رووداو دیجیتاڵ
کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا ئاراستەی هەواڵەکانی جیهانی لە کەیسی جێفری ئێپستین گۆڕی بۆ کوژرانی رێبەری ئێران و جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
لەکاتێکدا شەڕی ئەمریکا – ئیسرائیل لەگەڵ ئێران گەیشتە لووتکە، ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لە تاران، بەرەبەیانی دووشەممە 09-03-2026 موجتەبا خامنەیی، کوڕی رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان وەکو رێبەری داهاتووی ئەم وڵاتە هەڵبژارد.
ترەمپ هەڵبژاردنی رێبەر رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "بە دڵی من نییە." هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەرچاوەکانی وزە و کۆگەکانی سووتەمەنیی ئێران جەنگەکەی بردووەتە قۆناخێکی نوێوە و مەترسی بۆ سەر ژێرخان و نرخی وزە لە سەرانسەری ناوچەکە و جیهان دروست کردووە.
لە 10 رۆژی شەڕی ئیسرائیل - ئەمریکا و ئێران چی روویداوە؟
10 رۆژ بەسەر دەستپێکی هێرشی ئیسرائیل – ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەرباز دەبێت. شەڕێکی لە ناکاو لە گەرمەی دانوستانەکانی هەر سێ وڵات. بە بەراوردێکی کورتی ئەم شەڕە لەگەڵ جەنگی 12رۆژەی پار بۆمان دەردەکەوێت کە ئێستا ئاست و قەبارەی زیانە مادیی و مرۆییەکان زۆر زیاتر لەو کاتەیە.
هەفتەی یەکەمی شەڕ؛ نەمانی سەرکردایەتی وهێزی سەربازی
رۆژی شەممە 28-02-2026 دەستپێکی یەکەم هێرشی ئیسرائیل – ئەمریکا بوو کە تاوەکو ئێستا بەردەوامە. بەگوێرەی ئەو ئامانجانەی لە ئێران بۆردوومان دەکرێن هێرشەکان بەسەر سێ قۆناخ دابەش دەبن.
.jpeg)
قۆناخی یەکەم: لەنێوبردنی سەرکردایەتی و تێکشکاندنی بەرگریی ئاسمانی.
قۆناخی دووەم: لەنێوبردنی بنکە و بارەگاکانی سوپای پاسداران، لاوازکردنی توانای سەربازی و وەڵامدانەوەی ئێران.
قۆناخی سێیەم: هەڵوەشاندنەوەی سیستماتیکی دامەزراوە سەربازی-پیشەسازییەکان و وزەی ئێران.
لە هەفتەی یەکەمدا بە خێرایی هەر دوو قۆناخی یەکەم ودووەم جێبەجێ کران.
سەرەتا عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا و لە ماوەی دوو رۆژدا کوژرانی زۆربەی فەرماندە باڵاکانی ئێران پشتڕاست کرایەوە.
لە رۆژی سێیەمی شەڕەوە واتا دووشەممە 02-03-2026، لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بنکە و ناوەندەکانی سوپای پاسداران و هێزەئەمنییەکان، دواتر تاوەر و ناوەندەکانی پەخشی تەلەڤیزیۆنی ئێران کرانە ئامانج. هەروەها هێرش بۆ لاوازکردنی توانای تۆڵەسەندنەوە، ئەوەش لە رێگەی لێدانی سەکۆ چالاکەکانی هەڵدانی مووشەک و بنکە سەربازییەکان.
ئامانجە پێکراوەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان
ئامانجە سەرەکییەکان لە تاران، بریتین لە دامەزراوەکانی بڕیاردان، لەوانە؛ ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، نووسینگەی سەرۆکایەتی، باڵەخانەی ئەنجوومەنی شارەزایان، بارەگا ئەمنی و سەربازییە سەرکییەکانی رژێم کە لەوێوە سەرپەرشتی هەموو ئێران دەکات، هەروەها دامەزراوە ستراتیژییەکانی بەرگری و ئەتۆمی، دامەزراوەی دادوەری و میدیایی، واتا دادگەی شۆڕشی تاران و دەنگ و رەنگی ئێران، ئیتلاعات و پۆلیس.
لە شارە گەورەکانی ئیسفەهان، شیراز، تەورێز و قووم سەرجەم بارەگاکانی سوپای پاسدارن، بنکەی پۆلیس و ئیتلاعات کراونەتە ئامانج.
ئامانجەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە پلەی یەکەم سەرنجیان خستووەتە سەر دەزگا ئەمنییە ناوخۆییەکانی پارێزگاکان، یەکەکانی کۆنترۆڵکردنی سنوور، وژێرخانی سەربازیی تاکتیکی کە بۆ سەرکوتکردنی نائارامییە نێوخۆییەکان و ئەنجامدانی هێرشە هەرێمییەکان بەکاردەهێنرێن.
هێرشەکان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تێکشکاندنی ئەو هێزانە بووە کە بەرپرسیارن لە پاراستن و کۆنترۆڵی نێوخۆیی رژێم و ئاسایشی سنوورەکان.
لەو 10 رۆژە دەیان بنکە و بارەگای سوپا، ئیتلاعات، پۆلیس، بەسیج و بنکە سەربازییەکان لە زیاتر لە 20 شار و شارۆچکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کران.
بەڵام سەرەڕای وردی لە پێکانی ئامانجەکان، دەیان خانوو، نەخۆشخانە، قوتابخانە، مزگەوت، مۆزەخانە و شوێنی گشتی لەسەرجەم شارەکان زیانیان بەرکەوت و خەڵکی سڤیل بوونە قوربانی.
.jpeg)
سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سوور رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا 13 هەزار و 785 یەکەی مەدەنی کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان".
پیرحوسێن کولیوند، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سوور رایگەیاند لەو 13 هەزار و 785 یەکەیە، 2 هەزار و 383 یەکەیان بازرگانین و 11 هەزار و 293 یەکەی دیکەیان نیشتەجێبوونن. 9 نەخۆشخانە بەتەواوی لەکار وەستاون، 65 قوتابخانە کراونەتە ئامانج و زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە
شەڕ لە گۆڕەپانی دەرەوە
شەڕەکە تەنیا لەسەر خاکی ئێران نەوەستاو وهەر زوو زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەی گرتەوە، لەوانە بەحرێن، سعودیە، ئیمارات، ئۆردن وعێراق، چونکە ئێران بۆ تۆڵە سەندنەوە رایگەیاند، لە ناوچکە لە بنکە و پێگەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەدەن.
هەرکام لەم وڵاتان زیانی مادیی ومرۆییان بەرکەوت، لێرە تەنیا ئاماژە بە زیانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین.
بەگوێرەی بەدوادچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو کاژێر 11:30ـی شەوی دووشەممە 9ـی ئادار و رۆژی 10ـەیەمی جەنگ، 181 هێرشی درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای هەولێر کراون زۆرینەیان سەنتەری هەولێری کردووەتە ئامانج.
بە گوتەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بۆ رووداو، زۆرینەی هێرشەکان لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانییەوە تێکشکێندراون.
هێرشەکانی سلێمانی کەمتربوون، بەگوێرەی بەدوادچوونی رووداو، لە 03ـی ئادارەوە تاوەکو شەوی دووشەممە، 23 درۆن و مووشەک بووە، کە چڕتریان شەوی 7ـی ئادار بوو، کاتێک بە شەش درۆن سەنتەری شارەکە بۆردوومانکرا.
بەگوێرەی ئامارەکان کە رووداو کۆی کردوونەتەوە، لە پارێزگای دهۆک بە چوار درۆن سێ هێرش دژی سنوورەکە کراوە. لە یەکێک لە هێرشەکاندا شەوی 05ـی ئادار، کێڵگەی نەوتی سەرسنگ کرایە ئامانج و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە راگیرا.
لە هەڵەبجە کەمترین هێرش کراوە، 7ـی ئادار بە دوو درۆن چیای شنروێ لە سنووری پارێزگاکە بۆردوومان کرا. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێرشەکە دژی تاوەرەکانی پەیوەندیی کۆمپانیاکانی ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تیلیکۆم کراون.
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون یان درۆن و مووشەکیان لێ کەوتووەتە خوارەوە
پارێزگای هەولێر: درۆن مووشەک لەم ناوچانە کەوتوونەتە خوارەوە: کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، چۆمان و سۆران.
پارێزگای سلێمانی: سلێمانی، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، هێزەکانی فەرماندیی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ.
پارێزگای دهۆک: کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ و گوندێکی سنووری ئاکرێ.
پارێزگای هەڵەبجە: چیای شنروێ.
رێکخراوێک: 4 گیانلەدەستدان و 19 بریندار هەن
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)ـی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان، لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو دووشەممە بەهۆی جەنگ و کاریگەرییەکانی جەنگەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە، سێ یان لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و ئەوی دیکەش کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بووە.
رێکخراوەکە بۆردوومان و هێرشەکان دژی هەرێمی کوردستان و سنوورەکانی تۆمار دەکەن. کامەران عوسمان، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤی رێکخراوەکە لە هەرێمی کوردستان، شەوی دووشەممە بە رووداوی گوت: "بەهۆی هێرشەکانەوە دوو پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر، یەک پێشمەرگەی کۆمەڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئەندامێکی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گیانیان لەدەستداوە".
بەگوێرەی ئاماری ئەو رێکخراوە، بەهۆی هێرشەکانی سەر هەولێرەوە 19 کەس بریندار بوون؛ 12
هەفتەی دووەم؛ لەنێوبردنی رێژخانەکان
قۆناخی سێیەمی شەر جیاواز بوو و لە سەرەتای هەفتەی دووەمی شەڕ دەستیپێکرد. هێرش کرایە سەر فرۆکەخانەکان، دامەزراوە پیشەسازییەکان، پاڵاوگە وکۆگەکانی نەوت.
شەوی شەممە و بەرەبەیانیی یەکشەممە، کۆگەکانی نەوت لە باشووری تاران، پاڵاوگەیەک و کۆگەی نەوتی ئەقدەسییە لە رۆژهەڵات و کۆگەی نەوتی شەهران لە رۆژئاوای تاران و کۆگەی نەوتی فەردیس لە کەرەج بۆردومان کران.
ئێوارەی یەکشەممە، کۆگەی سووتەمەنی لە فڕۆکەخانەی دوورگەی قیشم لە باشووری ئێرانیش بۆردوومان کرا. بەپێی لێدوانە فەرمییەکان بە هۆی ئەم هێرشانە 6 کەس کوژراون و 21ی دیکە برینداربوون.
کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران پشتڕاستی کردووەتەوە، کۆگەکانی نەوت لە پارێزگاکانی تاران وکەرەج و بۆڕییەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی لەو وڵاتە بۆردومان کراون و زیانیان بەرکەوتووە. راشیگەیاندووە، لە هێرشەکاندا 4 فەرمانبەری وەزارەتی نەوت کوژراون.
دوای بوردوومانەکان، ئاسمانی تارانی پایتەخت تەمێکی رەش دایپۆشی و وەزارەتی تەندروستی هوشداری لە پیسبوون و ژەهراوی بوونی کەشوهەوا دەدات.

هەر لە سەرەتای ئەم هەفتەیە هێرش و بوردومانکردنی بنکەکانی سوپای پاسداران، پۆلیس، ئیتلاعات لەشارەکانی ئیسفەهان، قوم، یەزد، زەنجان وخوزستان بەردەوام بوو.
- شاری بێهبەهان لە پارێزگای ئیسفەهان: ئامانجێک لەنێو شارۆچکەی پیشەسازیی وەحدەت بۆردوومان کرا کە دەگوترێ شوێنی هەڵدانی مووشک بووە. لەشارەکانی فلاوەرجان، فولادشەهر و شاهین شەهر،بنکەکانی سوپای پاسداران و پۆلیس بۆردوومان کران.
- دەوروبەری شاری یەزد کە بە شاخەکانی پشت پارکیکوهێستان ناسراوە، بۆ چەندەمین جار لە رۆژانی رابردوودا بۆردوومان کرایەوە. لەو بەرزاییانە، بنکەیەکی سەربازی و مووشەکیی سوپای پاسداران هەیە.
- لە گەڕەکێکی شاری قوم، بنکەیی سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتیی ئیتلاعاتی پارێزگاکە بۆردوومان کرا. هەروەها هێرش کرایە سەر ئیتلاعاتی سوپای پاسداران.
- لە شاری زەنجانیش، هێرش کرایە سەر دوو باڵەخانەی حکومی و بەپێی راپۆرتی ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەو شارەدا 8 کەس کوژراون.
قۆناخی نوێی شەڕ
سوپای پاسداران بە فەرمی پشتیوانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی راگەیاندووە و جەختی لەوە کردووەتەوە ئامادەی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی رێبەری نوێیە.
هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی، پێچەوانەی خواستی ئەمریکا و ئیسرائیلە وهەڕەشەکانیان بەردەوامە، بۆیە شەڕ لە ئەمڕۆوە دەچێتە قۆناخێکی نوێ، ئاڵنگارییەکی گەورە لەبەردەم ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلە چونکە هەرسێ وڵات دەیانەوە قسەی خۆیان لەمەیدانی شەڕ یان جۆری کۆتایی هاتنی، بسەپێنن.
.jpeg)


.jpg&w=3840&q=75)
