رووداو دیجیتاڵ
نێوەڕۆکی رێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی مەککە بڵاودەکرێتەوە کە لە 16 مادە پێکهاتووە و بە هەر سێ زمانەکانی تورکی، عەرەبی و ئینگلیزی نووسراوە.
یەکەمجارە نێوەڕۆکی ئەو رێککەوتننامەیە بڵاودەکرێتەوە کە رۆژی 7ی ئابی 2026 لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ محەممەد شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان؛ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە شاری مەککە واژۆکرا.
رێککەوتنەکە وەک رەنگدانەوەی "دیدگەی ستراتیژیی هاوبەش"ی هەر سێ وڵات سەبارەت بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و پابەندبوونیان بە "دۆزینەوەی چارەسەری هەرێمی بۆ کێشە هەرێمییەکان" ناوبراوە.
ئامانجی سەرەکیی هاوپەیمانییەکە بەهێزکردنی ئاسایشی تورکیا، پاکستان و سعودیە لە رێگەی میکانیزمی بەرگریی هاوبەشەوەیە.
دەقی رێککەوتنەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئەگەری بوونی هەر جیاوازییەک لە لێکدانەوەدا، دەقە ئینگلیزییەکە بە بنەما وەردەگیرێ.
دەقی 16 مادەکەی نێو رێککەوتنەکە:
مادەی 1: "لایەنەکان" هاریکاریی یەکدی دەکەن بۆ دڵنیابوون و پاراستنی دەستدرێژینەکردنە سەر سەربەخۆیی، سەروەری، یەکپارچەیی خاک و سنوورە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەکانی یەکدی. لە ئەگەری ئەوەی یەکپارچەیی خاک، سەروەری و سنوورە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەکانی هەر یەکێک لە "لایەنەکان" بکەوێتە ژێر هەڕەشە یان مەترسییەوە "لایەنەکان" هەموو رێگەیەکی پێویست بەکاردەهێنن بۆ نەهێشتنی ئەو هەڕەشە و مەترسییانە.
مادەی 2: هەر هێرشێکی چەکداریی دەرەکی بۆ سەر هەر یەکێک لە "لایەنەکان"، بە هێرش بۆ سەر هەموو "لایەنەکان" دادەنرێ. لە ئەگەری بەئامانجگرتنی یەکێک لە "لایەنەکان" یان دەستدرێژیی سەربازی لەلایەن وڵاتێک یان گرووپێک وڵاتەوە، "لایەنەکان" دەستبەجێ یارمەتیی ئەو "لایەنە" دەدەن کە هێرشی کراوەتە سەر، بە بەکارهێنانی هەموو توانایەکی یارمەتیدانی یەکدی کە لەبەردەستیاندایە. بۆ ئەم مەبەستە "لایەنەکان"، بۆ دڵنیابوون لە بەکارهێنانی مافی بەرگریی رەوا کە لە مادەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، دوای هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە بۆ یارمەتیی پێویست، بڕیار لەسەر قەبارە و جۆری ئەو پاڵپشتییە دەدەن کە پێشکەش دەکرێ؛ هەروەها لە چوارچێوەی تواناکانی بەردەستیاندا، لەنێویاندا توانای سەربازی، هاریکاری دەکەن.
مادەی 3: "لایەنەکان" بەپێی مادەی 2ی ئەم رێککەوتنە، لە بوارەکانی بەرگری، پیشەسازیی بەرگری و ئاسایشدا هاریکاریی یەکدی دەکەن، پەیوەندیی نێوان هێزە چەکدارەکانیان پەرە پێدەدەن و ئەو چالاکییانەی لەسەریان رێککەوتوون بۆ بەهێزکردنی هاریکاریی بەرگری، جێبەجێ دەکەن.
مادەی 4: لایەنەکان بە شێوەیەکی بەردەوام راوێژ لەبارەی پرسە ئەمنییە نێودەوڵەتییەکانەوە دەکەن. لایەنەکان بە شێوەیەکی بەردەوام و کاریگەر یارمەتی و هاریکاریی یەکدی دەکەن بۆ پەرەپێدانی رێوشوێنی تاکلایەنە و هاوبەش لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی هاوبەش، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە گرنگەکان و ئاسایشی نیشتمانییان و نەهێشتنی هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانییان.
مادەی 5: لایەنەکان هاریکاریی بەردەوام و هەوڵە هاوبەشەکان بەهێز دەکەن، لەنێویاندا لەسەر ئاستی ئۆپەراسیۆنی، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو جۆر و شێوەکانییەوە کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە.
مادەی 6: لە کاتی جەنگ و ئاشتیدا، لایەنەکان هانی گۆڕینەوەی کارمەند لەنێوان دامەزراوەکانی بەرگری، پرۆگرامی راهێنانی هاوبەش و مانۆڕەکان، هەروەها جێگیرکردن و چالاکییەکان دەدەن بۆ زیادکردنی توانای کارکردنی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی "لایەنەکان" بە مەبەستی پەرەپێدانی تواناکانی بەرگری.
مادەی 7: بە مەبەستی بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری، لایەنەکان لەسەر بنەمای رەزامەندیی دوولایەنە پاڵپشتیی هاوبەشیکردنی تەکنەلۆژیا، پەرەپێدانی هاوبەشی تەکنەلۆژیا، بەرهەمهێنانی هاوبەش و هاریکاری لەنێوان دامەزراوەکانی پیشەسازیی بەرگریدا دەکەن لە بوارەکانی خوارەوەدا:
a) هاندانی بەرهەمهێنانی هاوبەش لە بواری بەرگری.
b) جێبەجێکردنی داهێنانی بەرگری لە رێگەی پرۆژەی هاوبەشی توێژینەوە و پەرەپێدان لە تەکنەلۆژیا پسپۆڕییەکان.
c) دابینکردنی سەرچاوەی مرۆیی و پاڵپشتیکردنی پیشەسازیی سەربازی لە رێگەی پسپۆڕانی هەر لایەنێکەوە لە خاکی هەر سێ وڵات.
d) هاوبەشکردنی شارەزایی لە بوارەکانی پیشەسازیی بەرگری، توێژینەوە، پەرەپێدان و داهێنانی بەرگری.
e) بوارەکانی دیکەی هاریکاری کە "لایەنەکان" لەسەریان رێکدەکەون.
مادەی 8: بە مەبەستی دانانی ئاراستەی ستراتیژی بۆ بەرگریی هاوبەش، پەرەپێدانی هاوئاهەنگیی بەرگری و ئاسایش و چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتننامەیەدا دێنە ئاراوە، لیژنەی ستراتیژیی سیاسی و بەرگری دادەمەزرێن کە لە وەزیرانی دەرەوە، وەزیرانی بەرگری و سەرۆک ئەرکانی گشتیی پێکدێ. لیژنەکە ساڵانە دووجار کۆدەبێتەوە و لایەنەکان بە نۆرە میوانداریی دەکەن. سەرکردەی "لایەنەکان" دەتوانن لە ئەگەری پێویستدا ساڵانە جارێک کۆببنەوە.
"لیژنەی ستراتیژیی سیاسی و بەرگری"، لە ئەگەری پێویستدا دەتوانێت لیژنەی لاوەکی دابمەزرێنێت.
بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی بوارەکانی هاوئاهەنگی کە لەم رێککەوتننامەیەدا دیاریکراون، لە کاتی پێویستدا گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتن یان پرۆتۆکۆلی نوێ لەنێوان "لایەنەکان"دا دەکرێ.
"لیژنەی ستراتیژیی سیاسی و بەرگری"، بە کۆدەنگیی "لایەنە سەرەکییەکان" دەسەڵاتی دیاریکردن و پەسەندکردنی رێکار و بنەماکانی بەشداریکردنی "لایەنە"کانی دیکەی لەم رێککەوتننامەیەدا هەیە.
بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی "لیژنەی ستراتیژیی سیاسی و بەرگری"، سکرتاریەتێک دادەمەزرێ کە بارەگاکەی لە سعودیە دەبێ. سکرتاریەتەکە رێککەوتنێک لەگەڵ سعودیە واژۆ دەکات. رێکار و بنەماکانی پەیوەست بە کارکردن، پێکهاتەی رێکخراوەیی و دامەزراندنی سکرتاریەتەکە، بە کۆدەنگیی "لایەنە سەرەکییەکان" بڕیاری لەسەر دەدرێ.
سکرتاریەتەکە لەلایەن سکرتێرێکی گشتییەوە بەڕێوەدەبردرێ کە بۆ سێ ساڵ بە نۆرە لەنێوان "لایەنە سەرەکییەکان"دا هەڵدەبژێردرێ. یەکەم سکرتێری گشتی هاووڵاتیی کۆماری ئیسلامیی پاکستان دەبێت.
حوكمەكانی ئەم مادەیە، زیان بە کارەکانی لیژنەکانی هاوئاهەنگیی سەربازیی ئێستای نێوان "لایەنەکان" ناگەیێنێت.
مادەی 9: بە مەبەستی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لە بواری هەواڵگری و دابینکردنی هاوئاهەنگیی پێویست لەو چوارچێوەیەدا، "لایەنەکان" بە رەچاوکردنی ئاسایشی زانیاری، پاراستنی داتا و پابەندبوون بە نهێنی هێشتنەوەی زانیارییەکان، زانیاریی هەواڵگری ئاڵوگۆڕ دەکەن.
مادەی 10: بەگوێرەی بەردەستی و گونجاویی خزمەتگوزارییەکانی پشتیوانیی لۆجستی، لایەنەکان لە کاتی ئاشتی، جەنگ و دۆخە نائاساییەکانی دیکەدا پشتیوانیی لۆجستی پێشکێشی یەکدی دەکەن کە چەک، تەقەمەنی، سووتەمەنی، پارچەی یەدەگ و کەرەستەکانی دیکە دەگرێتەوە.
مادەی 11: بە مەرجی پاراستنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسا نێوخۆییەکان، "لایەنەکان" ئەم رێککەوتننامەیە وەک بنەمایەکی یاسایی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانی دادەنێن و لە کاتی پێویستدا رێوشوێنی یاسایی دیکە پێشنیاز دەکەن.
مادەی 12: ئەم رێککەوتننامەیە، زیان بە ماف و ئەرکەکانی "لایەنەکان" ناگەیێنێت کە لە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی پێشوویانەوە سەرچاوەیان گرتووە.
مادەی 13: "لایەنەکان" پابەندی نهێنیی ئەو زانیاری و بەڵگەنامانە دەبن کە پۆلێنکراون و لە چوارچێوەی ئەم رێککەوتننامەیەدا بەدەستیان دەهێنن و رێز لە یاسا نیشتمانییەکان دەگرن.
زانیاری و بەڵگەنامە پۆلێنکراوەکان لەگەڵ هیچ وڵات، کۆمپانیا یان کەسێک لە دەرەوەی "لایەنەکان" بەش ناکرێن.
دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و بەڵگەنامە پۆلێنکراوەکان، لەسەر بنەمای "پێویستە بزانێت" و تەنیا بۆ ئەو کەسانە دابین دەکرێت کە مۆڵەتی ئاسایشی گونجاویان هەیە.
مادەی 14: هەر ناکۆکییەک کە لە لێکدانەوە یان جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتننامەیەوە سەرچاوە بگرێ، لە رێگەی راوێژ و گفتوگۆوە بە شێوەیەکی دۆستانە لەنێوان "لایەنەکان"دا چارەسەر دەکرێ.
مادەی 15: ئەم رێککەوتننامەیە بە راوێژ و کۆدەنگیی "لایەنە سەرەکییەکان" دەتوانرێ هەموار بکرێتەوە.
مادەی 16: ئەم رێککەوتننامەیە، بەپێی ئەو رێکارانەی کە هەر "لایەنێک" پەیڕەویان دەکات پەسند دەکرێ و لەو رۆژەوە دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە کە دوا بەڵگەنامەی پەسەندکردن رادەستی سکرتاریەتی "لیژنەی ستراتیژیی سیاسی و بەرگری" دەکرێ.




