رووداو دیجیتاڵ
سعودیە بە خێرایی کارەکانی بۆریی نەوتی ستراتیژیی رۆژهەڵات-رۆژئاوای گەیاندەوە زیاتر لە 80%ی تەواوی تواناکەی.
رۆژی هەینی، 2ی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی بلومبێرگ لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کۆمپانیای وزەی سعودیە (ئارامکۆ) رۆژانە نزیکەی شەش ملیۆن بەرمیل نەوت بەو هێڵەدا هەناردە دەکات کە توانای گشتیی گواستنەوەی حەوت ملیۆن بەرمیلی لە رۆژێکدا هەیە. ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە بەراورد بە سەرەتای ئەم هەفتەیە، کاتێک بۆرییەکە تەنیا بە نیوەی تواناکەی کاری دەکرد.
بە پێی راپۆرتەکە، دوای دابینکردنی پێداویستییەکانی پاڵاوتنی نێوخۆیی لە کەناراوەکانی دەریای سوور، ئێستا ئارامکۆ رۆژانە نزیکەی 4.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە وێستگە و بەندەرەکانی رۆژئاوای وڵاتەکەیەوە بۆ هەناردەکردن بەردەستە، کە ئەمە بەرزترین ئاستە لەو رێگەیەوە لە چەند هەفتەی رابردوودا.
ئەم دەستپێکردنەوە خێرایە، ستراتیژیی سعودیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پچڕانی هێڵەکانی دابینکردنی وزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیشان دەدات، بە جۆرێک کە رێگەی پێدەدات رێڕەوە دەریاییە پڕمەترسییەکان تێپەڕێنێت و پشتیان پێ نەبەستێت.
بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا؛ جێگرەوەی تەنگەی هورمز
بۆریی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوا وەک شاڕێگەی سەرەکیی جێگرەوە بۆ سعودیە دادەنرێ تاوەکو خۆی لە مەترسییەکانی تەنگەی هورمز بەدوور بگرێ؛ ئەو رێڕەوە ئاوییە هەستیارەی لە کاتی جەنگی ئێراندا رووبەڕووی بەرزترین ئاستی مەترسی بووەتەوە.
لە سەرەتای ئەم ساڵدا ئەم هێڵە وای لە ریاز کرد بتوانێت رۆژانە نزیکەی 4 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی دەریای سوورەوە هەناردە بکات، هەرچەندە سەلامەتیی ئەم رێڕەوە وشکانییەش دوای هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی مانگی رابردوو کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستەی کران و بوونەهۆی راگرتنی کاتیی کارەکانی بۆرییەکە، بە لەرزۆکی مایەوە.
لە وەڵامی ئەو داخستنە کاتییەدا، سعودیە بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ دابینکردنی وزە، بە شێوەیەکی کاتی بڕێکی زۆر لە نەوتەکەی ئاراستەی تەنگەی هورمز کرد. ئێستاش بە چالاککردنەوەی بارکردنی نەوت لە بەندەری یەنبوع لەسەر دەریای سوور هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیی هەناردەکردن لە رێگەی کەنداوەوە، مەزەندە دەکرێ کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی خاوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە خێرایی لە ئاستی پێش دەستپێکردنی جەنگ نزیک دەبێتەوە.
دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار 100 دۆلار
ئەم خستنەڕووە لەناکاو و خێرایەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، گوشاری خستە سەر نرخە نێودەوڵەتییەکان و رۆژی هەینی نرخی نەوتی برێنتی بۆ خوار 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزاند.
هاوکات بازرگانانی کەرتی وزە لە نزیکەوە چاودێریی ئەم بووژانەوەیەی هەناردە دەکەن لە بەرامبەر ئەگەری زیادبوونی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان، بەتایبەتی لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەشتییەکی دیکەی فڕۆکەهەڵگر و هێزی سەربازیی زیاتری رەوانەی ناوچەکە کردووە.
هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر سعودیە
رۆژی هەینی، 11ی ئەیلوولی 2026، میدیای فەرمیی سعودیە بڵاویکردەوە: "وەک هەنگاوێکی پێشوەختە و رێکارێکی سەلامەتی، بۆری نەوتی رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوامان داخست"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە رۆژی پێنجشەممە هێرش کرایە سەر بۆرییەکە لە ناوچەکانی ریاز و مەدینە".
بۆری رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوای سعودیە نەوت لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتەوە دەگوازێتەوە بۆ رۆژئاوای وڵاتەکە. بۆرییەکە لە ساڵی 1980ەوە دەست بە دروستکردنی کرا و ساڵی 1981 تەواو بوو. سعودیە دەتوانێت رۆژانە حەوت ملیۆن بەرمیل نەوت بەو بۆریەدا بگوازێتەوە و بە هەنگاوێکی ئەو وڵاتە دادەنرێ بۆ هەناردەکردنی نەوت بەبێ تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا.
بە گوێرەی میدیای فەرمیی سعودیە، ئەم هەنگاوەی داخستنی بۆرییەکە بۆ رێگری بوو لە هەر ئەگەرێکی بەئامانجگرتنی، لە کاتێکدا نەوتی پێدا هەناردەبکرێ و ببێتەهۆی دروستبوونی تەقینەوەی گەورە.
دوای هێرشەکە، سعودیە پلانی بۆ هێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق دانا، بەڵام بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە، لەسەر پێشنیازی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پلانەکەیان پاشگەزبوونەوە.

