رووداو دیجیتاڵ
تاکە یاریزانی ئێرانی بەشدار لە یارییەکانی پارائۆڵۆمپی زستانە بە ناچاری بەهۆی جەنگ لە یارییەکان کشایەوە.
ئەبو فەزل خەتیبی، یاریزانی پارائۆڵۆمپی ئێرانی بەشدار لە یارییەکانی زستانەی پارائۆڵۆمپی لە میلانۆ-کۆرتینا کشایەوە، ئەو یاریزانە هۆکاری کشانەوەی گەڕاندەوە بۆ بوونی جەنگ لە وڵاتەکەی، بەمشێوەیەش ناتوانێ بچێتە ئیتاڵیا بۆ بەشداری لە یارییەکان کە رۆژی هەینی دەستپێدەکات.
ئەندرۆ بارسۆنز، سەرۆکی لیژنەی پارائۆڵۆمپی نێودەوڵەتی رایگەیاند: "یارییەکان بێ بەشداری و نوێنەرایەتی و ئاڵای ئێران دەستپێدەکات، جێگەی داخە بۆ وەرزشی جیهانی و بەتایبەت ئەبو فەزل خەتیبی کە ناتوانێ گەشت بکات بە سەلامەتی بۆ بەشداری لە یارییەکاندا، بڕیاربوو خەتیبی بەشداری لە دوو یاری خلیسکانێ بکات.''
یارییەکانی پارائۆڵۆمپی لە گۆڕەپانی ڤیرۆنا دەستیپێکرد، ئەوەش پاش هەفتەیەک لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران.
بارسۆنز رایگەیاند: "لەوەتەی لە شەممەی رابردووەوە شەڕ دەستیپێکردووە، لیژنەکەمان و لیژنەی رێکخەری پارائۆڵۆمپی لەگەڵ ئێران بە هەموو شێوەیەک هەوڵماندا رێگەیەک بدۆزینەوە بۆ هاتنی شاندی ئێران بە سەلامەتی، بەڵام مەترسییەکی زۆر لەسەر ژیانیان دەبوو.''
ئەبو فەزل خەتیبی، تەمەن 23 ساڵان خۆی ئامادە دەکرد بۆ جاری سێیەم بەشداری لە پارائۆڵۆمپی بکات، پاش بەشدارییەکەی لە 2018 و 2022 لە رکابەرییەکانی خلیسکانێی ماوە درێژ ( کرۆس کەنتری)



