رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی لاتڤیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی ئاسایش رایدەگەیێنێت، پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و سووریا لە ئاستی دیالۆگی سیاسی و ئابووری دا پێشڤەچوونی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە و هیچ مەرجێکی تایبەت بەو پەیوەندییانەوە نەبەستراوەتەوە؛ هاوکات قۆناغی گواستنەوەی سووریاش لە ئەنجوومەنی ئاسایش بەردەوام لەژێر چاودێریدایە.
سانیتا پاڤلیوتا- دێسلاند لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی دا لە وەڵامی پرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرامبەر فراوانبوونی هەماهەنگییە سەربازییەکانی نێوان دیمەشق و مۆسکۆ، ئاماژەی بەوە کرد کە سووریا دەرگای بەڕووی ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا کردووەتەوە و پەیوەندییە نوێیەکانیش لە چوارچێوەی دیالۆگی دوولایەنە و فرەلایەنەدا بەڕێوەدەچن، بێ ئەوەی مەرجدار بکرێن؛ هاوکات جەختیشی کردەوە کە ئەنجوومەنی ئاسایش لەم مانگەدا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ تاوتوێکردنی دۆخی قۆناغی گواستنەوەی سووریا ساز دەکات.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و باڵیۆزی لاتڤیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان:
رووداو: سوپاسێکی زۆر، خاتوو سەرۆک، بۆ ئەم کۆنفرانسە رۆژنامەوانییە. لە کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەی ئەنجومەنی ئاسایشدا، گوتت قۆناغی گواستنەوەی سووریا "بەڕاستی سەرنجڕاکێشە." دەتوانیت زیاتر روونی بکەیتەوە مەبەستت لەوە چی بوو؟ هەروەها وەک باڵیۆزی لاتڤیا، بۆچوونت چییە سەبارەت بەوەی سووریا بنکە سەربازییەکانی پێشووی رووسیا دەکاتە ناوەندی هاوبەشی راهێنانی سەربازی لەگەڵ رووسیا، کە بە کردەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ قوڵ دەکاتەوە؟ ئایا پێویستە ئەمە ببێتە مەرجێک بۆ پشتیوانیی ئێوە یان پشتیوانیی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سووریا؟ سوپاس.
سانیتا پاڤلیوتا- دێسلاند: سەبارەت بە سووریا، بەڕاستی ئەمە هەڵسەنگاندنێکی هاوبەشی ئەنجومەنە کە قۆناغی گواستنەوە لە سووریا، وەک ئاماژەتپێکرد "سەرنجڕاکێش" بووە. بێگومان، چەند پرسێک هەن کە پێویستە چارەسەر بکرێن، لەبەر ئەوە، وەک دەزانیت، ئەنجومەن بەردەوام تیشک دەخاتە سەر پرسی قۆناغی گواستنەوەی سووریا. بۆیە ئەم مانگەش کۆبوونەوەیەکمان دەبێت. هەروەها سووریا دەرگای خۆی بەڕووی هەموو ناوچەکانی جیهاندا دەکاتەوە و پەیوەندییان لەگەڵ دادەمەزرێنێت. پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و سووریاش بە شێوەیەکی بەرچاو پێشکەوتنیان بەخۆیانەوە بینیوە، لەوانە دیالۆگی سیاسی و هەروەها هاوکاریی ئابووری. هیچ مەرجێکی تایبەتی پێوە نییە. ئەمە بەشێکە لە دیالۆگی دوولایەنە و فرەلایەنەی نێوان سووریا و هەر ناوچەیەکی دیکەی جیهان. کەواتە، تا ئێستا بۆچوونی من ئەمەیە. سوپاس.


