رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە وڵاتەکەی زۆربەی هێزی سەربازیی ئێرانی پەکخستووە، بەڵام هێشتا دەبێت "کار لەسەر" یان دوو ئامانج بکات، لەوانەش شوێنەوارێکی ئەتۆمیی گوماناوی لە چیای قولەنگ.
ترەمپ جەختیکردەوە کە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی شوباتدا دەستیان پێکرد، "بە باشی بەڕێوەدەچن، بەڵام دەزانن زۆر جێگەی متمانە نیین."
سەرۆکی ئەمریکا دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پەلەی نییە لە دەستپێکردنەوەی هێرش، چونکە توانیویەتی توانا سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران لاواز بکات.
ترەمپ لە کاتی قسەکردنیدا بۆ رۆژنامەڤانان لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە فلۆریدا گوتی: "لەوانەیە سەیری چیای قولەنگ بکەین و پێویستە کار لەسەر ئەوەش بکەین. دەتوانین هەموو ئەمانە زۆر بە خێرایی بکەین"، ئاماژەی بە شوێنێکی ئەتۆمیی ژێرزەویی گوماناوی کرد.
حومکەتی ئێران رەتی کردووەتەوە هیچ کارێکی ئەتۆمی لەو شوێنەدا کردبێت.
پێشتر لە هەمان رۆژدا، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە ترەمپ هێشتا بڕیاری لەسەر هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران نەداوە و ئەمریکا بۆ چارەسەری دیپلۆماسی ئامادەیە.
لە بەرامبەردا، رێبەری باڵای ئێران رۆژی شەممە هۆشداریی داوەتە ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی هێرشی نوێ، ئەوەش دوای ئەو هەڕەشانەی بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان لە دوای هەڵبژاردنەکان کرابوون. ترەمپ پێشتر هۆشداریی دابوو لە ئەگەری کردەوەیەکی سەربازیی نوێ دروستبکات و راگەیاندبوو کە تاوتوێی ئەوە دەکات ئایا "کۆتاییان پێبهێنێت" یان نا.

