رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکانی یەمەن رۆژی یەکشەممە رایانگەیاند، چوار ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لە دژی سعودیە کردووە، کە هەردوو فڕۆکەخانەی شا خالید لە ریاز و شا فەهد لە دەمام، لەگەڵ دوو دامەزراوەی نەوتیی کۆمپانیای ئارامکۆ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی سعودیەیان کردووەتە ئامانج. لە کاتێکدا ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگی ژمارەیەک تەقینەوە لە پایتەختی سعودیە بیستران. دەستەی فڕۆکەوانیی سڤیلی سعودیەش برینداربوونی چەند کەسێکی لە ئەنجامی هێرشەکان پشتڕاست کردەوە.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد کە ئۆپەراسیۆنەکان لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی، مووشەکی کرووز و درۆن ئەنجامدراون.
سەریع ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشەکان بوونەتە هۆی پەککەوتنی هاتووچۆی ئاسمانی لە هەردوو فڕۆکەخانەی ریاز و دەمام، هەروەها ئاگر لە دامەزراوە نەوتییە بەئامانجگیراوەکاندا کەوتووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە چەکدارەکانیان ئۆپەراسیۆنێکی دیکەشیان بۆ سەر شوێنی کۆبوونەوەی هێزەکانی سعودیە لە هەردوو ناوچەی رەئس عارە و سوقیا ئەنجامداوە، ئەویش بە بەکارهێنانی شەش مووشەکی بالیستی و دوو درۆن. هەروەها باسی لەوە کرد، لە ریزەکانی سوپای سعودیەدا ژمارەیەک سەرباز کوژراون و بریندار بوون.
تەقینەوەی نوێ لە ریاز
لە لایەکی دیکەوە، ئێوارەی یەکشەممە دەنگی دوو تەقینەوەی نوێ لە ریاز بیستران.
ئەم دوو تەقینەوەیە زیاتر لە کاژێرێک دوای ئەوە هات کە ئەو هاوپەیمانییەی سعودیە سەرۆکایەتیی دەکات، رووبەڕووبوونەوەی هێرشێکی نوێی بۆ سەر فڕۆکەخانەی ریاز راگەیاند؛ هێشتا سروشت و هۆکاری ئەو دوو تەقینەوە نوێیە بە تەواوی روون نەبووەتەوە.
دەستەی فڕۆکەوانیی سڤیلی سعودیە رایگەیاند، بەهۆی ئەو هێرشە نوێیانەی کە رۆژی یەکشەممە کرانە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز، چەند کەسێک بریندار بوون.
دەستە حکومییەکەی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە رووبەڕووی دەستدرێژییەکی نوێ بووەتەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەم دەستدرێژییەدا چەند کەسێک بریندار بوون و ئێستا بە هاوئاهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی زیانەکان و دڵنیابوونەوەین لە سەلامەتیی دامەزراوەکانی فڕۆکەخانە."
ئەم پێشهاتانە تەنیا رۆژێک دوای ئەو هێرشە بێوێنەیە دێن کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالیدی لە ریاز کردە ئامانج و بەهۆیەوە لانیکەم 12 کەس کوژران و زیاتر لە 300 کەسیش بریندار بوون.


