رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداری دەدات کە ئەگەر بەنداوەکانی وڵاتەکەی بکرێنە ئامانج، ئەوا ئێرانیش هەموو ئەو بەنداو، بەندەر و وێستگانەی کارەبا دەکاتە ئامانج کە لە نزیک بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلن. ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کاردانەوەی بەرامبەر راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی نیشان دا، کە تێیدا ئاماژە بە ئەوە کراوە، ژمارەیەک لە بەنداوەکانی ئێران ئەگەری بەکارهێنانی دوو لایەنەی سەربازی و مەدەنییان هەیە. قالیباف بڵاوکردنەوەی ئەو راپۆرتەی بە "زەوینەسازی بۆ گەڕی داهاتووی هێرشکردنە سەر ژێرخانە مەدەنییەکان" ناوبرد و ئاماژەی بەو بەشەی راپۆرتەکە کرد کە دەڵێت: "بەنداوەکانی نزیک لە بنکە مووشەکییەکانی ئێران بەکارهێنانی دوولایەنەی (سەربازی - مەدەنی)ـیان هەیە." سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشە دەکات و دەڵێت: "زۆر باشە، یاسا نوێیەکە ئەمەیە؛ هەر بەنداو، بەندەر یان وێستگەیەکی کارەبا کە لە نزیک بنکەیەکی ئەمریکی یان ئیسرائیلی بێت، بەکارهێنانی دوو لایەنەی هەیە. ئێمە تەنیا لۆژیکەکەی خۆتان بە هەمانشێوە و بێ هیچ دەستکارییەک بەکاردەهێنینەوە." ئەم هەڕەشانەی قالیباف دوای ئەوە دێن کە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، رەنگە هەندێک لە پرۆژەکانی دروستکردنی بەنداو و گواستنەوەی ئاو لە ئێران، لەوانەش هێڵەکانی بۆری و تونێلەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە، پەیوەندییان بە ئامانجی سەربازی و پەرەپێدانی توانای مووشەکییەوە هەبێت. بەپێی راپۆرتەکە، هەندێک لە شیکەرەوان بە ئاماژەدان بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە مووشەکییەکانی ئێران لەو ناوچانەی پرۆژەی گەورەی ئاوییان تێدا جێبەجێ کراوە، پێیانوایە ئەو ژێرخانانە بۆ پشتیوانیکردنی چالاکییە سەربازییەکان دروستکراون.