رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فارسیی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا هێرشە چڕەکانیان بۆ سەر بنکەکانی پۆلیس و بەسیج لە سەرانسەری ئێران بەردەوام بووە و بەشێکی زۆری ژێرخانی سەربازی و ئەمنیی پارێزگای ئیلامیان تێکشکاندووە.
کەمال پێنحاسی، گوتەبێژی فارسیی سوپای ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، پارێزگای ئیلام یەکێک بووە لەو ناوچە گرنگانەی کە بەشێکی زۆری ژێرخانی "رژێم" زیانی بەرکەوتووە. وەک ئەو دەڵێت، هێزەکانی سەر بە حکومەت لەو پارێزگایەدا "پیلانی تیرۆریستیی زۆریان جێبەجێکردووە و رۆڵیان هەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی مانگی 12 و یەکی رابردوو لە نێوخۆی ئێراندا."
گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل راشیگەیاندووە، زۆربەی بنکە و کەرستەکانی پۆلیس و بەسیج لە پارێزگای ئیلام لەناوچوون، لەوانەش: بنکەی سەرەکیی پۆلیس، بنکەی وەزارەتی ئیتلاعات، بارگەی یەکینەی تایبەتی پۆلیس و چەند بنکەیەکی یەکینەکانی بەسیج.
هەر بەپێی گوتەکانی پێنحاسی، بنکەی سەرەکیی سوپای پاسداران لەو پارێزگایە کە بەرپرسی فەیلەقەکانی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان بووە، لەگەڵ چەندین ژێرخانی دیکەی سوپا کە بۆ "بەهێزکردنی رژێم" بەکاردەهاتن، کراونەتە ئامانج و لەناو براون.
هەفتەی رابردوو ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشێکی چڕیان کردە سەر بنکە ئەمنی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.


.jpg&w=3840&q=75)
