رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی شەممە رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی گەمارۆی دەریایی بەردەوام دژی ئێران، ئاراستەی 144 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە.
سێنتکۆم لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وێنەی هەستانی هێلیکۆپتەرێکی جۆری (MH-60R Sea Hawk)ـی سەربە هێزی دەریایی ئەمریکای لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یوو ئێس ئێس جۆرج واشنتن - CVN 73 بڵاوکردەوە. ئەم کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە پشتگیری لە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەکات کە بەرپرسانی واشنتن دەڵێن "گەمارۆیەکی پۆڵایینە".
فەرماندەییەکە رایگەیاند: "تاوەکو 31ی تشرینی یەکەم، هێزەکانی ئەمریکا بۆ مسۆگەرکردنی پابەندبوون، ئاراستەی 144 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە."
ئەم گەمارۆیە کە لە 14ی تەممووزی 2026ـەوە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەست پێکردووەتەوە، ئەو کەشتییانە دەکاتە ئامانج کە هەوڵ دەدن بچنە نێو بەندەرەکانی ئێران یان لێیان دەربچن. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، مەبەست لەم هەنگاوە رێگریکردنە لەوەی ئێران نەوتی خاو هەناردە بکات و هەروەها سنوردارکردنی بودجەی سوپای پاسداران و ئەو تۆڕانەی سەر بەو هێزەن.
پێشتر سێنتکۆم رایگەیاندبوو کە هەندێک لەو کەشتییانەی پابەند نەبوون پەکخراون و ژمارەیەک کەشتیش کە پەیوەندییان بە تۆڕی سێبەری نەوتی ئێرانەوە هەبووە تێکشکێنراون. کەشتییە مرۆییەکان رێگەیان پێدراوە لەژێر مەرجی دیاریکراودا تێپەڕن.
کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یوو ئێس ئێس جۆرج واشنتن کە لە دەریای عەرەب و ئاوە هەرێمییەکاندا کار دەکات، یەکێکە لەو هێزە دەریاییانەی کە پاڵپشتیی ئەو هەوڵە دەکات شانبەشانی کەشتییە جەنگی و فڕۆکەکانی دیکە. بەرپرسان رایانگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنەکە هاوکاریشە بۆ پاراستنی هاتوچۆی بازرگانیی یاسایی بە تەنگەی هورمزدا.
ئەم گەمارۆیە بەشێکە لە گوشارە فراوانەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە سایەی گرژییە بەردەوامەکاندا. سێنتکۆم بەردەوامە لە ئامۆژگاریکردنی ئەو دەریاڤانانەی کە لە نزیک کەنداوی عومان و دەروازەکانی تەنگەی هورمز کار دەکەن بۆ ئەوەی چاودێریی ئاگادارییەکانی بکەن و لە کاتی پێویستدا پەیوەندی بە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکەوە بکەن.
