رووداو دیجیتاڵ
ئیمارات بە فەرمی لانا زەکی نوسەیبە، وەزیری دەوڵەتی بۆ پۆستی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەربژێر کرد.
رۆژی چوارشەممە، 21ی تشرینی یەکەمی 2026، شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، لە رێگەی نامەیەکەوە کە ئاراستەی سەرۆکی کۆمەڵەی گشتی و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە، داواکاریی بەربژێرکردنەکەی بەپێی رێکارە پەسندکراوەکان بۆ هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی سکرتێری گشتیی داهاتوو پێشکەش کرد.
سەرۆکی ئیمارات لە نامەکەیدا جەختی لە ئەزموونی قووڵی نوسەیبە لە نێو نەتەوە یەکگرتووەکان، لێهاتوویی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاستەنگە نێودەوڵەتییەکان و تۆماری دەستکەوتەکانی لە کارە بیناکەرەکاندا کردووەتەوە.
نوسەیبە جگە لە پۆستە وەزارییەکەی، لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2024 وەک نوێنەری هەمیشەیی ئیمارات لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە. لەو ماوەیەدا پۆستی جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی گشتی و سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی ژنانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی وەرگرتووە، هەروەها هاوسەرۆکایەتیی پرۆسەکانی چالاککردنەوەی کۆمەڵەی گشتی و چاکسازییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی کردووەو دوو جاریش لە ماوەی ئەندامێتیی ئیمارات لە ئەنجوومەنی ئاسایش (2022–2023) سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکەی گرتووەتە دەست.
کارەکانی چەندین بواری وەک ئاشتی و ئاسایش، کاری مرۆیی، گەشەپێدانی بەردەوام، مەترسییە ئەمنییەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا و پرسی ئافرەتانی گرتووەتەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایش لە رێگەی زنجیرەیەک دەنگدانی بەرایی نافەرمییەوە کە دوایینیان لە 16ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو، سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی بەربژێرەکانە.
بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمینداری گشتی لەسەر پێشنیازی ئەنجوومەنی ئاسایش لەلایەن کۆمەڵەی گشتییەوە پەسند دەکرێت و پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەفتەکانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت بۆ دیاریکردنی ئەو سەرکردەیەی لە کانوونی دووەمی 2027ـەوە رێکخراوەکە بەڕێوەدەبات.
حەوت بەربژێر هەن بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەوانە رافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.


