رووداو دیجیتاڵ
شاندی نێوەندگیرانی قەتەر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا گەیشتە تاران تاوەکو رێگە بۆ رێککەوتنێکی نوێ لەنێوان واشنتن و ئێران خۆش بکەن. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە هەردوو وڵات مەرجی جیاوازیان بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنەکان هەیە و ناکۆکیی سەرەکی لەسەر پرسی ئەتۆم و سزاکانە.
ئەمڕۆ هەینی 30ی تشرینی یەکەمی 2026 ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئاگادار لە دانوستاندنەکان بڵاویکردەوە، شاندی قەتەر گەیشتوونەتە تاران. بەرپرسەکە بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، تەواوی گفتوگۆکانی نێوەندگیریی قەتەر بە هاوئاهەنگیی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوەدەچن بۆ ئەوەی دەروازەیەک بۆ رێککەوتن بدۆزنەوە.
ناکۆکیی سەرەکی لەسەر پرسی ئەتۆم و سزاکانە
قەتەر، رۆژی یەکشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2026 رەشنووسی پلانێکی ئاشتیی پێشکێشی ئێران کردبوو، بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئێران رەتیکردەوە و گوتی قبووڵکراو نییە، چونکە تاران دەستبەرداری هەڵوێستی ئەتۆمیی خۆی نابێت.
ئێستا واشنتن دەیەوێ پرسی ئەتۆمیی ئێران هەر لە سەرەتای گفتوگۆکاندا بێت. لە بەرامبەردا تاران داوا دەکات ئەمریکا پێش هەموو شتێک گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران لابدات و سزاکانی هەناردەی نەوتیش هەڵبگرێت.
هەوڵەکانی عێراقچی و لێدوانەکەی ترەمپ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی چوارشەممە 24ی تشرینی یەکەمی 2026 رایگەیاند، تاران لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ نێوەندگیرەکان تاوەکو بیرۆکەکان گەنگەشە بکەن و پێشنیازە حەوت رۆژەکەی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ جێبەجێ بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوینێ پێنجشەممە راپۆرتی هەندێک میدیای رەتکردەوە کە باسیان لە هەوڵی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک دەکرد بۆ زیندووکردنەوەی دانوستاندنی ئاشتی لەگەڵ ئێران. ترەمپ گوتی، پەیوەندییەکەی ڤانس تەنیا پەیوەندیی بە دابینکردنی پێداویستیی پزیشکییەوە هەبووە.
هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئێستا بۆ کۆتاییهێنانە بەو جەنگەی کە لە 28ی شوباتی ئەم ساڵەوە لەنێوان ئەمریکا و ئێران هەڵگیرساوە. لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە هاتووچۆی کەشتییەکان بەنێو تەنگەی هورمزدا بە تەواوی سنووردار کرا و ئەمریکاش گەمارۆی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران کە بەهۆیەوە قەیرانێکی گەورەی وزە دروست بوو.



