رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران دەڵێ، لە 24 رۆژی رابردوودا 359 کەس لە پێنج شاری ئێران لە ئەنجامی خواردنەوەی کحولی ساختە ژەهراوی بوون و 20 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2026، حوسێن کرمانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، "لە 24 رۆژدا 359 کەس لە پێنج شاری ئێران لە ئەنجامی خواردنەوەی کحولی ساختەوە ژەهراوی بوون کە 44 کەسیان ژنن."
بە گوتەی حوسێن کرمانپوور، لەو ژمارەیە 20 کەس گیانیان لەدەستداوە.
حوسێن کرمانپوور ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا 4 کەس تووشی مردنی مێشک بوون و 111 کەس شۆردنی گورچیلەیان بۆ کراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەشڵێ، "تەمەنی ئەو کەسانەی بە کحولی ساختە ژەهراوی بوون لەنێوان 12 بۆ 60 ساڵدایە."
بە گوتەی پۆلیس، تاکو ئیستا 8 کەس بە تاوانی دابەشکردنی کحولی ساختە دەستگیرکراون.
فرۆشتن و خواردنەوەی کحول لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە لە ساڵی 1979ـەوە لە ئێران قەدەخە کراوە، تەنیا کەمینە ناموسڵمانەکان، وەک کریستیان و جوو لەم قەدەخەیە بەدەرکراون، بەو مەرجەی لە شوێنە گشتییەکاندا نەخۆنەوە. بەڵام بازاڕی بەرهەمی قاچاخ کە هەندێکیان ساختەن لەو وڵاتەدا هەیە.




