رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، دوای شەڕەکانی ئەم دواییە هاوکێشەی هێز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتەواوەتی گۆڕاوە و هیچ شتێک وەک رابردوو نامێنێتەوە، دەشڵێت، شێوازی بەڕێوەبردن و هاتووچۆ بە نێو تەنگەی هورمزیشدا وەک پێشوو نابێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ی تشرینی یەکەمی 2026، عەباس عێراقچی لە تاران لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی کردنەوەی ناوەندی بەڵگەنامەکانی کەمال خەرازی، راوێژکاری باڵای نێودەوڵەتی، تیشکی خستە سەر پێشهاتەکانی ناوچەکە و شەڕی ساڵ و نیوی رابردووی بە وەرچەرخان لە مێژوودا وەسف کرد.
عێراقچی گوتی: "ئەم شەڕانە تەواوی پێکهاتە ئەمنییەکانیان تێکداوە و بارودۆخەکەیان گۆڕیوە. ئەمە راستییەکە کە دەبێت جیهان و وڵاتانی ناوچەکە لێی تێبگەن؛ چیدی هیچ شتێک وەک رابردوو نابێت."
سەبارەت بە چارەنووسی رێڕەوی تەنگەی هورمز، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "تەنگەی هورمز چەندین دەیە کراوە بووە، نە ئێران و نە عومان وەک دوو وڵاتی کەناراو هیچ ئاستەنگێکیان بۆ هاتووچۆ دروستنەکردووە، بەڵکو ئاسایشی دەریاییان پاراستووە. بەڵام شەڕ هەموو شتێکی گۆڕیوە و دەبێت دان بە راستییە نوێیەکاندا بنێین؛ رێڕەوەکانی هاتووچۆ و شێوازی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز وەک رابردوو نامێننەوە."
وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی دەنگۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێشی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو لە ئێستاوە بیر لە قۆناخی دوای شەڕ دەکاتەوە، گوتیشی: "ئەگەر لۆژیک هەبێت، پەلاماری سەربازی بۆ سەر خەڵکی ئێران تاقی ناکەنەوە، چونکە پێشتر دووجار تاقییان کردووەتەوە و ئەنجامەکەیان بینیوە، ئەگەر تاقیشی بکەنەوە، هیچ ئەنجامێکی جیاواز بەدەستناهێنن."
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتێکدایە، لە 18ی ئایاری رابردوودا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان تاران و واشنتن بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆکرا، بەڵام هەردوولا یەکتریان بە پێشێلکردنی بەندەکانی تۆمەتبار کرد.
ئێستا ئێران لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە حەوت مەرجی نوێی خستووەتە بەردەم ئەمریکا و جەخت دەکاتەوە، تاوەکو ئەو مەرجانە جێبەجێ نەکرێن، نە دەرگەی تەنگەی هورمز دەکاتەوە و نە دەگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.



