رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە دەڵێ، هەلیکۆپتەرێکی سەربازییان لە ئاسمانی پارێزگای نەجرانی سعودیە کەوتووەتە خوارەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، فڕۆکەکە بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کەوتووەتە خوارەوە و لە ئەنجامدا دوو فڕۆکەوانەکەی ناوی گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی یەکشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2026، تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە لەسەر سنوورەکانی یەمەن، هەلیکۆپتەرێکمان کەوتە خوارەوە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "فڕۆکەکە لە ئاسمانی ناوچەی نەجران کەوتووەتە خوارەوە".
بە گوتەی گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی، "دوو فڕۆکەوانەکەی نێو هەلیکۆپتەرەکە گیانیان لەدەستداوە و فڕۆکەکە لە جۆری بۆینگ ئەی ئێچ 6 ئای بووە".
لە 2ی تەممووزەوە حووسییەکانی یەمەن گەمارۆی دەریاییان بەسەر سعودیەدا سەپاندووە. لە 3ی ئەیلوولیشەوە گرووپەکە دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکەی کردووە، بە گوتەی خۆیان، ئەمە بۆ دەرکردنی هێزەکانی سعودیەیە لە خاکی وڵاتەکەیان. لەو کاتەوە ناوە ناوە حووسییەکان بە مووشەک و درۆن هێرش دەکەنە سەر سعودیە و ئەوانیش ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان بۆردوومان دەکەن.
لە دەستپێکی جەنگەکەوە ئەمە یەکەمجارە هاوپەیمانیی عەرەبی پشتڕاستی کوژرانی فڕۆکەوانێکی دەکاتەوە.
مانگی ئەیلوولیش حووسییەکان رایانگەیاند، فڕۆکەیەکی هاوپەیمانییەکەیان خستووەتەخوارەوە.


