رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی، شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بووە گۆڕەپانی خۆپێشاندانێکی تووند کە تێیدا گرژیی نێوان پێکهاتەکان گەیشتە لووتکە. دەیان کەس لە دانیشتووانی گەڕەکی غوێران و ناوچەکانی دەوروبەری رژانە شەقامەکان و داوایان کرد حکومەتی راگوزەری سووریا بە تەواوی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو ناوچەکانی پارێزگاکەدا بسەپێنێت.
پێش دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکە، هێزە ئەمنییەکان لە شەقامە سەرەکییەکان و دەوروبەری گەڕەکی غوێران بڵاوەیان پێکرا. بەڵام کاتێک خۆپێشاندەران گەیشتنە گۆڕەپانی (ئاشتی) لە ناوەڕاستی شارەکە، ژمارەیەک لە بەشداربووان ئاڵای حیزبێکی کوردییان سووتاند و ئەم رەفتارە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
هاوکات لە شارەکانی رەققە و سەرێ کانی، گردبوونەوەی هاوشێوە بۆ پشتیوانی لە داواکارییەکانی خۆپێشاندەرانی حەسەکە ئەنجام دران.
ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە) لە ناو دانوستاندنــێکی چڕدان بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو رێککەوتنەی لە 29ی کانوونی دووەمی 2026 واژۆ کراوە.
ئامانجی ئەم رێککەوتنە تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی، سەربازی و ئەمنییەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەرە لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی راگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا بەردەوام چاودێریی ئەو بانگەوازانەیان کردووە کە داوای ئەم خۆپێشاندانانەیان دەکرد، کە هەندێکیان گوتاری تانەوتەشەر و هاندانیان دژی کورد تێدابووە.
.jpg&w=3840&q=75)

