنە وەک "کۆمپیوتەرێک بۆ پێشبینیکردنی خۆرگیران" بەکارهاتووە، لە توێژینەوە نوێیەکاندا پشتگیریی لێناکرێت.



