رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی
فڕۆکەوانیی سڤیلی سعودیە رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی شەوی رابردوو بۆ
سەر فڕۆکەخانەی دەمام لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، دوو کەس کوژران و هەشت کەسی دیکەش
بریندار بوون.
دەستەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە هێرشەکەی رۆژی چوارشەممەدا هاووڵاتییەکی سعودی و هاووڵاتییەکی هیندستانی کوژراون و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی زیانە مادییەکانی فڕۆکەخانەکەن.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، هێرشی حووسییەکان بۆ سەر ژێرخانی نەوتی و سڤیلی سعودیە گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە، ئەمەش ریازی ناچار کردووە فڕۆکەخانە سەرەکییەکانی دابخات و کۆنفرانسێکی گەورەی وەبەرهێنان دوابخات.
بەپێی ئامارێکی ئاژانسی فرانس پرێس کە لەسەر بنەمای داتا فەرمییەکان ئامادەکراوە، لەم مانگەدا بە گشتی 22 کەس لە ئەنجامی هێرشەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی سعودیە گیانیان لەدەستداوە.
گەمارۆی دەریایی حووسییەکان لە دەریای سووردا هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر هەناردەکردنی نەوت لە سعودیەوە، کە
گەورەترین هەناردەکاری نەوتی خاوە لە جیهاندا.
ئەم هێرشانەی حووسییەکان دوای هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستی چەند ساڵەی نێوخۆی یەمەن لە مانگی تەممووزدا دێن.
حووسییەکان سەرەتا گەمارۆی دەریاییان بەسەر سعودیەدا سەپاند و دەستیان کرد بە لێدانی کەشتی و پێگە نەوتییەکانی و لە مانگی ئەیلوولیشدا لە هێرشێکی فراواندا دەستیان بەسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی یەمەن لە کەناراوەکانی دەریای سووردا گرت.
لە بەرامبەردا، هێزی ئاسمانیی سعودیە بە بەردەوامی ئەو ناوچانە بۆردوومان دەکات کە لەژێر کۆنترۆڵی حووسییەکاندان لە یەمەنی هەژارنشین.



