رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی
تورکیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی رایگەیاندووە، وەزیرانی دەرەوەی ئەورووپا و چەند
وڵاتێکی ناوچەکە رۆژی هەینی لە شاری ئیستنەبووڵ کۆبوونەوەیەکی هاوبەش دەکەن، کە
لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئەنقەرە رێکخراوە.
سەرچاوەکەی وەزارەتی
دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە کە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەڵمانیا،
فەرەنسا و بەریتانیا کە
بە گرووپی E3 دەناسرێن، لەگەڵ هاوتاکانیان لە گرووپی نوێی "R4" کە پێکهاتوون لە تورکیا، سعودیە، پاکستان و
میسر، کۆدەبنەوە.
چاوەڕوان دەکرێت لەم کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر چەندین دۆسیەی
هەستیار بکرێت، لەوانەش پرسی فەلەستین، پێشهاتەکانی یەمەن، دۆخی تەنگەی هورمز،
هەروەها رێگاکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی
تورکیا میوانداریی ئەم کۆبوونەوەیە دەکات، کە یەکەمین جارە هەردوو گرووپەکە پێکەوە
کۆدەکاتەوە. سەرچاوەکە گوتی: "ئەم حەوت وڵاتە بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا لە
چوارچێوەی کۆبوونەوەی (R4+E3) لەسەر دەستپێشخەریی
تورکیا کۆدەبنەوە"، ئاماژەیان بەوەش کرد کە دەرفەتەکانی هاوکاری و هاوئاهەنگی
لە قۆناخی داهاتوودا تاوتوێ دەکەن.
چاوەڕوان دەکرێت فیدان
لە کاتی سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەکەدا، سەرنج بخاتە سەر ئەوەی کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی "گوشارەکان لەسەر ئیسرائیل زیاد بکات" لە وەڵامی فراوانکردنی
کۆمەڵگە جوونشینە نایاساییەکانی کەرتی رۆژئاوا و "هاندانی تیرۆری
نیشتەجێبووان".
هەروەها فیدان جەخت
لەسەر پشتیوانیکردنی ئاسایشی سعودیە لە بەرامبەر هێرشەکانی حووسییەکانی یەمەن
دەکاتەوە و جەخت لەسەر پێویستیی دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز و تەنگەی بابولمەندەب دەکاتەوە.
جگە لەوەش، هاکان فیدان
هۆشداری و پێشنیازەکانی تورکیا دووپات دەکاتەوە بۆ رێگریکردن لە پەلهاویشتنی جەنگی
نێوان رووسیا و ئۆکراینا بۆ سەر دەریای رەش و کۆتاییهێنان بە کوشتنی هاووڵاتییانی سڤیل لەو ناوچەیەدا.
گرووپی E3 زیاتر لە 20 ساڵ لەمەوبەر بە مەبەستی پێشخستنی هاوئاهەنگیی
دیپلۆماسی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دامەزرا، لە کاتێکدا گرووپی R4 لە سەرەتای ئەمساڵدا دروستبوو و میسر لەگەڵ ئەو
وڵاتانە کۆدەکاتەوە کە واژۆیان لەسەر "پەیماننامەی بەرگریی مەککە"
کردووە، ئەو پەیمانە بەرگرییە هاوبەشەی کە لە مانگی ئابدا لەلایەن تورکیا، سعودیە
و پاکستانەوە دامەزرا.



