رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئێران بۆ سەر پێگەیەکی پیشەسازیی سڤیل لە وڵاتەکەیان دوو کەس بریندار بوون؛ سعودیەش هێرشەکە بە "تاوانکاری" لە قەڵەمدا و سەرکۆنەی کرد.
رۆژی یەکشەممە 22-11-2026، وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی رۆژی شەممەی ئێران بۆ سەر پێگەیەکی پیشەسازیی سڤیل، هاووڵاتییەکی نیڤشکانی بەحرێنی بریندار بووە و دۆخی تەندروستیی جێگیرە، هەروەها دانیشتوویەکی پاکستانی بریندار بووە کە دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە و هەردووکیان لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
دوو دانیشتووی ناوچەکە رایانگەیاند، دووکەڵیان لە ئاسمانی دوورگەی سیترا لە رۆژهەڵاتی مەنامە بینیوە، کە چەندین دامەزراوەی پیشەسازی و پاڵاوگەیەکی کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتیی بەحرێن (باپکۆ)ـی لێیە.
ئێوارەی رۆژی شەممە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندبوو، لە وەڵامی بەردەوامیی بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەیان، بە مووشەک و درۆن سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆتی ئەمریکایان لە بنکەکانی ریفاع و عەوالی لە بەحرێن کردووەتە ئامانج؛ هەروەها تاران رایگەیاند، رۆژی شەممە درۆنێکی ئەمریکییان لە ئاسمانی دوورگەی قیشم لە تەنگەی هورمز تێکشکاندووە.
لای خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێرانی کرد و بە "دەستدرێژییەکی دڕندانە" بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و هێرشێکی "تاوانکاری" بۆ سەر دامەزراوەیەکی سڤیل لە بەحرێن باسی کرد.
هاوکات بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، سعودیە رایگەیاند مووشەکێکی بالیستیی حووسییەکانی یەمەنیان لە رۆژئاوای وڵاتەکەیان تێکشکاندووە، کە ژێرخانی گرنگی وزە و پاڵاوگەکانی نەوتی وەک بەندەری یەنبوع و پاڵاوگەی جازانی لێیە. دواتریش هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە تێکشکاندنی درۆنێکی دیکەی حووسییەکانی راگەیاند کە بۆ ناوچەی ریازی پایتەخت هەڵدرابوو.
لە دوای دەستپێکردنەوەی جەنگ لە یەمەن لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵەوە، حووسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان و فڕۆکەخانەکانی سعودیە چڕکردووەتەوە و بەهۆیانەوە لە مانگی ئەیلوولەوە 26 کەس لە سعودیە کوژراون کە 23 کەسیان لە هێرشی سەر فڕۆکەخانەکاندا بوون؛ لە بەرامبەریشدا بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێکدادانەکان لە یەمەن بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار و 600 کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە 300 هەزار کەسی دیکە.



