رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای ئیمارات رایگەیاند، ئەبوزەبی هیوادارە لە دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا پێشکەوتن بەدیبێت بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، بەڵام هاوکات بۆ "خراپترین ئەگەر و سیناریۆ ئامادەیە"؛ ئەمەش لە دوای سەرهەڵدانی هەڕەشەی نوێ بۆ دەستپێکردنەوەی پێکدادانە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا دێت.
رۆژی یەکشەممە 01-11-2026، ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی ئیمارات لە بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێکدا لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن گوتی: "هیوادارین پێشکەوتنێکی دیپلۆماسی بێتە کایەوە. لە بەرژەوەندیی ناوچەکەدا نییە بچێتە نێو گەڕێکی دیکەی جەنگەوە، بەڵام پێموایە ئێمە هەروەک چۆن پێشتریش پێشانمان داوە، بۆ خراپترین ئەگەریش ئامادەین."
ئەم هەڵوێستەی ئیمارات هاوکاتە لەگەڵ جموجوڵە دیپلۆماسییەکان؛ بە جۆرێک لە دوای سەردانی شاندێکی قەتەری بۆ تاران لەم هەفتەیەدا، ئێران چەند نێردەیەکی رەوانەی دەوحە کرد بۆ بەردەوامیدان بە راوێژکارییەکان لە چوارچێوەی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە دووبارە هەڕەشەکانی نوێکردەوە و رایگەیاند، هێشتا دەبێت یەک دوو شوێنی دیکەی ئێران بکرێنە ئامانج. هاوکات دۆناڵد بلۆم، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لە کۆنفرانسەکەی مەنامە گوتی: "ناتوانین رێگە بدەین ئێران ناوچەکە و ئابووریی جیهان بکاتە بارمتە. دەستی دانوستاندن درێژکراوە و کەناڵەکان بە کراوەیی و کارایی ماونەتەوە، بەڵام ئامادەشین بەرەو ئاراستەیەکی دیکە هەنگاو بنێین."
لەلایەکی دیکەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ترەمپ هێشتا بڕیاری لەبارەی لێدانی نوێ لە ئێران نەداوە و دەرگەی واشنتن بۆ چارەسەری دیپلۆماسی کراوەیە.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28ـی شوباتی ئەم ساڵ بە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، لە بەرامبەریشدا تاران وەڵامی دایەوە و چەندین بنکە و هاوپەیمانی واشنتنی لە وڵاتانی کەنداو کردە ئامانج.



