رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە. موحسین رەزایی دەڵێت: ''نابێ رێگە بدرێ هیچ وڵاتێک کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئابووریی بەغدا و تاران هەبێت''.
ئەمڕۆ شەممە 28-11-2026، قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە کۆببێتەوە.
میدیای ئێران ئامانجی سەردانەکەی عەبوودی، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەگەری داخرانی ژمارەیەک لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گەڕاندووەتەوە.
میدیاکە کۆبوونەوەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی لەگەڵ موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران پشتڕاست کردەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، موحسین رەزایی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە: ''عێراقێکی سەربەخۆ، بەهێز و پێشکەوتوو دەتوانێت یەکێک لە کۆڵەکەکانی سیستمی نوێی ئاسایشی ناوچەکە بێت''.
سەردانەکەی قاسم عەبوودی لەکاتێکدایە، دوای بڕیارەکەی رۆژی سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆنترۆڵی کێڵگە نەوتییەکان و پێنج دەروازەی سنووریی هەرێمی کوردستان، دەروازەی پشتە لەنێوان کرماشان و دەربەندیخان داخرا.
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بەبێ ئاماژەدان بە هیج وڵاتێک گوتی: ''نابێت رێگە بە هیچ وڵاتێک بدرێت، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئەو هاوکارییە ئابوورییانە هەبێت کە لەنێوان تاران و بەغدا هەن''.
دوای گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی باشووری ئێران، تاران بۆ مامەڵەی بازرگانی پشتی بە دەروازە سنوورییەکانەوە بەستووە، بۆیە نیگەرانە لە بڕیارەکەی زەیدی.
هەر ئەمڕۆ محەممەد موخبیر، راوێژکاری رێبەری ئێران لە ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و هۆشداری دایە بەغدا کە ''نابێ داخستنی دەروازە سنوورییەکان ببێتە ئامرازی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ترەمپ''.
''پێویستە رێککەوتنی ئەمنی وەک خۆی جێبەجێ بکرێ''
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئاماژەی بە رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان وڵاتەکەی و عێراق کرد و گوتی: ''پێویستە رێککەوتننامە ئەمنییەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێ و ئاسایش لە سنوورەکان جێگیر بکرێت''.
وەک میدیای ئێران بڵاوی کردووتەوە، قاسم عەبوودیش لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ جێبەجێکردنی ''تەواوەتی''ـی رێککەوتننامە ئەمنییەکە دەربڕیوە و رایگەیاندووە: ''رێگە نادەین ئاسمان و خاکی وڵاتەکەمان دژی ئێران یان هیچ وڵاتێکی دیکەی دراوسێ بەکاربهێنرێن''.
19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران ئەو رێککەوتنە ئەمنییەیان واژۆ کرد بۆ هاوئاهەنگی لە رووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.
گرنگترین خاڵەکانى رێککەوتنەکە، دوورخستنەوەى پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە لەسەر سنوورى نێوانیان.



