رووداو دیجیتاڵ
کاپتنی فڕۆکەیەکی کۆمپانیای فلای دوبەی ئاشکرای دەکات، لە کاتی فڕیندا لەلایەن یاریدەدەرەکەیەوە بە تەور هێرشی کراوەتە سەر بە مەبەستی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە؛ ئاماژە بەوەش دەکات لەو کاتە ترسناکەدا تەنیا بیری لەوە کردووەتەوە کە "نابێت بەم شێوەیە بمرێت".
لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی کە رۆژی 17ی تشرینی یەکەمی 2026، لە نەخۆشخانەیەکی ئیمارات، سمیت ماچهار، فڕۆکەوانی هیندی و کاپتنی فڕۆکەکە، باسی لە ساتەوەختی ئەو هێرشە کرد کە لە کۆتایی مانگی رابردوودا لە گەشتێکی بەرەو تەلئەڤیڤ بەسەریدا هات و گوتی: "یاریدەدەرەکەم لە پشتمەوە بە تەوری فریاگوزاری لە بەشی دواوەی سەرمی دا؛ سەرەتا وامزانی پارچەیەکی سەقفی فڕۆکەکە شکاوە، بەڵام دواتر چەندین لێدانی دیکەی لێدام و دەستیشم بریندار بوو تاوەکو خۆم بپارێزم."
بە گوتەی کاپتنی فڕۆکەکە، بە زەحمەت و لە کاتی بەرەنگاربوونەوەدا توانیویەتی دوگمەی کردنەوەی دەرگای ژووری فڕۆکەوان دابگرێت بۆ ئەوەی فڕۆکەوانێکی دیکە کە وەک سەرنشین لە فڕۆکەکەدا بووە بێتە ژوورەوە و رزگاریان بکات، پێش ئەوەی بەهۆی خوێنبەربوون و لێدانەکانەوە هۆشی لەدەست بدات و فڕۆکەکەش بە تیژی بەرەو خوارەوە بکەوێت.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی ئیمارات، یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە کە گەنجێکی تەمەن 29 ساڵانی عومانییە، پلانی دانابوو بە ئیلهاموەرگرتن لە هێرشەکانی 11ـی سێپتێمبەری نیویۆرک، هێرشێکی خۆکوژی لە رێگەی فڕۆکەکەوە بۆ سەر تێرمیناڵی فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەلئەڤیڤ ئەنجام بدات.
رووداوەکە لە 30ی ئەیلوولی 2026 و لە کاتی گەشتێک لە دووبەیەوە بۆ تەلئەڤیڤ روویدا، پێش ئەوەی فڕۆکەکە بە ناچاری لە (تەبووک)ی سعودیە بنیشێتەوە.
بەپێی راپۆرتی داواکاری گشتی، فڕۆکەوانەکەی دیکەی نێو فڕۆکەکە دوای بینینی جووڵەی نائاسایی دەرگای کابینەکە، چووەتە ژوورەوە و بە هاوکاریی دەستەی فڕۆکەوانی و سەرنشینان توانیویانە کۆنترۆڵی یاریدەدەرە هێرشبەرەکە بکەن و فڕۆکەکە بە ناچاری لە خاکی عەرەبستانی سعودیەدا بنیشێننەوە.
ماچهار دەستوەردانی ئەو فڕۆکەوانە هاوکارەی و رزگارکردنی گیانی سەرنشینانی بە کارێکی "شایستەی دەستخۆشی" ناوبرد و جەختی کردەوە کە ئەم رووداوە تاوەکو کۆتایی تەمەنی لە یادیدا دەمێنێتەوە.


