رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئێستا هیچ بەرنامەیەکیان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی نییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''مەرجەکانی ئێران بۆ دانوستاندن روونن و نێوەندگیرەکان لەوبارەوە، هێشتا سەرقاڵی راوێژکردنن''.
ئەمڕۆ شەممە 31-10-2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکی میدیاییدا باسی لە چارەنووسی دانوستاندنی تاران و واشنتن کرد و رایگەیاند: ''ئێستا هیچ بەرنامەیەک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکی لەئارادا نییە، ئەم دەنگۆیانەی کە لەوبارەوە هەن، تەنیا لە میدیاکانەوە بڵاوکراونەتەوە''.
بەگوتەی عەباس عێراقچی، مەرجەکانیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا روونن و نێوەندگیرەکان هێشتا سەرقاڵی راوێژکردنن لەسەریان.
ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکا و سەرچاوەی ئاگادار دەڵێن، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی جەی دی ڤانسی جێگرییەوە نامەیەکی بۆ موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ناردووە و داوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی کردووە. وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتنی نامەکەی بە تاران پشتڕاست کردەوە و گوتی: ''پەیامەکەی ڤانس بە وردی بەدواداچوونی بۆ کراوە و لە کۆبوونەوەکانی ئاستی باڵادا خراوەتە بەر باس''.
عەباس عێراقچی هەوڵێ لایەنی ئەمریکی بۆ ''کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی بەرفراونتر'' بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەزانێت، بەڵام هۆشداریش دەدات: ''ئەگەر ئامانجی واشنتن لە ناردنی ئەم پەیامە دروستکردنی ناکۆکی بێت، ئەوا ئەم هەنگاوە هەڵەیەکی نوێ دەبێت کە دەخرێتە سەر هەڵە پێشووەکانیان.''
سەبارەت بە شێوەی گفتوگۆ ئەگەرییەکانی داهاتووی نێوان تاران و واشنتن، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد: ''پاش رەزامەندیی ئەمریکا لەسەر مەرجەرکانمان، لەسەر ئەنجامدانی دانوستاندنەکان بە شێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بڕیار دەدرێت''.
وەک عەباس عێراقچی دەڵێت، تاران شاندێکی ناردووەتە دەوحەی قەتەر و یەکێک لە جێگرەکانی خۆی سەرپەرشتی دەکات؛ ''ئامانج لە چوونی شاندەکەمان درێژەدان بە گفتوگۆکانە لەسەر رۆڵی نێوەندگیریی قەتەر''.
هەر ئەمڕۆ میدیای ئەمریکی بڵاوی کردەوە، شاندی وڵاتانی نێوەندگیر، بە پێشەنگایەتیی قەتەر بڕیارە رۆژی شەممە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆببنەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەى نێوەندگیرانى قەتەری رۆژی هەینی زیاتر لە 12 کاژێر لە تاران گفتوگۆی چڕیان کرد، بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی نێوان واشنتن و تاران.
وڵاتانی ناوچەکە وەک تورکیا، میسر، عێراق، پاکستان و سعودیە هۆشداری دەدەن و داوای رێگەچارەی دیپلۆماسی دەکەن پێش هەڵبژاردنی نیوەی خول کە 3ـی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت؛ بەتایبەت کە بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر کۆمارییەکان رووبەڕووی دۆخێکی نالەبار ببنەوە، رەنگە بژاردەی هێرشی سەربازی بەهێزتر بێت.
.webp&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
